لە 60 پۆست 5 پۆستی وەرگرتووە
ئاژانس –شیروان محەمەد ئەمین
جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، خانەی ڕاپەڕاندنی ئەو بزووتنەوەیە ڕادەسپێرێت كە تێبینییەكانی خۆیان لەسەر جێبەجێنەكردنی ڕێكکەوتننامەكەیان لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و خراپیی ئەدای حكومڕانیی هەرێم لە ڕووی یاسای چاكسازی و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و شەفافییەتی نەوت بە پارتی بدات و دەرفەتێكی یەك مانگی بداتە ئەو حزبە بۆ دامەزراندنی 55 كەس كە لە پشكی بزووتنەوەكە بڕیار بووە لە چەند پۆستێكی كابینەی نوێی حكومەتدا دابنرێن و بڕیارە لە هەفتەی داهاتووشدا جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان بڕیاری كشانەوە یان مانەوەیان لە حكومەت بدەن.
كۆتایی هەفتەی ڕابردوو جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوەیەكی بۆ هەڵسەنگاندنی شەش مانگی ئەدای نوێنەرانیان لە حكومەت و كابینەی نوێ ئەنجام دا.
بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״، كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەستی كەوتووە لەو كۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی بزووتنەوەكە نیگەران بوون لە جێبەجێنەكردنی بەشێك لە خاڵەكانی ڕێككەوتنیان لەگەڵ پارتی و كۆتوبەندكردنی وەزیرەكانیان لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە.
ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكەین بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەستكراوە نین، بۆیە نەیانتوانیوە وەك پێویست كار بكەن، بزووتنەوەی گۆڕان بەم نزیكانە لەسەر چەند سێكتەرێك تێبینیی خۆی بۆ پارتی دەخاتە ڕوو، لەوانەش لە ڕووی یاسای چاكسازی كە گشتگیر و دڵخوازی گۆڕان نەبووە و تەنها گۆڕانكاریی لە مووچەدا كراوە، بڕیار بوو پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا نیشتیمانی بێت و سیاسەتی نەوت شەفاف بكرێت، ئەوانەش نەكراون.״
وتیشی: ״بزووتنەوەی گۆڕان ڕێكکەوتنی لەگەڵ پارتی بۆ ئەوە بوو كە بە ڕێژەی 12% پشكی خۆمان وەربگرین، بەڵام تا ئێستا لە كۆی 60 پۆستی باڵا تەنها پێنج پۆست وەرگیراوە، ئەوانیش پێك هاتوون لە جێگری سەرۆكی هەرێم و چوار وەزیری كابینەی نۆیەم.
بە پێی زانیارییەكان، پرسی یەكلاییكردنەوەی ئەو كێشانە لەگەڵ پارتی دەسپێردرێت بە خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان.
ئەمیر حاجی كەمال، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانیی پاش تاووتوێكردنی بەشداریمان لە حكومەت گەیشتین بەو قەناعەتەی كە ڕێكکەوتنمان لەگەڵ پارتی زۆر دوا كەوتووە، بۆیە بڕیارمان دا بە ڕاسپاردنی خانەی ڕاپەڕاندن بۆ ئەوەی لە كەمترین ماوەدا گفتوگۆ لەگەڵ شاندی دانوستانكاری پارتی بكەن، لە ماوەی یەك مانگدا یەكلایی بكرێتەوە بە پێچەوانەوە بۆ كاتی خۆی قسە و بڕیاری ترمان دەبێت، بۆ هەمیشەش سیاسەتی چاوەڕوانبە و ببینە جێبەجێ ناكەین.״
وتیشی: ״حەوت مانگی ڕابردوو چاكسازی وەك پێویست كاری بۆ نەكراوە، چاكسازیی ئێمەش بەوە دەكرێت نوێنەرمان لە حكومەتدا بن و پڕۆژەكانیان پیادە بكەن و وەزیرەكانمان هەنگاو بنێن و خەڵك هەست بكەن لە وەزارەتەكانی ئێمەدا گۆڕانكاری ڕووی داوە، بۆیە دەمانەوێت پارتی بە ئەرێ و نەرێ وەڵامی كۆتایی لەسەر جێبەجێكردنی ڕێکكەوتنەكەی هەبێت.״
لە 18ی شوباتی ساڵی ڕابردوودا، بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێككەوتنێكیان ئیمزا كرد بۆ پێكهێنانی حكومەت كە ئەو كات خاڵەكانی ڕاگەیەندرا و گۆڕانیش ئاماژەی بەوە دا كە 100 ڕۆژ وەك هەڵسەنگاندن بۆ كاری ئەم كابینەیە دیاری دەكات.
خەلیل سەركانی، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״بزووتنەوەی گۆڕان كێشەی لەو ڕێكکەوتنەدا هەیە كە بۆ جێبەجێكردنی كارنامە و شێوازی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لەگەڵ پارتی ئەنجامی داوە.״
وتیشی: ״ماوەی حەوت مانگە حكومەت پێك هاتووە و تا ئێستا پارتی پابەند نەبووە بە ڕێككەوتنی نێوانمانەوە، ئەوەی تا ئێستا كراوە قسەی سەر كاغەز بووە و لە كردەوەشدا وردە وردە خەریكە لە ژێر باری ڕێكکەوتنی نێوانمان دەچێتە دەرەوە، ئێمەش لە هەفتەی داهاتوو لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانیدا بڕیاری یەكلاییكەرەوە لەسەر كشانەوە یان مانەوەمان لە حكومەتی هەرێم دەدەین.״