ڕوسیا داوای کردووە سوپای بەشار ئەسەد بچێتە عەفرین بەڵام کورد ڕەتی کردووەتەوە
ئاژانس
کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێککەوتنێکی سەربازیی لەگەڵ ڕوسیا واژۆ کردووە و بڕیار وایە ڕوسیا عەفرین و شەهبا لە مەترسیی تورکیا بپارێزێت، لە بەرانبەردا ڕوسیا داوای لە کورد کردووە سوپای بەشار بێتە ئەو ناوچانە بەڵام کورد ڕازی نەبووە، شارەزایانیش دەڵێن ڕوسیا جێگەی متمانە نییە.
كۆتایی مانگی ئابی ڕابردوو هێزەكانی پاراستنی گەل ״یەپەگە״ كە هێزی سەربازیی فەرمیی ئیدارەی ڕۆژئاوای كوردستانە ڕێككەوتنێكی نوێی لەگەڵ هێزەكانی ڕوسیا لەناو سوریادا ئەنجام دا، بە پێی ڕێككەوتنەكەی ئەو دوو لایەنە ڕوسیا بنكەیەكی سەربازی لە نێوان كانتۆنی عەفرین و هەرێمی شەهبادا درووست دەكات كە ئەركی ئەو سوپایەی ڕوسیا لەو بنكە سەربازییە دابینكردنی ئارامی و پاراستنی كانتۆنی عەفرین و ناوچەكانی سەر بە هەرێمی شەهبایە لە دەست گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا و سوپای ئەو وڵاتە.
جیهان سەیدا فەرماندەی هێزەكانی یەپەگە لە عەفرین بە ״ئاژانس״ی وت: ״ڕێككەوتنەكەمان لەگەڵ ڕوسیا بۆ پاراستنی كانتۆنی عەفرین و هەرێمی شەهبایە لەو هێرش و پەلامارانەی چەتەكانی سەر بە دەوڵەتی تورك و سوپای تورك دەیكەنە سەر ئەو ناوچانە״.
ڕێككەوتنەكەمان لەگەڵ ڕوسیا كاریگەریی لەسەر ڕێككەوتنەكانیان لەگەڵ ئەمەریكا نابێت، چونكە ئەمەریكا لەو ڕێككەوتنەی یەپەگە و ڕوسیا ئاگادارە. جیهان سەیدا وای وت.
هێزەكانی ڕوسیا لە ناوچەیەكی سەر بە شارۆچكەی (تەل ڕەفعت) جێگیر دەبن، پێشتر شەڕڤانان ئەو شارۆچكەیان كۆنتڕۆڵ كردبووەوە كە بە دەست بەرەی نوسڕە و بەرەی شامەوە بوو كە دوو گرووپی چەكداریی توندڕەوی سەر بە توركیان.
هەرچەندە تاكو ئێستا نازانرێت كە ئەو بنكە سەربازییەی ڕوسیا دەبێتە بنكەیەكی سەربازیی هەمیشەیی ئەو وڵاتە لە سوریا، چونكە ئەو گەورەترین بنكەی سەربازیی خۆی لە حەلەب هەیە.
نەسرین عەبدوڵڵا، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان ״یەپەژە״ بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״ڕوسیا و یەپەگە لەسەر ئەوە ڕێك كەوتن كە ڕوسیا بنكەیەكی سەربازی لە عەفرین بكاتەوە تاكو ڕێگە بگیرێت لە پلانی دەوڵەتی تورك كە دەیویست عەفرین داگیر بكات، ئەم ڕێكکەوتنەش دەتوانێت تا ڕادەیەك دەوڵەتی تورك بوەستێنێت״.
لە ماوەی 8 مانگی ڕابردوودا سوپای توركیا و گرووپەكانی سەر بەو وڵاتە كە خۆی دەبینێتەوە لە بەشێك لە ئۆپۆزسیۆنی چەكداریی سوریا و گرووپی فەتحولشام و چەند گرووپێكی تری عەرەبی هێرشی چڕ دەكەنە سەر كانۆتنی عەفرین و ناوچەكانی شەهبا، جگە لەوەش توركیا سنووری باكوری سوریای بەزاندووە و نزیكەی چەندین كیلۆمەتر لە دیوی عەفرینەوە دیواری درووست كردووە.
فەرماندەكەی یەپەژە كە هێزەكەی بەشێكە لە هێزەكانی یەپەگە ئاماژە بەوە دەكات ئەم ڕێككەوتنە لە بەرانبەر پێدانی هیچ شتێك نەبووە بە ڕوسیا، بەڵكو بە وتەی ئەو توركیا دەیەوێت قەیرانێكی تر لە سوریا درووست بكات و گرووپەكانی سەر بە خۆی لەو ناوچەیە جێگیر بكات، بۆیە ئەو پێی وایە كە ڕوسیا ئەو هەنگاوەی توركیا بە مەترسی دەزانێت بۆ داهاتووی سوریا بۆیە ئەویش ڕێككەوتنی لەگەڵ یەپەگە كردووە.
پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەوەی بڵاو كردەوە كە ڕێككەوتنەكەی یەپەگە لەگەڵ ڕوسیا لە بەرانبەر ئەوە بووە كە سوپای بەشار ئەسەد بچێتە ناوچەكانی شەهبا و عەفرین، بەڵام بەرپرسانی کورد لە ڕۆژئاوا ئەو زانیارییانە بە ناڕاست لە قەڵەم دەدەن.
جەعفەر سلێمانی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كانتۆنی عەفرین بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״بە هیچ شێوەیەك ئەو هەواڵانە ڕاست نین، ئێمە ڕێگە نادەین سوپای ڕژێمی بەشار ئەسەد بێتە عەفرین، چونكە ئەو ناوچانە خاكی كوردە و بە خوێن ڕزگار كراون.״
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كانتۆنی عەفرین ئاشكرای دەكات كە ڕوسیا داوای ئەوەی كردووە، بەڵام ئەوان ڕەتیان كردووەتەوە و ڕوسیاش تێگەیشتنی هەبووە بۆ نیگەرانییەكەیان و قبووڵی كردووە.
لە ئێستادا توركیا جەرابلووس و بابی بە دەستەوەیە و لە كانتۆنی عەفرینیش زۆر چووەتە ناوەوە و خاكی داگیر كردووە، هاوكات بەردەوامیش بۆردومانی ئەو ناوچانە دەكات، بۆیە یەپەگە بە ڕێككەوتنێك لەگەڵ ڕوسیا دەیەوێت ڕووبەڕووی مەترسییەكانی توركیا ببێتەوە بۆ سەر كانتۆنی عەفرین.
مەسعود بەشار، شارەزا لە كاروباری ڕوسیا پێی وایە، ڕوسیا جێگای متمانە نییە و دوور نییە كورد بە توركیا بفرۆشێت، هاوكات ئاماژە بەوەش دەكات خاڵی گەشبین ئەوەیە كە لە ئێستادا كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان پشتی تەواوەتیی بە ڕوسیا نەبەستووە.
مەسعود بەشار بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״لە سەرەتادا ڕوسیا هەوڵی دا كورد لە سوریا بخاتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیەوە تا وەك فشارێك بەرامبەر به ئەمەریكا بەكاری بهێنێت، بەڵام كورد ستراتیژی هێڵی سێیەمی گرت و نەچووە ژێر كۆنتڕۆڵی هیچیانەوە.״