بە فلتەری مەكتەبی سیاسیدا تێپەڕ نەبوون
ئاژانس – هێمن مامەند
ئاڵوگۆڕی ژمارەیەك پۆستی ئیداری و ئەمنیی هەولێر لە دوای دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فلتەری ڕەزامەندی و ئاگاداریی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبەدا تێپەڕ نەبوون، ئەوەش كێشەی لە ناوخۆی ئەو حزبە درووست كردووە.
لەماوەی ڕابردوودا جگە لە پۆستی پارێزگاری هەولێر، چەند پۆستێكی دیكەی ئیداری و ئەمنی لە سنووری هەولێر و هەندێك پۆستی دیكەی حكومەت گۆڕانكارییان تێدا كراوە بەبێ ئەوەی وەك پێشتر بە فلتەری ڕەزامەندیی مەكتەبی سیاسیی پارتیدا تێپەڕیبن.
بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״، كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگاداری پارتییەوە دەستی كەوتووە، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان نیگەرانە لەوەی بۆ ئاڵوگۆڕی ئهو پۆستانە پرس بە مەكتەبی سیاسی نەكراوە.
بە پێی زانیارییەكان؛ نێچیرڤان بارزانی نیگەرانە لە هەندێك لە بڕیارەكانی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەكان، كە بەبێ گەڕانەوە بۆ مەكتەبی سیاسی و یەكلاییكردنەوە كاندیدەكان لە كۆبوونەوەكانی سەركردایەتیی پارتی بڕیاریان لەسەر دراوە كە دواترینیان لادانی عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بوو كە لە باڵی نێچیرڤان بارزانییەوە نزیكە.
ئەندامێكی سەركردایەتیی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״ڕەنگە وا باشتر بوایه لە مەكتەبی سیاسی كاندیدی پۆستەكان یەكلایی بكرابانایهوه، بەڵام هەر لە سەرەتای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران، كاك مەسرور مەرجی ئەوەی هەبوو لەم كابینەیەدا تیمێكی خۆی لەگەڵ دەبێت، واتە سەرجەم پۆستەكان ئاڵوگۆڕ دەكات.״