گفتوگۆ: شۆڕش ئه‌نوه‌ر
میوان: د. ئیسماعیل به‌رزنجی
له‌م گفتوگۆیه‌دا دكتۆر ئیسماعیل به‌رزنجى شاره‌زا له فیكرى ئیسلامى قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه پێی وا نییه سه‌له‌فییه‌كان بتوانن هێزى ئیجابى بن له كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نیدا و ئه‌و فۆڕمه سهلهفییهى له ڕۆژگارى ئه‌مڕۆدا ده‌ركه‌وتووه هه‌موو جیاوازییه‌كان ده‌كوژێت و سروشوتى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى تێك ده‌دات، پێشى وایه ده‌كرێ خه‌ڵكانێك سه‌له‌فییانه بژین و دامه‌زراوه و گرووپى تایبه‌ت به خۆیانیان هه‌بێت به مه‌رجى قبووڵكردنى به‌رامبه‌ر و داننان به جیاوازییه‌كاندا و دابه‌شنه‌كردنى كۆمه‌ڵگا و هه‌وڵنه‌دان بۆ سه‌پاندنى بیروبۆچوونى خۆیان به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا، ئاماژه‌ش به‌وه ده‌دات كه سه‌له‌فییه‌ت به‌و فۆڕمانه‌ى ئێستا هه‌ن نه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ مه‌ده‌نییه‌ت به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ڕۆحى تۆلیرانس و جیهانیبوونى ئایینى ئیسلامیشدا ناكۆك و دژه!
ئاژانس: ئایا ده‌شێ كۆمه‌ڵگایه‌كى مه‌ده‌نى هه‌بێت و هێزه سه‌له‌فییه‌كانیش به‌شێكى ئیجابى بن له‌و كۆمه‌ڵگایه؟
دكتۆر ئیسماعیل به‌رزنجى: سه‌ره‌تا پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه چه‌مكى (كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى) ڕه‌هه‌ندێكى فیكریی سیاسیی هه‌یه و جیاوازه له كۆمه‌ڵگا كه زیاتر پێكهاته به‌شه‌رى و سرووشتییهكهیه، هه‌ر پێكه‌وه‌ژیانێكى مرۆڤ له شوێنێكى دیاریكراودا كه خاوه‌نى كولتوور و دابونهریتى تایبه‌ت به خۆیان بن پێكهاتنى كۆمه‌ڵگاى لێ ده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام هه‌رچى چه‌مكى (كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نی)یه ئه‌وا دواى ده‌ركه‌وتنى ده‌وڵه‌تى مۆدێرن و گه‌شه‌ى سیاسیی كۆمه‌ڵگاكان ده‌ركه‌وت به تایبه‌تى دواى تیۆرى (گرێبه‌ستى كۆمه‌ڵایه‌تیى) ڕۆسۆ، هه‌رچه‌ند چه‌مكێكى فره‌ڕه‌هه‌نده و له زۆر لایه‌نه‌وه ده‌كرێ باس بكرێت به‌ڵام به گشتى ده‌توانین بڵێن كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى به‌و بۆشاییه ده‌وترێت كه دامه‌زراوه جیاوازه‌كانى كۆمه‌ڵگا پڕى ده‌كه‌نه‌وه، كه ده‌كه‌وێته نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكه‌وه، دامه‌زراوه‌كانیش جۆراوجۆر و هه‌مه‌چه‌شنن و هه‌ریه‌كه‌یان بۆ مه‌به‌ستێك و بوارێك داده‌مه‌زرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌موویان تێیدا هاوبه‌شن ئه‌وه‌یه كه ئه‌و دامه‌زراوانه به‌شێك نین له هه‌یكه‌ل و پێكهاته‌ى ده‌وڵه‌ت و به ته‌واوى سه‌ربه‌خۆن، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكوو له هه‌وڵى به‌رده‌وامدان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌كانى تاك و گرووپ و تاقمه جیاوازه‌كانى ناو كۆمه‌ڵگا و ململانێى (ئاشتییانه) ده‌كه‌ن له‌و پێناوه‌دا.
