داوای كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتیی و ڕێكکەوتنی سێقۆڵی دەكات
ئاژانس –شیروان محەمەدئەمین
بڕیارە بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ ببنەوە و تیایدا گۆڕان پەیامێك بداتە پارتی بەوەی قایلە بە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بۆ یەكێتیی بێت لە بەرانبەر چەند داواكارییەك كە یەكێكیان كۆبوونەوەی سێقۆڵییە بە بەشداریی یەكێتیی.
یەكشەممەی ڕابردوو ٢٨ی نیسان جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان كۆ بوونەوە، بە مەبەستی تاوتوێكردنی ڕاسپاردەكانی ئەو بزووتنەوەیە لەبارەی گۆڕانكاریی ڕێككەوتنیان لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت بە تایبەت لەسەر پرسی زیادكردنی جێگری سەرۆكی هەرێم كە بڕیارە بدرێت بە یەكێتیی و بۆ ئەو مەبەستەش پەیامێك ئاڕاستەی پارتی دەكەن.
ئەندامێكی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان كە لەبەر هەستیاریی دۆخەكە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لە پەیامەكەماندا ڕازی بووین كە دوو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێم هەبێت بە مەرجێك چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگە و سەرجەم هێزە چەكدارەكاندا بكرێت، لەبەر ئەوە داوامان كردووە لە ماوەی شەش مانگدا بۆ ئەوەی هێزی نیشتمانی دروست بێت، هێزەكانی ٧٠ی یەكێتی و هێزی ٨٠ی پارتی نەمێنن و لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا یەك بخرێن״.
وتیشی: ״پارتی بە شێوەیەكی ئیجابی وەڵامی پەیامەكەی گۆڕانی داوەتەوە، بەڵام تا ئێستا چاوەڕوانین یەكێتیی وەڵاممان بداتەوە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سێقۆڵی بۆ ئەوەی هەر سێ لایەن بتوانین ڕێکكەوتنی سیاسی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم واژۆ بكەین، لە حاڵەتێكدا ئەگەر یەكێتیی ڕازی نەبوو بە یەكگرتنەوەی هێزە چەكدارەكان ئەوا جڤاتی نیشتمانی كۆ دەبێتەوە و بڕیارێكی تر دەدەین كە ئەویش پەشیمانبوونەوەمان دەبێت لە دانانی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم״.