نزیکەی ١٢ ملیۆن دۆلار بە ئامێری کارەبایی دەدرێت
ئاژانس – ئیمان زەندی
ساڵانە 320 تۆن ئامێر و كەلوپەلی كارەبایی كۆنە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەڵام لەبەر گرانیی نرخەكانیان ناتوانێت کێبڕکێی كەلوپەلی كارەبایی نوێ بكات، بۆیە هاووڵاتییان ڕوو لە كەرەستەی نوێ دەكەن، بە پێی ئەو ئامارەی ״ئاژانس״ دەستی كەوتووە لە نێوان دوو گەورەترین كۆمپانیای كارەبایی تازە و كۆن لە كوردستان بە دوو ساڵ ٣٢٠ تۆن كەلوپەلی كارەبایی كۆنە هەناردە كراوە بە بەهای ٧٢٠ هەزار دۆلار، لە بەرامبەردا بەهای كەلوپەلی كارەبایی تازە بۆ دوو ساڵ ١١ ملیۆن دۆلار بووە.
پشتیوان یەعقوب، فرۆشیاری كەلوپەلی كارەبایی بالەیە كە لە ساڵی ٢٠٠٢ـەوە لە سلێمانی كاری بالە دەكات و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ڕیكلام بۆ كەرەستەكانی دەكات، ئەو بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە بازاڕی ئەورووپا چەند ماركێتێك هەن ناویان كۆگای لیدڵ و ئاڵدە، لەوێ بارێكی ئامادەكراوی هەمەجۆرە دەكڕین و ڕاستەوخۆ دەیهێنین بۆ سلێمانی״.
״زیاتر بابەتی بیناسازی و ئامێری باخداری و مەتبەخە دەهێنین و نرخەكەیان لە ١٥ دۆلارەوە دەست پێ دەكات تا هەزار دۆلار و زیاتریش، زیاتر لە دوو هەزار جۆر پارچەی جیاوازمان هەیە بە پێی قەبارەیان نرخیان دەگۆڕێ،״ ئەو فرۆشیارە وای وت.
زۆرترین كڕیار خانمانن، كە گرنگی بە كەلوپولی چێشتخانە دەدەن، بەڵام زۆرترین كەلوپەل لە ماڵەكان بوونیان هەبێت كەلوپەلی كارەبایی تازەیە، چونكە زیاتر ئەو كەلوپەلانە لە كوردستان هەن.
دالیا جەمال، خاتوونێكی ماڵە، زۆربەی كەرەستە كارەباییەكانی تازەن و كۆنەش بە كار دەهێنێت بە ״ئاژانس״ی وت: ״هەندێك جار ئامێری كۆنە بە كار دەهێنم، چونكە ماركەیە وجۆرێتییەكەی جیاوازە، بەڵام زۆرتر كەرەستەی تازە دەكڕم و نرخی لە كۆنە هەرزانترە״.
״تەنیا كەرەستەی جوان و دەگمەن لە بالە دەكڕم، نەك هەموو پێداویستییەك״، دالیا وای وت.
پشتیوان یەعقوب، نموونەی هەندێك نرخی كەلوپەلی بۆ ״ئاژانس״ خستە ڕوو، كە جلشۆرێکی 10 كیلۆیی تازە بە ٤٠٠ دۆلارە، بەڵام غەسالەیەكی ١٠ كیلۆیی بالە بە ٩٥٠ بۆ ٩٨٠ دۆلارە.
بە پێی ئەو داتا و ئامارەی ״ئاژانس״ لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم دەستی كەوتووە، هاوردەی كەلوپەلی كارەبایی تازە بۆ ساڵی ٢٠١٧ لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێم بە قەبارەی ١١ ملیۆن و ٨٥ هەزار و ٩١٥ دۆلار بووە، بۆ هەموو عێراق بە قەبارەی پێنج ملیۆن و ٢٧٩ هەزار و ٧٩٧ دۆلار بووە، بۆ ساڵی ٢٠١٨ لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێم بە قەبارەی ١١ ملیۆن و ٩٧ هەزار و ٩٤١ دۆلار بووە، بۆ هەموو عێراق بە قەبارەی چوار ملیۆن و ٩٣٩ هەزار و ٧٣٢ دۆلار بووە.
حازم عەبدوڵڵا، خاوەنی یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیاکان بۆ كەلوپەلی كارەبایی تازە لە گوێڕ لە هەولێر كە نەیویست ناوی كۆمپانیاكەی ئاشكرا بكرێت بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە دەروازە سنوورییەكانی ئیبراهیم خەلیل لەگەڵ زاخۆ، مینا ئەبو قەسر و بەسڕە، كەرەستە هاوردە دەكەین״.
״ كەلوپەلمان لە ژاپۆن و توركیاوە بۆ دێت هەموو جۆرە ئامێرێكی كارەبایی تێدایە، بۆ ساڵی ٢٠١٨ بە بەهای ٦ ملیۆن دۆلار كەلوپەلمان هێناوە، بۆ ساڵی ٢٠١٩ تا مانگی ١٢ بە بەهای پێنج ملیۆن دۆلار بووە، ئێمەش دابەشی هەموو ناوچەكانی هەرێمی دەكەین و بازاڕیش باشە״، حازم وای وت.
بە گوێرەی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێم، لە ساڵی ٢٠١٨دا 5 هەزار و ٢٠٠ تۆن هاوردە كراوە، بۆ ساڵی ٢٠١٩یش 3 هەزار تۆن بالە هاتووەتە هەرێمەوە.
ویسام نامیق، ناوی خوازراوی خاوەنی كۆمپانیایەكی گەورەیە بۆ لەنگە بە ״ئاژانس״ دەڵێت: ״كۆمپانیاكەمان چەندین لقی لە وڵاتان هەیە، هەموو جۆرە بابەتێكی لەنگە بۆ هەموو ناوچەكانی كوردستان دابین دەكەین و لە خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە لەنگەمان بۆ دێت״.
״پار ١٦ كۆنتێنەر كەلوپەلی كارەبایيمان هێناوە، هەر كۆنتێنەری ١٠ تۆن بووە، هەمووی دەكاتە ١٦٠ تۆن بە بەهای ٣٦٠ هەزار دۆلار، باجی حكومیی ١١٦ هەزار دۆلار بووە، لە مەرزی ئیبراهیم خەلیلەوە وەرگیراوە״، ئەو بازرگانە وای وت.
تا ناوەڕاستی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، بە هەمان قەبارەی ساڵی پار، باجی زۆرتر وەرگیراوە كە 162 هەزار و 400 دۆلار بووە.
״باجی حكومی بۆ یەك كۆنتێنەر هەزار دۆلار بووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ تا مانگی ئايار، دوو هەزار و ١٠٠ دۆلارمان دا، بۆ مانگی حوزەيران سێ هەزار دۆلاریان وەرگرتووە، بەڵام بۆ مانگەكانی دواتر گرانتریان كرد لەسەرمان، بۆ یەك كۆنتێنەر چوار هەزار و ٨٨١ دۆلاریان لێ وەرگرتووین، بۆ ١٦ كۆنتێنەرەكە ٤٦ هەزار و ٤٠٠ دۆلار گرانیان كردووە، تا ئەم مانگە باجەكە بخەمڵێنین دەكاتە ٧٢ هەزار و ١٦٢ دۆلار باجی گومرگیی حكومیمان داوە״، ویسام وای وت.