ئه‌م پێشه‌كییه گرنگه بۆ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره و پرسیارگه‌لى تریش، چونكه له كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نیدا ڕێگه ده‌درێت به هه‌موو گرووپ و تاقمێك خاوه‌نى هه‌ر بیروبۆچوون و خولیایه‌ك بێت كه دامه‌زراوه‌ى تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێت و له چوارچێوه‌یدا هه‌وڵ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ماف و پێویستییه‌كانیان بده‌ن.
ئاژانس: ئه‌م ڕێگاپێدانه بێمه‌رجه؟
دكتۆر ئیسماعیل به‌رزنجى: مه‌رجى سه‌ره‌كیى بۆ ئه‌و دامه‌زراوانه ئه‌وه‌یه كه خزمه‌ت به كۆمه‌ڵگا بكه‌ن و له چوارچێوه‌ى یاسا كارپێكراوه‌كاندا بن و به‌شێك له كاریان خۆبه‌خشى و خزمه‌تگوزارى بێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت ململانێ و هه‌وڵیان بۆ به‌ده‌ستهێنانى مه‌به‌سته‌كانیان ئاشتییانه و دوور له توندوتیژى بێت و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تى نه‌شێوێنن.
جا له‌م ڕووه‌وه سه‌له‌فییه‌كان یاخود هه‌ر گرووپ و تاقمێكی تر‌ى دینى یان نادینى و لائیك و عه‌لمانییش ئه‌گه‌ر له‌و پێوه‌ر و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ڵسوكه‌وتیان نه‌كرد ئه‌وا ده‌بنه كێشه بۆ كۆمه‌ڵگا، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر زۆر ڕادیكاڵى بوون و بڕوایان به فره‌یی و جیاوازى نه‌بوو به‌ڵكوو ته‌نها ئایدیا و بیروبۆچوونى خۆیان به‌لاوه په‌سه‌ند بوو، هه‌وڵیشیان ده‌دا ئه‌و ئایدیایه گشتگیر بكه‌ن به‌سه‌ر باقى توێژه‌كانى كۆمه‌ڵگادا و له‌و پێناوه‌دا میكانیزمى نایاسایی و توند و خراپیان به‌كار هێنا ئه‌وا ناكرێت ڕۆڵى دامه‌زراوه‌ى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى بگێڕن.
سه‌باره‌ت به پرسیاره‌كه‌ى جه‌نابیشت به تایبه‌تى پێم وا نییه سه‌له‌فییه‌كان بتوانن هێزى ئیجابى بن له كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نیدا.
ئاژانس: بۆچى؟
دكتۆر ئیسماعیل به‌رزنجى: له‌به‌ر زۆر هۆكار كه گرنگترینیان: بڕوابوونى موتڵه‌ق به بیروبۆچوونى خۆیان و هه‌ڵنه‌كردن له‌گه‌ڵ جیاوازییه‌كاندا ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ى نزیكن لێیانه‌وه چ جاى ئه‌و گرووپ و دامه‌زراوانه‌ى پێچه‌وانه‌یانن، هه‌روه‌ها هه‌وڵى سه‌پاندن و گشتگیركردنى ئه‌و بیروبۆچوونه به‌سه‌ر سه‌رتاپاى كۆمه‌ڵگادا به كێشانى هێڵى تۆخى ئیمان و كوفر و لاده‌ر و له‌دینده‌رچوو و… هتد.
