بۆ ڕێگرى له پێكدادان ڕێكکه‌وتننامه‌ى شه‌ره‌ف ئیمزا ده‌كه‌ن
ئاژانس – شیروان محه‌مه‌د ئه‌مین
شكستی ئیسلامییه‌كان له پێكهێنانى لیستى هاوبه‌ش بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو ده‌یانخاته نێو گێمێكى تر‌ى گەمەی ململانێوه بۆ ڕاكێشانى ده‌نگ له یه‌كتر و بۆ ڕێگرى له‌و هه‌نگاوه‌ش ڕێكکه‌وتننامه‌ى شه‌ره‌ف له نێوانیاندا ئیمزا ده‌كه‌ن.
ڕاگه‌یاندنى هاوپه‌یمانیى « بەرەو ئیسڵاح»ی نێوان یه‌كگرتووى ئیسلامى و بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ده‌ر له كۆمه‌ڵى ئیسلامى بۆ جارێكى تر ئیسلامییه‌كانى به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش كرد بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه.
شه‌ڕى ئه‌مجاره‌ى نێوانیان له‌سه‌ر ده‌نگى ئیسلامییه‌كانه كه ئه‌وانیش به‌سه‌ر چه‌ند ڕه‌وت و به‌ره‌یه‌كدا دابه‌ش بوون.
له هه‌ڵبژاردنى ڕابردووى په‌رله‌مانى عێراقدا یه‌كگرتوو و بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامیى كوردستان 98 هه‌زار و 278 ده‌نگیان به ده‌ست هێنا له سنوورى سێ شاره‌كه‌ى هه‌رێم به‌ڵام كۆمه‌ڵى ئیسلامى كه به ته‌نها به‌شدار بوو 92 هه‌زار و 245 ده‌نگى هێناوه.
وردهكاریى ڕێكکه‌وتنێك كه دیار نییه
تا ئێستا وردهكاریى ڕێكکه‌وتنى نێوان یه‌كگرتووى ئیسلامى و بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى ئاشكرا نه‌بووه و ئه‌وه‌ى دیاره ته‌نها ناوى هاوپه‌یمانێتییه و لۆگۆكهیانه كه ڕێكکه‌وتنى له‌سه‌ر كراوه.
عه‌بدوڵڵا وه‌رتێ وته‌بێژى مه‌كته‌بى سیاسیی بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامیى كوردستان به «ئاژانس»ی وت: «تاكو ئێستا له‌سه‌ر ناوى هاوپه‌یمانێتى و لۆگۆى هه‌ڵبژاردن ڕێكکه‌وتنمان كردووه، كه به ناوى به‌ره‌و ئیسڵاح و به لۆگۆیهكى تێكه‌ڵ له لۆگۆى هه‌ردوو حزب به‌شدارى ده‌كه‌ین، تاكو ئێستا هه‌ردوو لایه‌ن ناوى كاندیده‌كانمان ئاماده نه‌كردووه، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا زیاتر له 20 كاندیدمان ده‌بێت، له چه‌ند ڕۆژى داهاتووشدا له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كانى تر ڕێكکه‌وتن ده‌كه‌ین.»
وتیشى: «حه‌زمان ده‌كرد هه‌رسێ لایه‌ن به یه‌ك لیستى هاوبه‌ش به‌شدارى بكه‌ین، به‌ڵام ڕێز له بڕیارى كۆمه‌ڵ ده‌گرین و ناشمانه‌وێت كار له‌سه‌ر ده‌نگى ئه‌وان بكه‌ین، بۆیه ڕێگه ناده‌ین به ئه‌ندامان و لایه‌نگرانمان ململانێى سیاسى به‌رامبه‌ر به كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌نێو جه‌ماوه‌ر و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندا بكه‌ن».
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه ئامانجیان ته‌نها هه‌ڵبژاردن نییه، چونكه له نێوان هه‌رسێ لایه‌نه ئیسلامییه‌كه‌ش گفتوگۆ كراوه كه له دواى هه‌ڵبژاردنیش هاوپه‌یمانێتى له‌نێو په‌رله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا پێك بهێنین.»
هاوكات كاوه محه‌مه‌د فه‌ره‌ج، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان، بۆ «ئاژانس» ده‌ڵێت: «له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، له‌سه‌ر دابه‌شكردنى كورسى ڕێكکه‌وتنمان نه‌كردووه، به‌ڵكو به پێى سیسته‌مى ڕێگه‌پێدراوى یاساى هه‌ڵبژاردن كه نیمچهكراوهیه پێكه‌وه به‌شدارى له هه‌ڵبژاردندا ده‌كه‌ین، بۆیه هه‌ر كاندیدێكى بزووتنه‌وه بێت یان یه‌كگرتوو ده‌بێت به ده‌نگى خۆى سه‌ركه‌وتن به ده‌ست بهێنێت، بۆیه ئه‌وه پیاوه‌تى نییه كه ده‌نگى خه‌ڵكى یه‌كگرتوو بگوازینه‌وه بۆ بزووتنه‌وه.«
میساقى شه‌ره‌ف ئیمزا ده‌كه‌ن
ناكۆكیى نێوان لایه‌نه ئیسلامییه‌كان له ماوه‌ى ڕابردوودا گه‌یشته ئاستى هێرشكردنه سه‌ر یه‌كترى له ڕێگه‌ى كادرهكانیانهوه كه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى ته‌نیبوو.
