د.سهردار عهزیز
ناسنامە یان شووناس پرسێکی هەنوکەییە لە دونیای ئەمڕۆدا. ئەم پرسە لە دونیای کوردیدا لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا زۆری لە بارەوە نووسراوە، بەڵام کێشەی هەرە گەورەی ئەو ئەدەبیاتەی کە هەیە لە بوارێکی زۆر تەسکدا شووناسی کوردیی دەبینێت. دەکرێت بڵێین کە پرسێکی هەرە سەرەکی لەم بوارەدا ئەوە بووە کە کەی کورد بە ئاگا بووەتەوە لە کوردبوونی خۆی؟ ئەم پرسە هەردوو مێژوویی و گشتگیرە. لە هەمان کاتدا خەسڵەتێکی سەرەکیی ئەم تێڕوانینە لە شووناس ئەوەیە کە ئەویتری دەرەکی بە پاڵنەری سەرەکیی درووستبوونی شووناسی کوردی دەبینێت. ئەم ڕۆڵە سەرەکییەی ئەویتر لە درووستکردنی شووناسی کوردیدا لە ڕووی مێژوییشەوە سەرەتایەکی بۆ درووست دەکات. ئەگەر ئەویتری دەرەکی بوونیادنەری شووناسی کوردی بێت ئەوا، ئەو ساتەوەختەی کە کورد بە ئاگا بووەتەوە یان کەوتووەتە بەر ڕەفتاری ئەویتر، لە خۆشی بە ئاگا بووەتەوە. ئەم ساتەوەختە بە گشتی بۆ ڕووخانی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی و ڕووداوەکانی پاش ئەوە دەگەڕێننەوە.
ئەگەر ئەو دیدە دێرێداییە بە هەند وەربگرین کە لە هەموو ناسنامەیەک یان شووناسێکدا ئەویترێک یان جیاوازییەک دەبینێت، ئەوا لە ساتەوەختی درووستبوونی هەرێمی کوردستان لە باشوور ئەم ئەویترە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. ئەم وەرچەرخانە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە بۆ یەکەم جار لە مێژوویدا، کورد خۆی دەبێتە ئەویتر بۆ شووناسی خۆی. ئەم وەرچەرخانە فاکتەری زۆرە و هەروەها کاریگەریشی زۆرە.
فاکتەرە سەرەکییەکانی بریتین لە دوورکەوتنەوەی ئەویتری ناکورد لە حوکمی کورد، حوکمکردنی کورد لە لایەن خۆیەوە. کاتێک خودێک ڕووبەڕووی خۆی دەبێتەوە، ئەوا لە ئەنجامدا پەرت دەبێت. ئەگەر ئەمە ئاستە تیۆرییەکە بێت ئەوا لە ئاستی واقیعدا کۆمەڵێک هۆکاری تری هەیە. یەکێک لە وەرچەرخانەکان کە بنەمای گۆڕانی شووناسی کوردی دادەڕێژێت بە شاربوونی کۆمەڵگەی کوردییە. بە شاربوون تەنها خۆی لە کۆچ بۆ شار نابینێتەوە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا، بە شاربوون جۆرێکە لە ژیار کە جێگەکانی دەرەوەی شاری گرتووەتەوە. شار بۆ خۆی پانتاییەکی ئاڵۆزی ژیارییە کە کاری فیکری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەدەبیی زۆری لەسەرە. بەڵام شاری کوردی دیاردەیەکی نوێیە کە پاڵنەری تایبەتیی هەیە وەک ئابووری و نەوت و سیستمی کرێخۆری، هاتنی داهاتی زۆر بە بەراورد بە ڕابردوو، درووستبوونی جڤاتە داخراوەکان. هاوتەریب بە هەموو ئەمانە کۆمەڵێک فاکتەری تری گەورەتر هەبوون کە سیمای سەردەمەکە دادەڕێژن، وەک جیهانگەرایی، دیموکراسیبوونی تەکنەلۆجیا، کرانەوە. دەرئەنجامی ئەمە مرۆڤی کورد لەبری ئەوەی ببێت بە هاووڵاتی دەبێت بە بەرخۆر. بەرخۆر بوونەوەرێکی تایبەتە، کە هەموو وزەی لەسەر بەدەستهێنان و بەکاربردن و پەیوەستبوونەوە خەرج دەکات. بەرخۆر بوونەوەرێکی کەمتر سیاسییە بەراورد بە هاووڵاتی. بەرخۆر مافەکانی خۆی دەبینێت بەڵام ئەرک لای ئەو بوونی نییە.
لە کاتێکدا کولتووری بەرخۆری، ئابووری دەکاتە بڕبڕەی پشتی بوون، لە هەمان کاتدا لە کاتێکدا ئەمە ڕوو دەدات کە سەردەمی نیولیبرالیزمە. سەردەمی نیولیبرالیزم بە مانای ئەوە دێت کە نادادپەروەری دیاردەیەکی ئاسایی و زۆر جار بە باشیش دەبینرێت. لە کۆمەڵگەی شاردا کە نایەکسانی درووست دەبێت، بە ئاستی جیاواز درووست دەبێت. بەڵام بە گشتی کۆمەڵگە دەگۆڕێت لە یەک یەکەی خەیاڵکراوەوە بۆ چەند یەکەیەکی پەرت: ئەمەش خۆی لە درووستبوونی جڤاتە داخراوەکان و گوندەکانی شاردا دەبینێتەوە.
بوونی خەڵکانێک لە پانتاییەکی دەورەدراو بە دیوار لە هەناوی جەستەی شاردا، ئاماژە بۆ پەرتبوونی کۆمەڵایەتی و درووستنەبوونی نەتەوەی دەوڵەتی بە مۆدێلە کۆنەکەی. چونکە خەیاڵی خەڵکەکانی ئەمدیو و ئەودیوی دیوارەکە جیاوازن.
فاکتەرێکی تری هاتنەئارای مایکرۆ-ئایدێنتیتی یان وردەشووناس ئەوەیە، کە کۆمەڵگەی کوردی بەرەو ئەوە دەڕوات کە ببێت بە دوو توێژی بەرفراوان: توێژێک کە مووچەخۆرە و توێژێکی تر کە بێ مووچەیە. ئەمە لە سەردەمێکدا کە دیاردەی مووچەخۆری گەیشتووەتە بنبەست. بەردەوامبوونی ئەم دۆخە بنەمای ترازان و شووناسی جیاواز بەرهەم دەهێنێت.
مووچەخۆر بوونەوەرێک و چەمکێکی ئاڵۆزە: مووچەخۆر نە وەک جوتیارە، نە وەک کرێکار، تەنانەت نە وەک بیرۆکراتە. بۆیە پێویستی بە ئەدەبیاتی تایبەت بە خۆی هەیە، کە دەبێت بەرهەمی بهێنین.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدا دەبێت کە کۆمەڵگەی کوردی پڕیەتی لە پنتە دژ بە یەکەکان لە ئاستی درووستکردنی خەیاڵ و بەرژەوەندی و دونیابینی و ئاسایشەوە.
کۆتایی شووناسی تەقلیدی، کە ئەویتری دەرەکی درووستی دەکرد و سەرهەڵدانی وردەشووناسی ناوەکی کاریگەریی دەبێت لەسەر هەموو بوارەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی لە داهاتوودا.