پارتی بۆ یەکێتیی: بەبێ ئێوەش ڕیفراندۆم دەکەین
ئاژانس
لە کۆبوونەوەى سەرەتاى ئەم هەفتەیەى نێوانیان پارتى بە یەکێتیى ڕاگەیاندووە کە بەبێ ئەوانیش ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەن، ئەوەش بە وتەى ئەندامێکى سەرکردایەتیى پارتى.
ئەو هەڵوێستەى پارتى لە کاتێکدایە کە ناکۆکیى نێوان پارتى و لایەنەکانى تر لەسەر پرسی کاراکردنەوەى پەرلەمانە بەر لە ئەنجامدانى ڕیفراندۆم، وتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو هەنگاوە پێویستى بە پەرلەمان و یاسایە.
عەلى عەونى، ئەندامى سەرکردایەتیى پارتى بە ״ئاژانس״ی وت: ״پارتى بە تەنیاش بێت ڕیفراندۆم ئەنجام دەدات، ئەمەشمان بە برادەرانى یەکێتیى وتووە لە کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسیى هەردوولادا״.
عەلی عەونی وتیشی: ״سازدانى ڕاپرسى لە زامنى کارەکانى کۆمیسیۆندایە، پەیوەندیى بە پەرلەمانی کوردستان و کاراکردنەوەیەوە نییە״.
هاوکات ڕزگار عەلی ئەندامى مەکتەبی سیاسیى یەکێتیى لە چاوپێکەوتنێکى ״ئاژانس״دا کە لە لاپەرە (سێ)دا بڵاو کراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات کە لەسەر شێوازى کاراکردنەوەى پەرلەماندا لەگەڵ پارتى هاوڕا نین و دەشڵێت: ״هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان نوێنەری خۆیان دیاری کردووە بۆ کۆمیتەى ڕیفراندۆم و هەندێک لایەنیش وەڵامیان نەداوەتەوە، یەکێتیی لەگەڵ ئەوەیە هەموو لایەنەکان تێیدا بەشدار بن بە تایبەت گۆڕان ״.
ناکۆکیى نێوان لایەنەکان سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم لە کاتێکدایە کە ئەگەر ئەو پرسە تا 10 ڕۆژى تر بۆ کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان یەکلا نەکرێتەوە ناتوانێت ڕیفراندۆم لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمدا ئەنجام بدات.
لە ڕاپۆرتێکدا کە لە لاپەڕە (چوار)دا بڵاو کراوەتەوە، شیروان زرار، وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسیی هەرێم بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״زەروورە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و یاسایەک دەربکات کە یاسای ڕیفراندۆمە بۆ ئەوەی لەژێر وردەکاریی ئەو یاسایە کۆمیسیۆن ئیجرائاتەکانی خۆی ئەنجام بدات، گرفتمان بۆ درووست دەبێت ئەگەر یاسا دەرنەچێت״.