ئاژانس: له كوێدا سه‌له‌فییه‌ت ده‌بێته‌وه به گرفت و مه‌ترسى بۆ كۆمه‌ڵگایه‌ك كه بڕیار وا بێت كۆمه‌ڵگایه‌كى مه‌ده‌نى بێت؟
دكتۆر ئیسماعیل به‌رزنجى: هه‌ر له‌و شوێنه‌دا كه سه‌له‌فییه‌كان بڕوایان به‌وه نییه ئه‌وان به‌شێكى بچووك بن له كۆمه‌ڵگادا و به‌ناو حه‌قى ڕه‌ها و ڕاستێتى ته‌واوه قسه ده‌كه‌ن و بوارێك بۆ به‌رامبه‌ر ناهێڵنه‌وه بۆ جیاوازبوون له‌گه‌ڵیاندا، ئه‌مه له كاتێكدایه كه خودى پێغه‌مبه‌ر (دروودى خواى له‌سه‌ر بێت) وای نه‌كردووه، به‌ڵكوو ده‌بینین له دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى مه‌دینه‌دا پهیمانێكى كۆمه‌ڵایه‌تى له نێوان پێكهاته جیاوازه‌كانى شارى مه‌دینه‌دا هێنایه كایه و ماف و ئه‌ركى هه‌موانى دیاری كرد و ڕێگه‌ى به بوونى جووله‌كه و بێباوه‌ڕه‌كانیشدا به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ كه‌س ملكه‌چ بكات بۆ بیروباوه‌ڕ و ئایینه‌كه‌ى خۆى و به زۆره‌ملێ هیچى به‌سه‌ردا نهچهسپاندن، به‌ڵام ئه‌و فۆڕمه سهلهفییهى له ڕۆژگارى ئه‌مڕۆدا ده‌ركه‌وتووه هه‌موو جیاوازییه‌كان ده‌كوژێت و سرووشتى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى تێك ده‌دات، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له ڕهوتهكانیان زاده و به‌رهه‌مى كۆمه‌ڵگایه‌كى دیاری كراون و بۆ له‌وێ بۆ مه‌به‌ستێكى تایبه‌تى ڕه‌واجى پێ ده‌درێت و زۆر ناوچه‌ییه و بۆ شوێنی تر نایخوات.
ئاژانس: ئایا مه‌ده‌نییه‌تیش ده‌بێته گرفت بۆ ژیانێكى سه‌له‌فییانه؟
دكتۆر ئیسماعیل به‌رزنجى: ئه‌مه ده‌وه‌ستێته سه‌ر ئه‌وه‌ى كه چۆن له كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى تێده‌گه‌ین، یاخود ژینگه‌ى له‌بار هه‌یه بۆ پێكهێنانى ژیانى مه‌ده‌نییانه؟ ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیى به سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى هه‌یه كه تا چه‌ند قووڵن له مامه‌ڵه‌ى مه‌ده‌نیانه له‌گه‌ڵ یه‌كترى، ئه‌وه‌ى ده‌بێته گرفت له زۆرێك له كۆمه‌ڵگا گه‌شه‌كردووه‌كاندا ئه‌وه‌یه كه له به‌رامبه‌ردا ڕه‌وت و هێزى ڕادیكاڵى نادینى و لائیكى درووست ده‌بن كه هیچیان كه‌متر نییه له سه‌له‌فییه‌كان و به ناوى لیبڕالییه‌ت و له‌ژێر په‌رده‌ى عه‌لمانییه‌ت و ئازادى و مافى مرۆڤدا هه‌وڵى سڕینه‌وه‌ى به‌رامبه‌ریان ده‌دن و مافى بوون و چالاكییان پێ ناده‌ن، ئه‌مه‌ش خۆى هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر مافى مرۆڤ و ئازادییه‌كان و مه‌ده‌نیبوون، چونكه ئه‌وانیش پێیان وایه كه هه‌موو حهقێكى مرۆڤبوون و ماف و ئازادییه‌كان موڵكى ئه‌وانه و كه‌سی تر بۆی نییه یان ناتوانێت موماره‌سه‌یان بكات و هه‌موو هێزێكى ئایینى به سه‌له‌فى و ناسهلهفییهوه به هه‌ژموونخواز و شموولى و دواكه‌وتوو ئه‌ژمار ده‌كه‌ن.
