ئامادەکردنی بەشی فەرهەنگی ئاژانس
بە چاوپۆشین لە گفتوگۆی دووروودرێژی پرسیاری ئەوەی ئاخۆ جیاکردنەوەی ئەدەبیاتی گەنج و پیر، نەوەی کۆن و نوێ درووستە یان نا، بەڵام میللەتان، نەوە دوای نەوە نووسەر بەرهەم دەهێنن، ئەم نووسەرانە وەک چۆن لە بیرکردنەوە و نووسینیاندا جیاوازن، ئاواش قۆناغەکانی نووسینیان جیاوازە.
بەشی فەرهەنگی ئاژانس لە تەوەرەیەکی تایبەتدا بەشێک لە چیرۆکنووسە گەنجەکان لەسەر پرسی شووناس، خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانیان و خاڵە جیاکەرەوەکانیان لە نەوەی پێش خۆیان سەبارەت بە ״چیرۆک״ دەدوێنێت. لەم گفتوگۆیەدا، کاروان محەمەد فەتاح، لێکۆڵەر و چیرۆکنووس، وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
ئاژانس: چۆن دەتوانین خەسڵەتەکانی چیرۆکی ئەم نەوە نوێیە دیاری بکەین، ئایا ئەم نەوەیە گەیشتوونە شوێنێک لە چیرۆکنووسین کە توانیبێتیان بە هەندێ خەسڵەتی گشتیی هاوبەش بناسرێنەوە؟
کاروان محەمەد فەتاح: لە ڕاستیدا چیرۆک بە گشتى لەم ناوچەیەدا مێژوویەکى کورتى هەیە، دەتوانین بڵێین لە سەرەتادایە، لەبەر ئەوە دیاریکردنی خەسڵەت کارێکی هێند ئاسان نییە نەوەیەکی بە تایبەت لە ژانرێکی سەخت و گرنگی وەک چیرۆکدا، پێ هەڵبسەنگێنیت، بەڵام هەندێک نیشانە و ئاماژەی سەرەتایی هەن تا ڕادەیەک دەتوانێت یارمەتیمان بدات بۆ ناسینەوەی خەسڵەتی چیرۆکى چیرۆکنووسانی نوێ لە هیی پێش خۆیان، چیرۆکى چیرۆکنووسانى نوێ بە گشتی کار لەسەر بابەتە کەسییەکان دەکەن، خەونەکانیان، خەمەکانیان، ئازار و نیگەرانى و دیاردە دەروونییە تایبەتەکانى کارەکتەر زەق دەکەنەوە. یەکێکى تر لە خەسڵەتەکانى چیرۆکى نوێ، بە بابەتکردنى شتە ورد و بچووکەکانە، ئەو شتانەى، کە چیرۆکنووسانی پێش ئەم نەوەیە بایەخێکی ئەوتۆیان پێ نەداون و وەکو بابەت تەماشایان نەکردبێتن.
ئاژانس چیرۆکی کوردیی ئێستا لە دیوە باو و کلاسیکییەکەی وەڕسووڕاوە، تەکنیکی گێڕانەوەی چیرۆک، زمان، خەیاڵ و بابەت گەشەی سەندووە؟
کاروان محەمەد فەتاح: دەتوانین بڵێین لەگەڵ درووستبوونى تەکنەلۆژیاى نانۆ، زۆربوونی هۆکارەکانی پێشکەوتن و فراوانبوونی جیهان، عەقڵ و زانست هاتە ناو هەموو بوارەکانەوە، ئەدەب، بە تایبەت چیرۆک بەشى خۆى سوودى لەم سەردەمە وەرگرت. بە گشتى چیرۆکى نوێ بەرهەمى عەقڵ و زانستە، بە بێ ئەوەى لایەنە هونەرییەکەى فەرامۆش بکات. کاتێک چیرۆکێکی کوردیی ساڵانی حەفتا و هەشتاکان دەخوێنینەوە، لەگەڵ هیی ساڵانی نەوەدەکان، چیرۆکی ساڵانی نەوەدەکان لەگەڵ هیی ئێستا، ناتوانین هەست بە جیاوازیی چ لە ڕووى بابەت و چ لە ڕووى زمان و تەکنیک و گێڕانەوەوە نەکەین. چیرۆک لە زۆربەی لایەنەکانەوە گۆڕانکاریی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە و ئەم گۆڕانکارییەیش جێى دڵخۆشی و ئومێدە.
