لیسته براوه‌كان پاڵێوراوى نوێ بۆ باڵاترین پۆستی عێراق ده‌هێننه پێشه‌وه
ئاژانس – حه‌سه‌ن شه‌نون
هه‌وڵى ماراسۆنیى نێوان لیسته عێراقییه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانى باڵاترین ده‌سه‌ڵات له عێراقدا كه سه‌رۆكوه‌زیرانه له پشت په‌رده‌وه ده‌ستی پێ كردووه كه هه‌ر له ئێستاوه وهفدى دانوستانكارى هه‌ر لایه‌نێك ناوى پاڵێوراوى خۆى له گیرفاندایه.
جگه‌ى له نوورى مالیكى سه‌رۆكوه‌زیرانى پێشوو و حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكوه‌زیرانى ئێستا چه‌ندین ناوى تر له‌نێو ماڵى شیعه‌دا مشتومڕیان له‌سه‌ر ده‌كرێت كه ئه‌گه‌ر زۆره ببنه سوپڕایزى ئه‌م خوله و پۆسته‌كه به پێچه‌وانه‌ى پێشبینییه‌كانه‌وه به ده‌ست بهێنن.
״ئاژانس״ له به‌دواداچوونێكدا به پشتبه‌ستن به زانیارییه نهێنییه‌كانى نێو دانوستانى لایه‌نه شیعەكان ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سایه‌تییه شیعانه ئاشكرا ده‌كات كه پاڵێوراون بۆ پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران، كه ئه‌گه‌ر هه‌یه یه‌كێكیان پۆسته‌كه بگرنه ده‌ست بۆ چوار ساڵى داهاتوو كه هه‌موو ئاماژه‌كانیش بۆ ئه‌وه‌ن ئه‌و پۆسته له سنوورى هه‌ژموونى شیعه‌كاندا ده‌رنه‌چێت.
نه‌سر ده‌ست له عه‌بادى هه‌ڵناگرێت
لبستى نه‌سر به سه‌رۆكایه‌تیى حه‌یده‌ر عه‌بادى تا ئێستا له هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه زۆرترین پاڵپشتیى لایه‌نه شیعه‌كان و لیسته‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و پێكهاته‌یه‌ش كۆ بكاته‌وه بۆ تاكه پاڵێوراوهكهیان كه عه‌بادییه تا پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران وه‌ربگرێت.
عه‌بادى كه بۆ یه‌كه‌مجار به جیا به‌شدارى له هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراقی كرد توانی پله‌ى سێهه‌م مسۆگه‌ر بكات به 42 كورسی.
ئه‌وه‌ى به نهێنى باس ده‌كرێت پاڵپشتیى ئه‌مه‌ریكایه بۆ عه‌بادى كه له چوار ساڵى ڕابردوودا تا هێندێك توانیبووى هه‌ماهه‌نگى له نێوان هه‌ژموونى واشنتۆن و تاران‌دا بكات له عێراق و ئه‌مه‌ریكاى له هاوكێشه‌كه نه‌كرده ده‌ر.
نازم ساعدی سه‌ركرده له هاوپه‌یمانیى نه‌سر به ״ئاژانس״ى وت: ״له كۆبوونه‌وه‌ى نێوان عه‌بادى و موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكى لیستى سائیرون و عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكى لیستى حیكمه هیچ كام له‌و لایه‌نانه هێڵى سووریا‌ن له‌سه‌ر دووباره وه‌رگرتنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران نه‌بووه له لایه‌ن عه‌بادییه‌وه و تاكه مه‌رجیان بۆ پاڵپشتی ئه‌وه بووه كه نه‌بێته هاوپه‌یمانى لیستى ده‌وڵه‌تى قانون به سه‌رۆكایه‌تیى نووری مالیكى״.
وتیشى: ״عه‌بادى پاڵپشتیى به‌شێك له هێزه سوننه و كوردییهكانیشی مسۆگه‌ر كردووه״.
