نه‌یارانی دوێنێ بوونه هاوپه‌یمانی ئەمڕۆ
ئاژانس – سه‌رچین ساڵح
كشانه‌وه‌ى یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان له حكومه‌تى هه‌رێم له پاش گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى گه‌مه‌ى سیاسى له هه‌رێم حه‌وت ساڵ برده‌وه دواوه، ئه‌و كاته‌ى هه‌رێم به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدا دابه‌ش بوو، به‌ڵام پێ ناچێت كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌و ململانێیه وه‌ك پێشوو بێت.
16ى ئه‌م مانگه یه‌كگرتووى ئیسلامیی كوردستان دوالایهنى سێكوچكه‌ى ئۆپۆزسیۆنى ساڵى 2009 بوو كه وه‌زیره‌كانى له حكومه‌تى هه‌رێم كشانده‌وه.
ئه‌و هه‌نگاوه له پاش ماوه‌یه‌ك هات له كشانه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى له حكومه‌ت.
وێنه‌ى گه‌مه‌ى سیاسی له هه‌رێمى كوردستان به ڕواڵه‌ت گه‌ڕایه‌وه حه‌وت ساڵ پێش ئێستا، كاتێك گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى و یه‌كگرتووى ئیسلامى پێكه‌وه له به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆندا بوون له به‌رانبه‌ر به‌ره‌ى ده‌سه‌ڵات كه یه‌كێتیى و پارتى بوون.
بێستون فایه‌ق ئه‌ندامى فراكسیۆنى گۆڕان له په‌رله‌مانى كوردستان پێی وایه ئێستا حكومه‌تى هه‌رێم واده‌كه‌ى به‌ره‌و كۆتایى ده‌ڕوات و شكستى هێناوه و ده‌ڵێت: ״ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵێكى ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه له حكومه‌ت كشاونه‌ته‌وه به‌ده‌ستهێنانى زۆرترین ده‌نگ بێت له هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوودا، بۆ ئه‌وه‌ى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت به‌بێ یه‌كێتیى و پارتى درووست بكه‌ن״.
وتیشى: ״كێشه نییه ئه‌و لایه‌نانه به یه‌ك لیست بچنه هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه یان نا، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و به‌ره‌یه‌ى ئێستا درووست بووه له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوودا زۆرینه‌یه‌كى په‌رله‌مانى درووست بكه‌ن، بۆیه تا هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجام نه‌درێت هیچ شتێك ناكرێت״.
ئه‌وه‌ى جیاوازى له نێوان به‌ره‌كه‌ى ساڵى 20009 و ئێستادا هه‌یه هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ییه به سه‌ركرایه‌تیى به‌رهه‌م ساڵح كه به‌شداره، لە كاتێكدا ئه‌و كاته به‌رهه‌م ساڵح كه سه‌رۆكى حكومه‌ت بوو نه‌یارى سه‌رەکی ئه‌و سێ لایه‌نه بوون كه ئه‌وكاته ئۆپۆزسیۆن بوون.
مه‌روان گه‌ڵاڵى سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ له په‌رله‌مانى كوردستان به ״ئاژانس״ى وت: ״ئه‌م حكومه‌ته گوێ به هیچ شتێك نادات، نه خۆپیشاندان كاریگه‌ریى هه‌یه نه فشارى ئۆپۆزسیۆن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حكومه‌ت به زه‌برى هێز حوكم ده‌كات، بۆیه ده‌بێت ئه‌م لایه‌نانه‌ى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ت به به‌شداریى یه‌كێتیى لیستێك پێك بهێنن بۆ ئه‌وه‌ى زۆرترین كورسى به ده‌ست بهێنن״.
وتیشى: ״له‌م قۆناغه‌دا هیچ شتێك ناكرێت و هیچ فشارێك كاریگه‌ریى نییه، بۆیه ده‌بێت كار له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كان و درووستكردنى حكومه‌تێكى نوێ بكرێته‌وه״.