ئاژانس: تۆ وەک چیرۆکنووسێک، لە نووسینی چیرۆکدا چ شتێک زیاتر ڕاتدەکێشێت و بایەخی پێ دەدەیت، تەکنیک، زمان یان بابەتی چیرۆکەکەت، بێگومان کە هەموویان ڕەگەزی گرنگن، بەڵام زیاتر لە ڕووە تەکنیکییەکەوە لە چیرۆک دەڕوانیت یان وەک بابەت و کەرەستە؟
کاروان محەمەد: بێگومان چیرۆک بە هەموو ڕەگەزەکانییەوە چیرۆکە، بەڵام دەتوانم ڕاستەوخۆ پێت بڵێم ئەوەی زیاتر من ڕادەکێشێت چ لە نووسینی چیرۆک و چ لە خوێندنەوەیدا، تەکنیکە. گرنگ نییە چی دەگێڕیتەوە، گرنگە چۆن دەیگێڕیتەوە. هەمیشە بابەتەکان دووبارەن، ئەوەى دووبارەیی بابەت بیرى خوێنەر دەباتەوە، تەکنیک و چۆنێتیی گێڕانەوە و بەکارهێنانى زمانى جیاوازى گێڕانەوەیە. ‹جەیمس جۆیس› دەڵێت: ״دەتوانین بە پێنج ملیۆن ڕێگەی جیاواز یەک بابەت بگێڕینەوە.״ ئەگەر تۆى ئازیز و من پیاسەیەک بەناو شەقامێکى گشتیدا بکەین، چاومان دەچێتە سەر زۆر شت، دیمەنەکان سەرنجمان ڕادەکێشن، پیاوێکى پیر دەبینین لەسەر زەوییەکە ڕاکشاوە و خۆر پێستى سووتاندووە، ژنێک سەوزە دەفرۆشێت و پیاوێکى تر بنێشت و تەسبیح، شەپۆلى خەڵک بەرەوڕوومان دێن و دەچن، یەکێک دڵتەنگ دیارە، یەکێکى تر دڵخۆش، دایکێک زللەیەک لە منداڵەکەى دەدات، داواى پایسکیلی لێ کردووە و ئەم پارەى پێ نەبووە بۆى بکڕێت… زۆر ڕووداوى بچووکى تر. کاتێک من و تۆ ئەم چیرۆکانە دەگێڕینەوە، هەر یەکێکمان بە تەکنیک و زمانى تایبەت بە خۆمان دەیگێڕینەوە. گێڕانەوەی بابەت و واقیعێک بە زمانی مێژوو، دەبێتە بابەتی مێژوو، چیرۆک گێڕانەوەی هونەرییانەی مێژووە بە ڕێگەیەکی جیاوازی دوور لەو واقیعە مێژوویییە.
ئاژانس: ئەگەر چیرۆکنووس و چیرۆکێک پێشنیار بکەیت دوای ئەم چاوپێکەوتنە خوێنەران بیخوێننەوە، کام چیرۆکنووس و چ چیرۆکێکە؟
کاروان محەمەد فەتاح: بە دروستیی نازانم مەبەستی بەڕێزت چیرۆکنووس و چیرۆکی بیانییە، یاخود هیی خۆماڵی، بەڵام من وا وەری دەگرم مەبەستت خۆماڵی بێت. ڕاستییەکەی ڕەنگە نەتوانم لێرەدا پێشنیاری ناوی چیرۆکنووسێک و چیرۆکێکی بکەم، چونکە خوێندنەوە چێژە، چیژی من و یەکێکى تر جیاوازە. لەگەڵ ئەوەیشدا من گەشبینم، دڵخۆشم، چونکە لە زەمەنی مندا چەند چیرۆکنووسێکی جیددی و جوان هەن و بە چێژەوە چیرۆکەکانیان دەخوێنمەوە، چیرۆکەکانی ‹سیروان کەریم، بەختیار حەمەسوور، ئارام محەمەد، فەرهاد چۆمانی و چەند چیرۆکنووسێکی تریش.› سەرنجم ڕادەکێشن و چێژیان لێ وەردەگرم.
ئاژانس: سەبارەت بە جیاوازیی ئەم نەوە چیرۆکنووسە نوێیە لەگەڵ نەوەی پێشوو چ قسەیەکت هەیە، ئەگەر بە کورتییش بێت دەتوانی چەند جیاوازییەکی بنەڕەتی و زەق بۆ ئێمە شی بکەیتەوە؟
کاروان محەمەد فەتاح: ڕاستییەکەی ئەگەر بەڕێزت چیرۆکنووس بیت و من ئەم پرسیارەت ڕووبەڕوو بکەمەوە، بە بێ گومان دەڵێیت کارێکی قورسە جیاکاری بکەم، بەڵام هەندێ ئاماژە هەن دەتوانرێ جیا بکرێنەوە. ڕەنگە لە ڕووی ناوەڕۆک و بابەتەوە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبێت، تەنیا لە ڕووی گێڕانەوە و تەکنیکەوە هەست بە جیاوازی دەکرێ. چیرۆکنووسانی پێش ئەم نەوەیە لە چیرۆکەکانیاندا بە شێوەیەکی گشتی زیاتر گرنگییان بە بابەت دەدا، گرنگ نەبوو چۆن دەیگێڕنەوە، بۆیان گرنگ بووە چى دەگێڕنەوە و لەسەر چی دەنووین. نەوەی ئێستا زیاتر گرنگی بە تەکنیکی گێڕانەوە دەدەن. چیرۆکنووسانی پێشتر لە وەسفدا زۆر ڕۆ دەچوون و هەندێ جار لە چیرۆکەوە دەبووە پەخشان. چیرۆکنووسانی ئەم نەوەیە نیشان دەدەن، کورت، ورد و چڕ نیشان دەدەن. چیرۆکنووسانی پێش ئەم نەوەیە لە کاتی ڕوودانێکدا ڕوودانەکەیان زەق دەکردەوە، بێ کاردانەوەی کارەکتەر، چیرۆکنووسانی ئەم نەوەیە، ڕوانینی کارەکتەرەکەیان بۆ ڕووداوەکە لا گرنگە. چیرۆکنووسانى پێش ئەم نەوەیە خەیاڵیان زۆر بە کار دەهێنا، بەڕادەیەک هەندێ جار هەست دەکەى بابەتێکى ئەفسانەیى دەخوێنیتەوە. چیرۆکنووسانى ئەم نەوەیە کەمتر خەیاڵ بە کار دەهێنن. سارد و واقیعی وێنەکان پێشان دەدەن، بە بێ ئەوەى لە چێژى چیرۆکەکە کەم ببێتەوە.
کاروان محهمهد فهتاح
ـ هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زمانی کوردیی کۆلێژی
پەروەردەی بنیات لە زانکۆی سەڵاحەدین.
ـ لە ساڵی (٢٠٠٩)ـەوە چیرۆک و گوتاری ئەدەبی و ڕەخنەیی لە ماڵپەڕ، ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەدەبیی و کولتوورییەکاندا بڵاو دەکاتەوە.