ئاژانس – سەلام هانەدنی
هەریەکە لە یەکێتیی و گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا ٩٢ پۆستیان پڕ نەکردووەتەوە، یەکێتیی ٥٩ پۆست و بزووتنەوەی گۆڕانیش ٣٣ پۆست، بە پێی وتەی بەرپرسەکانیشیان لە ئێستادا لە هەوڵی پڕکردنەوەیاندان.
بە پێی ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان زیاتر لە ٨٠ پۆستی بەردەکەوێت و بزووتنەوەی گۆڕانیش نزیکەی ٤٥ پۆست، بەڵام یەکێتیی ٥٩ پۆست و گۆڕانیش ٣٣ پۆستیان پڕ نەکردووەتەوە.
ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ “ئاژانس” وتی: “دەبوو پێشووتر ئەو پۆستانە پڕ بکرانایەوە، ئێستا یەکێتیی کاندیدی بۆ تەواوی پۆستە بەتاڵەکان دیاری کردووە، لە چەند مانگی داھاتوودا ھەموو ئەو پۆستانە پڕ دەکرێنەوە.”
وتیشی: “یەکەمجار بریکار و سەرۆکی دەستەکان، دواتریش بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکارەکان دادەمەزرێنین.”
پڕنەکردنەوەی ئەو پۆستانە لە کاتێکدایە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ساڵێک زیاترە پێک هێندراوە.
دڵدار زاخۆیی، جێگری بەرپرسی مەڵەندی دھۆکی یەکێتیی بۆ “ئاژانس” وتی: “کێشەکە لای حکومەت و پارتی بووە لەبەر ئەوەی ڕێککەوتنی لەگەڵ گۆڕانیش ھەبووە و کێشەی ناوخۆیی خۆشی، بۆیە پڕکردنەوەی ئەم پۆستانە بەو شێوە دوا کەوتووە.”
“یەکێتیی زیاتر لە ٨٠ پۆستی ھەیە لەم کابینەیەی حکومەتدا، بەڵام نزیکەی ٥٩ پۆستی تا ئێستا پڕ نەکردووەتەوە.” جێگری بەرپرسی مەڵەندی دھۆکی یەکێتیی وای وت.
بزووتنەوەی گۆڕانیشی بە هەمان شێوە تا ئێستا زیاتر لە ٣٣ پۆستی پڕ نەکردووەتەوە و چاوەڕوانیشە پۆستە بەتاڵەکانی پڕ بکاتەوە.
ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، کە نەیویست ناوی بھێنرێت بۆ “ئاژانس” وتی: “بزووتنەوەی گۆڕان تا ئێستا زیاتر لە ٣٣ پۆستی ماوە پڕیان بکاتەوە.”
لە نێوان گۆڕان و پارتیدا لیژنەیەک هەیە بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوانیان و لە ئێستاشدا ئەو لیژنەیە لە بەدواداچوونی پڕکردنەوەی پۆستەکاندایە.
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی وتیشی: “دەبێت ئەو لیژنەی کە دانراوە بۆ دیاریکردنی کاندید و سەرپەرشتیاری کاروباری حکومەت دەکات، لەمە زیاتر چاوەڕێ نەکات و ناوی کاندید بۆ پۆستەکانی دیاری بکات و ئاڕاستەی حکومەتیان بکات بۆ ئەوەی دەستبەکار بن، ناکرێت بەم شێوەیە کات بەسەر ببرێت.”
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پارتی و گۆڕان لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە و یەکێک لە تەوەرەکانیان پڕکردنەوەی پۆستەکانیان بوو، دوای ئەوەش گۆڕان بریکاری دوو وەزارەتی وەرگرت و یەکێتییش بریکارێکی پڕ کردەوە.
“گۆڕان ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتی ھەبووە وەک براوەی ھەڵبژاردن، بۆیە دەبوو پارتی ئەو پۆستانەی بدایە بە گۆڕان، کەواتە پارتی ھۆکارە کە تاکو ئێستا ئەو پۆستانە پڕ نەکراونەتەوە”، ئەندامەکەی جڤاتی نیشتیمانی وای وت.