له دۆخێكى ئاوادا هه‌رگیز كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى نایه‌ته ئاراوه، به‌ڵكوو ده‌بێت سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر جیاوازییه‌كان و ماف و ئه‌ركه‌كانیان ڕێك بكه‌ون و گرێبه‌ستى ئه‌وه بكه‌ن كه وه‌كوو هاووڵاتى یه‌كسانن و هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى مافه‌كانیان بده‌ن و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت له ململانێی داواكردن و لێپێچینه‌وه‌دا بن، نه‌ك له نێوان خۆیاندا ململانێى هه‌ژموون یه‌كترسڕینه‌وه بكه‌ن، چونكه بنه‌ماى سه‌ره‌كى پێكهاتنى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى بریتییه له ڕێكخستنى په‌یوه‌ندیى نێوان ده‌وڵه‌ت و هاووڵاتى به شێوه‌یه‌ك كه شه‌رعییه‌تى ده‌وڵه‌ت له هاووڵاتییانه‌وه بێت و به‌رده‌وام دامه‌زراوه و گرووپه‌كان هه‌وڵى ڕاگرتنى باڵانس بن له نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا، به مه‌رجى ئه‌وه‌ى ئه‌و دامه‌زراوانه سه‌ربه‌خۆ بن و به‌شێك نه‌بن له ده‌سه‌ڵات به‌ڵكوو ڕه‌نگدانه‌وه‌ى چینوتوێژه جیاوازه‌كانى كۆمه‌ڵگا بن به بیروباوه‌ڕ و بۆچوون و ئایدیاى جیاوازه‌وه.
بۆیه ده‌كرێ خه‌ڵكانێك سه‌له‌فییانه بژین و دامه‌زراوه و گرووپى تایبه‌ت به خۆیانیان هه‌بێت به مه‌رجى قبووڵكردنى به‌رامبه‌ر و داننان به جیاوازییه‌كاندا و دابه‌شنه‌كردنى كۆمه‌ڵگا و هه‌وڵنه‌دان بۆ سه‌پاندنى بیروبۆچوونى خۆیان به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا، به كورتى سه‌له‌فیبوون پڕۆسه‌یه‌كى تاكه‌كه‌سییه و به‌و مانایه‌ى تاك ده‌توانێت تا سه‌ر ئێسقان پابه‌ند بێت به سوننه‌ته‌وه، به‌ڵام جیاوازیى تاكه‌كانى تر له‌به‌ر چاو بگرێت كه ناكرێ هه‌موو كۆمه‌ڵگا وه‌كو ئه‌و بێت و نابێت ئه‌وه‌ى بڕواى پێیه‌تى به زۆر به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا بیسه‌پێنێت.
ئاژانس: ئایا یه‌ك جۆر سهلهفییهتمان هه‌یه؟ ئایا هێزه سه‌له‌فییه‌كان خاوه‌ن یه‌ك دیدگا و تێڕوانینن بۆ كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى؟
دكتۆر ئیسماعیل به‌رزنجى: بێگومان سه‌له‌فییه‌كان یه‌ك ڕه‌وت نین به‌ڵكوو سه‌ر به قوتابخانه‌ى جۆراوجۆرن و له زۆرێك له ورده‌كارییه‌كاندا جیاوازیان هه‌یه، به‌ڵام به گشتى له چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه یه‌ك ده‌گرنه‌وه، یه‌كه‌م: پێیان وایه ته‌فسیرى ئه‌وان بۆ ده‌قه‌كانى قورئان و سوننه‌ت تاكهتهفسیره نه‌ك ته‌نانه‌ت باشترینش، به‌ڵكوو قه‌ناعه‌تیان به تێگه‌یشتنى تر‌ى جگه له خۆیان نییه ته‌نانه‌ت له نێوان خۆشیاندا یه‌كترى به سه‌رلێشێواو و گومڕا و گومڕاكه‌ر ده‌زانن، دووه‌م: له ده‌ره‌وه‌ى مێژوو ده‌ژین، به‌و مانایه‌ى هیچ به‌هایه‌ك بۆ ڕه‌وتى مێژوو و گۆڕانكاییهكان و جیاوازیى سه‌رده‌م و شوێنه‌كان دانانێن، به‌ڵكو پێیان وایه ئه‌م سه‌رده‌مه‌ى ئێمه تێیداین خراپترین سه‌رده‌مه