له 14ى ئایاردا عه‌بادى یه‌كه‌م ئاماژه‌ى خۆى ڕاگه‌یاند كاتێك له وتارێكدا وتى: ״ئاماده‌م له‌گه‌ڵ لیسته‌كانى تر كار بكه‌م بۆ پێكهێنانى حكومه‌تێكى به‌تاڵ له گه‌نده‌ڵى.״ ئه‌وه‌ش بۆ مسۆگه‌ركردنى پاڵشتیى ڕه‌وتى سه‌در كه له لایه‌ك درووشمى دژه‌گه‌نده‌ڵى به‌رز كردووه‌ته‌وه و له لایه‌كی تریشه‌وه ڕه‌وتێكى شیعه‌ى دژهئێرانه.
به‌در سێ پاڵێوراوى هه‌یه
لیستى فه‌تح له ئێستادا ئه‌و ژماره‌یه‌یه كه لایه‌نه‌كان گره‌وى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت كه توانى پله‌ى دووه‌م به ده‌ست بهێنێت.
نزیكیی ئه‌و لیسته له ئێرانه‌وه پاڵپشتییه‌كى هه‌رێمیى بۆ مسۆگه‌ر كردووه به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه خۆشه‌ویست نییه.
ڕه‌وتى به‌در كه كۆنتڕۆڵى زۆرینه‌ى لیستى فه‌تحى حه‌شدی شه‌عبیی كردووه سێ پاڵێوراوى هه‌یه بۆ پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران.
فالح خه‌زعه‌لی ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له كوتله‌ى به‌در به ״ئاژانس״ى وت: ״له كاتى گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ لیستى ده‌وڵه‌تى یاسا و لیسته‌كانى تر پێشنیارى سێ كه‌سمان كردووه بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكوەزیران كه ئه‌وانیش هادى عامرى سه‌رۆكى ڕه‌وتى به‌در و عه‌بدولكه‌ریم ئه‌نسارى جێگرى و محه‌مه‌د غه‌ببان وه‌زیرى ناوخۆى ئێستاى عێراقن״
فالح خه‌زعه‌لی وتیشی: ״ئه‌وه‌ى پێمان گه‌یشتووه‌ته‌وه ڕه‌وتى سه‌در و حیكمه تێبینییان له‌سه‌ر عه‌بدولكه‌ریم ئه‌نسارى نه‌بووه تا پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران وه‌ربگرێت״.
دوو پاڵێوراوى تر له پشت مالیكییهوهن
ده‌وڵه‌تى قانون به ته‌نها خه‌و به گه‌ڕانه‌وه‌ى مالیكییەوە نابینێت بۆ پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران بۆ جارى سێهه‌م، له‌و هه‌وڵه‌دا دوو پاڵێوراوى تری ئه‌و لیسته به‌شدارن وه‌ك جیگره‌وه‌ى مالیكى ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌یان پێ قبوڵ نه‌بێت.
ئیبتسیام هیلالی ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له لیستى ده‌وڵه‌تى یاسا به ״ئاژانس״ى وت: ״چه‌ندین كه‌سایه‌تیمان خستووه‌ته ڕوو له كاتى دانوستانه‌كاندا بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران جگه له نوورى مالیكى له‌وانه قوسه‌ى سوهێل په‌رله‌مانتارى پێشووى عێراق و تاریق نه‌جم سه‌ركرده له حزبی ده‌عوه كه په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئێرانى و ئهمەریكییهكاندا به‌هێزه و به لاى مه‌رجه‌عییه‌تى شیعه‌شه‌وه بێزراو نییه״.
وتیشى: ״مالیكى له هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه كوتله‌ى گه‌وره له په‌رله‌مان پێك بهێنێت تا ئه‌وان پاڵێوراوى سه‌رۆكوه‌زیران دیاری بكه‌ن״.