تا ئێستا یه‌كگرتووى ئیسلامى هه‌ڵوێستى خۆى ڕانه‌گه‌یاندووه سه‌باره‌ت به به‌شداریكردنى له هاوپه‌یمانێتیى سێ لایه‌نه‌كه‌دا، هه‌رچه‌نده به سروشتى له یه‌ك به‌ره‌دان.
شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له په‌رله‌مانى كوردستان به ״ئاژانس״ى وت: ״یه‌كگرتووى ئیسلامى سه‌ربه‌خۆ بووه و سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت، بۆ بابه‌تى هاوپهیمانێتییش له كاتى خۆیدا هه‌ڵوێستمان ده‌بێت، بۆ كارى ئێستامان وه‌ك یه‌كگرتوو پڕۆژه‌ى خۆمان هه‌یه و له هه‌مو لایه‌نه‌كانه‌وه وه‌كو یه‌ك دوورین״.
وتیشى: ״له سه‌رده‌مى ئۆپۆزسیۆنى پێشوودا هاوپه‌یمان نه‌بووین، پڕۆژه‌مان یه‌ك بوو، ئێستاش ئێمه پڕۆژه‌ى خۆمان هه‌یه و به پێى سیاسه‌تى خۆمان ده‌جووڵێینه‌وه، ئاییندهبینیى تایبه‌تى خۆمان هه‌یه بۆ پڕۆژه‌كانمان، هاتنهدهرەوهمان بۆ ئه‌وه نییه له‌گه‌ڵ لایه‌نى تردا هاوپه‌یمانى درووست بكه‌ین״.
كشانه‌وه‌ى سێ لایه‌نه‌كه له حكومه‌ت و درووستكردنى به‌ره‌یه‌كى هاوبه‌ش به لاى پارتییه‌وه بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه.
محەمەد عه‌لى وته‌بێژى فراكسیۆنى پارتى له په‌رله‌مانى كوردستان به ״ئاژانس״ى وت: ״بۆچى پێشتر ئه‌و لایه‌نانه له حكومه‌ت نه‌كشانه‌وه كه ده‌یانزانى هیچى پێ ناكرێت، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان جگه له بانگه‌شه‌ى پێشوه‌ختى هه‌ڵبژاردن شتێكى تر نییه״.
وتیشى: ״پێكه‌وه نزیكه‌ى چوار ساڵه له حكومهتهداین، وەزاره‌تى سیادییان به ده‌سته‌وه بووه و ده‌یانتوانى چاكسازیی بكه‌ن و كه‌س ڕێگه‌ى لێ نه‌گرتوون، ئێستا چه‌ند مانگێكى ماوه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌یانه‌وێت سۆزى خه‌ڵك به لاى خۆیاندا ڕابكێشن״.
د. كامه‌ران مه‌نتك مامۆستاى زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین پێى وایه ئه‌و جووڵه نوێیه هیچ شتێك له دۆخه‌كه ناگۆڕێت، به‌و پێیه‌ى به وته‌ى ناوبراو له بنه‌ڕه‌تدا حكومه‌ت له هه‌رێمى كوردستاندا دامه‌زراوه‌یی نه‌بووه، بنه‌ماكه‌ى له‌سه‌ر هێز بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجام بدرێن ئه‌گه‌ر هه‌یه هاوسه‌نگیى هێز به شێوه‌یه‌كى تر بگۆڕێت.
د. كامه‌ران مه‌نتك به ״ئاژانس״ى وت: ״ئه‌وه‌ى ئێستا ئۆپۆزسیۆنبوون نییه، ئه‌وه‌ى ئه‌و سێ لایه‌نه كردوویانه حاڵه‌تى فه‌راغه و زیاتر بۆ خۆئاماده‌كردنه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌وڵدانه بۆ هه‌ڵنه‌گرتنى به‌رپرسیارێتیى ئه‌م قۆناغه״.