و ده‌بێت بۆ پیاده‌كردنى شه‌ریعه‌ت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ده‌كانى پێشین و چۆنیه‌تیى ژیان و مامه‌ڵه‌ى ئه‌وان له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كاندا جێبه‌جێ بكه‌ین، سێیه‌م: دانه‌نانى هیچ به‌ها و گرنگییه‌ك بۆ عه‌قڵى مرۆڤ وه‌كو گرنگترین جیاكه‌ره‌وه‌ى مرۆڤ له سه‌رجه‌م كائینه‌كانی تر و په‌یوه‌ستبوونى حه‌رفى به ده‌قه‌كانه‌وه بێ لێكدانه‌وه و دابه‌زاندنى بۆ واقیعى كۆمه‌ڵایه‌تیى سه‌رده‌م، واته عه‌قڵ جیهازێكى قوفڵلێدراوه و تا ڕاده‌یه‌ك زیاده له مرۆڤدا، چواره‌م: كه زۆر گرنگه ئه‌ویش تێڕوانینه بۆ دین به شێوه‌یه‌كى سكونى، نه‌ك دینامیكى و زیندوو، واته پێیان وایه دین دابه‌زیوه و ته‌فسیركردن و لێكدانه‌وه‌ى له سه‌رده‌مێكى دیاریكراودا ته‌واو بووه و ئێستا و داهاتوو مرۆڤ هیچ زیاده‌یه‌كى نییه بیخاته سه‌ر ئه‌و ته‌فسیركردنه به‌ڵكوو ته‌نیا جێبه‌جێكردنى له‌سه‌ره، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى سرووشتیى ژیانه كه گۆڕاو و زیندوو و ناجێگیره و له هه‌ر سه‌رده‌م و كات و شوێنێكدا پێویسته به تێگه‌یشتن له واقیعى كۆمه‌ڵایه‌تیى ته‌فسیری نوێ و ڕاڤه‌ى جیا بۆ ده‌قه‌كان بكرێت.
ئاژانس: ئایا سه‌له‌فییه‌ت و مه‌ده‌نییه‌ت هه‌ر له بنه‌ره‌تدا دژ و پێچه‌وانه نین به یه‌كتر؟
دكتۆر ئیسماعیل به‌رزنجى: سه‌له‌فییه‌ت به‌و فۆڕمانه‌ى ئێستا هه‌ن نه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ مه‌ده‌نییه‌ت به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ڕۆحى تۆلیرانس و جیهانیبوونى ئایینى ئیسلامیشدا ناكۆك و دژه، ئایینێك كه بیه‌وێ بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تى بێت به جیاوازیی جۆر و ڕه‌گه‌ز و كولتوور و بۆ هه‌موو سه‌رده‌م و شوێنێك بێت ناكرێ ئه‌م هه‌موو جیاوازییه‌ى مرۆڤایه‌تى له هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه له‌به‌ر چاو نه‌گرێت، ناكرێت ته‌نیا یه‌ك تێگه‌یشتنى ناوچه‌یی دیاریكراو بكرێته پێوه‌ر بۆ هه‌موو شوێنكات و هه‌موو مرۆڤایه‌تى، ئه‌گه‌ر مه‌ده‌نییه‌تیش هه‌وڵ بۆ ڕێكخستنى جیاوازییه‌كان بدات له چوارچێوه‌ى هاووڵاتیبووندا ئه‌وا سه‌له‌فییه‌ت ئیقرار به‌و جیاوازییه ناكات، ئه‌گه‌ر كارى سه‌ره‌كیى دامه‌زراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى ته‌عبیركردن بێت له ڕاوبۆچوون و ده‌سته‌به‌رى مافه‌كانى توێژه جیاوازه‌كانى كۆمه‌ڵگا و گه‌یاندنى به ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى ناوچه‌یی و نیشتیمانى ئه‌وا سه‌له‌فییه‌ت یان هه‌وڵى دهستهمۆكردنى ئه‌و توێژانه ده‌دات بۆ ده‌سه‌ڵات یان هه‌وڵى گۆڕینى ده‌سه‌ڵات ده‌دات به توندوتیژى و تێكدانى ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تى، بۆیه هه‌رگیز به تێگه‌یشتنى سه‌له‌فییانه كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى به‌رهه‌م نایه‌ت و نایه‌ته دى.
