ئاژانس:
بەپێی سایتی ترانسفێر ماركێت، كە سایتێكی بەناوبانگی جیهانییە و كار لەسەر دیوە بارزگانییەكەی تۆپی پێ دەكات، نیمار داسیلڤای بەرازیلی گرانترین یاریزانە كە لەمۆندیالی 2018ی روسیادا یاری دەكات، دوای ئەویش لیۆنێل میسی ئەرجەنتینییە. ئەوەیشی جێگەی سەرنجە محەمەد سەڵاحی میسری لە پلەی سێیەمدایە و پێش چەندین ئەستێرەی گەورە كەوتووە لەسەروو هەمووشیانەوە كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی.
ترانسفێر ماركێت لە دانانی ریزبەندیی گرانترین یاریزانانی مۆندیالدا پشتی بە بازاڕەكانی گواستنەوە بەستووە و بۆ هەر یەكێكیان ئەو بەهایەی دیاریكردووە كە لە بازاڕدا هەیەتی، بۆ ئەمەیش تەمەنی یاریزانەكە و ئاستی ئەو یاریزانە لەم وەرزەدا كراوەتە پێوەری سەرەكیی.
نیمار داسیلڤای بەرازیلی (26 ساڵ)، كە هاوینی رابردوو لەبەرامبەر 22 ملیۆن یۆرۆدا بەرشەلۆنەی بەرەو پاریس سان جێرمان جێهێشت بەهای ئێستای 180 ملیۆن یۆرۆیە، بەمەیش بە گرانترین یاریزان دادەنرێت كە لەمۆندیالدا یاری بكات.
لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی (30 ساڵ) كە تاكە هیوای هاندەرانی تانگۆیە بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیال، بە جیاوازییەكی زۆر كەم لەگەڵ نیمار لەپلەی دووەمدایە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە لیستەكەی ترانسفێر ماركێتدا محەمەد سەڵاحی میسری (25 ساڵ) پلەی سێیەمی داگیركردووە و پێش ئەستێرە گەورەكانی دیكەی ئەوروپا كەوتووە. بەهای محەمەد سەڵاح بە 150 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێنراوە.
پلەی چوارەمیش بە جیاوازییەكی زۆر كەم بۆ هاری كین (24 ساڵ) كاپتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرایە.
دوای ئەوانیش كیڤن دی برۆین (26 ساڵ) ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەلجیكا دێت.
پلەكانی شەشەم و حەوتەمیش بۆ كیلیان ئێمباپێی فەرەنسی (19 ساڵ) و كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالییە (33 ساڵ) و هەریەكەیان بەهاكەیان بە 120 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێنراوە.
ئیدین هازاردی بەلجیكی (27 ساڵ) لەپلەی هەشتەمدا دێت بە 110 ملیۆن یۆرۆ، دیلی ئالی ئینگلیزی (22 ساڵ) نۆیەمە و پلەی دەیەمیش بۆ پاولۆ دیبالای ئەرجەنتینییە (24 ساڵ) كە بەهاكەی بە 100 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێنراوە.