״تورکیا سنووردار دەکات بۆ کەمکردنەوەی تووندوتیژییەکانی بەرامبەر کورد״
ئاژانس
بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا بۆ کورد بووەتە دەرفەتێک و داوای قۆستنەوەی دەکرێت لە لایەن کوردەوە، چونکە بەو بڕیارە تورکیا سنووردار دەکرێت لە لەشکرکێشییەکانی و ئەو کۆمەڵکوژییانەی بەرامبەر کورد دەیکات.
ڕۆژى ١٢ى ئەم مانگە ئەنجوومەنى پیرانى ئەمەریكا پڕۆژەیاسای بەجینۆسایدناساندنی ئەرمەنەكانی پەسەند كرد و ئەم بڕیارەش گۆڕانکارییەکى نوێ لە ناوخۆ و دەرەوەى تورکیا درووست دەکات.
کورد وەک یەکەم نەتەوەى ستەملێکراوى تورکیا، کە چەندین کۆمەڵکوژیی بەرامبەر کراوە بە پەسندکردنى یاساى بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان خۆشحاڵە و ئەمە وەک دەرفەتێک دەبینێت بۆ بەجینۆسایدناساندنى ئەو تاوانانەى بەرامبەر کورد کراون لە تورکیادا کە لە سەردەمى عوسمانییەکانەوە تا ئیستاش بەردەوامە.
لە یەکەم کاردانەوەدا، مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەى گشتیی هێزەکانى سوریاى دیموکرات ״هەسەدە״ لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ڕایگەیاند، ״بڕیارى پەسەندکردنى بەجینۆسایدناساندنى کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان ڕێگر دەبێت لە کۆمەڵکوژیی دژى گەلى کورد لە لایەن تورکیاوە و هێرشەکانى ئەو وڵاتەش بۆ سەر ڕۆژئاوا سنووردار دەکات״.
کۆبانى ئاماژەى بەوەش کرد، پەسەندکردنی بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لە لایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە، نامەیەکی ڕوونە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە سەدەی 21دا چیتر ڕێگە نادرێت بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و ڕێگر دەبێت لە بەردەم تورکیا بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد.
لە بەرامبەر بڕیارەکەى ئەنجوومەنى پیرانى ئەمەریکا، سەرجەم فراکسیۆنەکانى ناو پەرلەمانى تورکیا جگە لە هەدەپە پڕۆژەیەکیان بۆ ئیدانەکردن و ڕەتکردنەوەى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى پیران ئامادە کرد، بەڵام هەدەپە ڕەتی کردەوە دەنگ بەو پڕۆژەیە بدات و ڕایگەیاند، تاوانەکانى ڕابردوو، کە بەرامبەر گەلانى تورکیا کراون ناشاردرێنەوە و پەردەپۆش ناکرێن.
حەمید جیهان یەڵدرم، ئەندامى ئەنجوومەنى پەیوەندییەکانى هەدەپە دەڵێت، کۆمەڵکوژیى ئەرمەنەکان و کوردەکان بە بەرچاوى جیهان و هاوپەیمانانى ئەو کاتەوە کراوە و لە مێژوودا تۆمار کراوە، بۆیە پێی وایە ترسى تورکیا لە ناساندنى ئەو کۆمەڵکوژییە نییە، بەڵکوو ترسى لە کاریگەرییەکانى ئەو ناساندنە هەیە.
یەڵدرم بە ״ئاژانس״ى وت: ״هەموو مرۆڤایەتى بە کوردیشەوە خۆشحاڵە بەوەى خاوەن ماف مافى خۆى وەرگرێتەوە، ئەمڕۆ ئەرمەنەکان مافى خۆیان وەرگرتەوە، ئەوەش هاندەرێکە بۆ گەلى کورد کار لەسەر سەندنەوەى مافەکانى خۆى بکات و دەرفەتێکی باش بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە.״
تا ئێستا ٣٠ وڵات و ڕێکخراوى جیهانی ئەو کۆمەڵکوژییەیان بە جینۆساید ناساندووە، کە بریتین لە: نەتەوەیەکگرتووەکان، پەرلەمانی ئەورووپا، ئەنجوومەنی ئەورووپا، ئەنجوومەنی کەنیسەی جیهانی و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ڤاتیکان، لەم مانگەشدا ئەمەریکا، هەروەها لەسەر ئاستی کەسایەتییەکانی جیهانیش لە ساڵی 2007دا 35 کەسایەتیی براوەی خەڵاتی نۆبڵ پێکەوە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان بەجینۆساید ناساند.
ئەرمەنەکان لە ٢٤ى تەموزى ساڵى ١٩١٥ بە پێى دەستوورى عوسمانى و بە سەرپەرشتیی محەمەد تەڵعەت پاشا، سەرۆکوەزیرانى دەوڵەتى عوسمانى ٣٠٠ کەس لە سەرکردە و ڕۆشنبیر و کەسایەتیى ئایینى و کۆمەڵایەتى و ناودارانى ئەرمەنى لە یەک کاتدا کۆمەڵکوژ کران و دواتریش بە کۆمەڵکوشتنى نزیکەى دوو هەزار و ٢٠٠ کەسى مەدەنى لە ژن و پیاو و گەنج و منداڵ جینۆساید کران، کە بە کۆى گشتى دوو هەزار و ٥٠٠ کەس لە ئەرمەنییەکان کۆمەڵکوژ کران.
عەلى یاڵچین، پارێزەر و شارەزای یاسای نێودەوڵەتى لە ناو هەدەپەدا ئاماژە بەوە دەکات، بەجینۆناساندنى ئەرمەنییەکان لە لایەن ئەنجوومەنى پیرانەوە کاریگەریى زۆر گرنگى بۆ کورد هەیە و دەتوانرێت کورد دەستەیەکى یاسایی و دیبلۆماسى دابنێت بۆ ئەوەى کار لەسەر دۆسیەکانى خۆى بکات.
ئەو پارێزەرە بە ״ئاژانس״ى وت: ״دوای ئەو بڕیارە زیاتر گوێ لە کورد دەگیرێت لە دونیادا سەبارەت بەو ئازارانەی بە دەست تورکیاوە تووشی دەبێت.״