ئاژانس: بۆچى له كۆمه‌ڵگا مه‌ده‌نییه‌كاندا سه‌له‌فییه‌ت زیاتر گه‌شه ده‌كات، به نموونه وڵاتانى ئه‌ورووپى كه تێیاندا جموجۆڵ و گه‌شه‌یه‌كى دیارى هێزه سه‌له‌فییه‌كان ده‌بینرێت؟
دكتۆر ئیسماعیل به‌رزنجى: پێم وا نییه له كۆمه‌ڵگا مه‌ده‌نییه‌كاندا سه‌له‌فییه‌ت گه‌شه بكات به‌ڵكوو ئه‌وه‌ى ده‌بینرێت ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌س و گرووپه سه‌له‌فییانه‌ى ده‌رده‌كه‌ون تیایاندا به هۆى بوونى ئازادیى هه‌ڵسوكه‌وت و ڕاده‌ربڕین و دابه‌شبوونى كۆمه‌ڵگاكانه به‌سه‌ر گرووپ و دامه‌زراوه و چینوتوێژى جیاوازدا، بۆیه ئاسانتر ده‌توانین جیاوازییه‌كان ببینین، ئه‌گه‌رنا نه‌ك پێكهاته جیاوازه‌كانى كۆمه‌ڵگا ئه‌ورووپییه‌كان نابن به سه‌له‌فى به‌ڵكوو زۆرینه‌ى جالییهى ئیسلامى و موسڵمانانى نیشته‌جێى ئه‌وێش هه‌ر سه‌له‌فى نین، ئه‌وه‌ى هه‌یه كه‌سانێكن یان تاقمى بچووك و گرووپى دیاریكراو له‌به‌ر زۆر جیاوازبوونیان و بوونى پانتاییه‌كى زۆرى ئازادیى زه‌ق ده‌بنه‌وه، به‌ڵام خاڵێكى گرنگ هه‌یه كه ده‌بێت له‌به‌ر چاوى بگرین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه له كۆمه‌ڵگا ئهورووپییهكانیشدا سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان چونیه‌ك نین له ده‌سكه‌وتنى مافه‌كاندا، ئه‌گه‌رچى ڕاده‌یه‌كى زۆرى عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌دی هاتووه و یاسا پیاده كراوه و دامه‌زراوه‌كان كارى خۆیان ده‌كه‌ن به‌ڵام هێشتا هه‌ندێ كێشه‌ى قووڵى جیاوازیى ڕه‌گه‌زى و چینایه‌تیى ڕیشه‌ییان داكوتاوه تیایاندا و به‌رده‌وام بیرمه‌ند و ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه له هه‌وڵى نوێكردنه‌وه‌ى تێزهكانیاندان بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر.
ئه‌و ده‌ركه‌وتنه ئاسان و زه‌قانه‌ى كاراكته‌ره سه‌له‌فییه‌كان له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا ئه‌وه دووپات ده‌كاته‌وه كه كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى باشتر له كۆمه‌ڵگاكانى خۆیان ڕێگه به بوونى جیاوازییه‌كان ده‌ده‌ن و بۆ هیچ كه‌سێك بنه‌ما نه‌گۆڕه‌كانى خۆیان ناخه‌نه ژێر پرسیاره‌وه له فهراههمكردنى ئازادى و عه‌داله‌ت و مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كان، هه‌روه‌ها ئه‌مه ئه‌و بۆچوونه زیاتر تۆخ ده‌كاته‌وه كه ده‌كرێت سه‌له‌فیبوون پڕۆسه‌یه‌كى تاكه‌كه‌سی بێت و یان هه‌وڵ و كارى تاقمێك بێت وه‌كوو به‌شێك له كۆمه‌ڵگا به مه‌رجى یاساییبوون و پاراستنى ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تى.