له ئێستادا ئه‌و سێ لایه‌نه ئیسلامییه كار له‌سه‌ر ئیمزاكردنى ڕێكکهوتنامهى شه‌ره‌ف ده‌كه‌ن بۆ ڕێگرى له‌و ناكۆكییانه.
كاوه محه‌مه‌د فه‌ره‌ج ده‌ڵێت: «هه‌ر چه‌نده جۆر و ناوى لیست و پێكهاته‌ى به‌ره‌و ئیسڵاح كاریگه‌ریى له‌سه‌ر لایه‌نگرانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى ده‌بێت، به‌ڵام نامانه‌وێت له‌گه‌ڵ لیستێكى ئیسلامی‌دا ململانێى سیاسى بكه‌ین، كه پێشتر له‌سه‌ر ئاستى باڵاى هه‌ر سێ حزبه ئیسلامییه‌كه گفتوگۆ له‌سه‌ر ڕێكکهوتنامهى شه‌ره‌ف كراوه، كه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و بزووتنه‌وه‌دا ئیمزاى ده‌كه‌ین، له ئێستاشدا ته‌نها ئه‌وه ماوه كاتى ڕێكکه‌وتنه‌كه دیارى بكرێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه هێرشى ناڕه‌وا و نالۆژیك ئاڕاسته‌ى یه‌كترى نه‌كه‌ین، هه‌ر كه‌س باسى كاڵا و بازاڕ و سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ى لیستى خۆى بكات».
هاوكات مه‌لا مه‌حمودى ئازادى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى كۆمه‌ڵى ئیسلامیى كوردستان، بۆ «ئاژانس» ده‌ڵێت: «ئێمه ئاماده‌ییمان تێدایه و پێمان خۆشه یه‌ك حزب بین نه‌ك پێكهێنانى یه‌ك لیستى هه‌ڵبژاردن كه ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌ك بێت، ئه‌وكات ته‌بایى حه‌قیقه‌ت له بۆچوون و ئه‌داى كاری هه‌موان ده‌بووه كۆده‌نگى له هه‌موو كار و بڕیار و هه‌ڵوێستێكدا.»
وتیشى: «پێشتر له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو پێكه‌وه له یه‌ك لیستدا به‌شداریى هه‌ڵبژاردنمان كرد، به‌ڵام لاى جه‌ماوه‌ر ناپه‌سه‌ند بوو، هه‌ر چه‌نده جیاوازیى لیست هیچ زیانى بۆ یه‌كڕیزیى موسڵمانان نابێت، به‌ڵام خه‌ڵكى ده‌نگ به لایه‌نێك ده‌دات كه خاوه‌نى هه‌ڵوێست بێت، ئێستاش له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه و یه‌كگرتووى ئیسلامی‌دا ڕێكکه‌وتنمان كردووه كه بە هیچ شێوه‌یه‌ك هێرش نه‌كه‌ینه سه‌ر یه‌كترى.»
شه‌ڕ له‌سه‌ر ده‌نگده‌رى ئیسلامى
سۆران سێوكانى شاره‌زا له كاروبارى ئیسلامى سیاسى پێى وایه له ڕابردوودا ئیسلامییه‌كان كاریان له‌سه‌ر ڕاكێشانى ده‌نگى یه‌كترى كردووه و له ڕووى سیاسییشه‌وه هیچ مهڵۆیهكیان نه‌خستووەته سه‌ر ئه‌زموونى هه‌رێمى كوردستان.
سۆران سێوكانى به «ئاژانس»ى وت: «كێشه‌ى كۆمه‌ڵى ئیسلامى ئه‌وه‌یه كه خۆى له بازنه‌یه‌كدا ده‌بینێته‌وه جیاواز له‌و بازنه‌یه‌ى كه یه‌كگرتووى تێدایه، كۆمه‌ڵ ئێستا له‌گه‌ڵ گۆڕاندا نزیكایه‌تیى هه‌یه و پێیان وایه به‌و جۆره ده‌نگیان زیاد ده‌كات.»
سێوكانى ده‌ڵێت: «خیلاف له سیاسه‌تدا ئاساییه، به‌ڵام ئیسلامییه‌كان باس له برایه‌تى ده‌كه‌ن، كوا له سیاسه‌تدا برایه‌تى هه‌یه، ڕێكکهوتنامهى شه‌ره‌ف گاڵته‌جاڕییه بۆ فریودانى ئه‌ندامانى خواره‌وه‌ى حزب، هه‌روه‌ك چۆن له فه‌له‌ستین ڕێکكه‌وتننامه‌ى شه‌ره‌ف كرا و پاش دوو ڕۆژ حه‌ماس سه‌دان كه‌سى له‌نێو شارى غه‌زه كوشت.»