نەخشەی سیاسیی هەرێم دوای هەڵبژاردنەكەی 30ی ئەیلوول
فەرهاد حەسەن عەبدوڵڵا
چاوەڕوان دەكرێت 30ی ئەیلوول خاڵی وەرچەرخان بێت لە ئاڵۆگۆڕی پارسەنگی هێزی سیاسی و پەرلەمانی لە پەرلەمانی كوردستان، چونكە لەم هەڵبژاردنەدا كۆمەڵێك هێزی سیاسیی نوێ و كۆن بە گوڕوتینی جیاواز هاتوونەتە مەیدان كە هان دراون بە سەركەوتنی هەڵبژاردن لە 12ی ئایاری 2018ە. هاوكات كۆمەڵێك هێزی سیاسیی تر لە چەند مانگی ڕابردوو پاشەكشێی بەرچاویان كردووە و چاوەڕوان ناكرێت هەڵسانەوەی زیاتر بە خۆیانەوە ببینن لە ئاییندەیەكی نزیكدا. دیارە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 30ی ئەیلوول چەند جیاكەرەوەیەكی هەیە كە لە خوارەوە ئاماژەی پێدەكەین، لەوانەش:
یەكەم/ بەشداریی حزبی سیاسی و قەوارەی نوێ
2018 ساڵی درووستبوون و بەشداریی لیست و حزبی سیاسی نوێیە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق. لە هەرێمی كوردستان هەریەك لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری وەك دوو قەوارەی سیاسیی نوێ خۆیان بە دەنگدەری كوردستان ناساندن. ئەم دوو هێزە هەڵگری دروشم و پەیامی جیاوازن و یەكێكیان كۆكەرەوەی دەنگ و كارەكتەرە ناڕازی و دابەشبووی حزبەكانی تره (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) و یەكێكی تریان درێژكەرەوەی جوڵانەوەیەكی سیاسیی بوو كە بەئاشكرا لە سەروبەندی ڕیفراندۆمی 25ی ئەیلوول بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو پرسە درووست بوو، زیاتر فۆكەسی لەسەر جیلی نوێی دەنگدەری كوردستانە كە لە چوار ساڵی ڕابردوودا مافی بەشداریی سیاسییان لەڕووی تەمەنەوە پێ بەخشراوە (جوڵانەوەی نەوەی نوێ). سەرەڕای بەشداریی نەكردنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە هەڵبژاردنى 30ی ئەیلوول، بەڵام جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەك هێزێكی نوێ بەشداری چالاكی لە كەمپینی هەڵبژاردنەكان هەیە و چاوەڕوان دەكرێت دەنگی پارت و هێزە سیاسییەكانی تر بەلای خۆیدا ڕابكێشێت و درزبخاتە ناو بنكەی جەماوەری پارتە سیاسییەكانی تر بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتە ئیسلامییەكان. درووستبوونی ئەم حزبە سیاسییانە كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار دەنگی بەرچاویان بەدەستهێناوە – بۆ نموونە جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە خاوەن چوار كورسی پەرلەمانی عێراقە، چاوەڕواندەكرێت كاریگەری لەسەر سەنگ و كورسییەكانی هێزەكانی تری كوردستان هەبێت.
دووەم/ گۆڕانكاری لە سەنگی چەند حزبێكی سیاسیدا
هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایار نیشاندەری گۆڕانكارییەكی ترە لە سەنگ و پارسەنگی هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، هەرچەندە تەواوی حزبە كوردستانییەكان لە ڕووی ژمارەی كورسییەوە داكشانیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام لە ڕووی ژمارەی ئەو دەنگانەی بە دەستیان هێناوە چەند هێزێكی سیاسی هەڵسانەوەی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە. بۆ نموونە یەكێتییی نیشتیمانیی كوردستان لە دوای خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستانەوە لە 2009وە، بۆ یەكەم جار توانی ببێتەوە بە هێزی یەكەم لە تەواوی ناوچەكانی زۆنی سەوز، هەروەها لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە ناوچە جێناكۆكەكانی بەتایبەتی لە شاری كەركوك بە بردنەوەی نیوەی (6 كورسی) كورسییەكانى شارەكە بەتەنها و تەواوی پێكهاتەكانی تریش نیوەی دەنگەكان. بۆیە لە هەرێمی كوردستان بەدیاریكراوی لە ناوچەكانی زۆنی سەوز یەكێتیی بوو بەهێزی یەكەمی زۆنەكە سەرەڕای ئەوەی لە شاری هەولێر دەنگەكانی كەمی كردووە، بە قیاسكردنی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار و ئەو هەڵسانەوەی ئەو هێزە بەخۆوەی بینیوە لەچەند مانگی ڕابردوو چاوەڕوان دەكرێت یەكێتیی ژمارەی دەنگەكانی بەرەو هەڵكشان بڕوات. هاوكات لە دوو ساڵی ڕابردوودا یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان توانیویەتی دوو حزب و لیستی سیاسی ڕابكێشێتە ناو ڕێزەكانی خۆیەوە، ئەوانیش حزبی ئایندەى كوردستان بە سەركردایەتی قادر عزیز (1) و زۆرینەی ئەندام كەسایەتیە دیار و دامەزرێنەرەكانی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە لەلایەن جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتیی (بەرهەم ساڵح)ەوە(2) دامەزرێنرا و توانی لە هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایار دوو كورسی لە ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق مسۆگەر بكات. ئاشكرایە زۆربەی سەركردە و دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كەسایەتی خاوەن بنكەی جەماوەری نین، تەنها كەسانێكی چالاك و خاوەن خواستی گەورەبوون لەناو ئەو حزبە سیاسییانەی كە لێی جیابوونەتەوە بۆ نموونە (ئارام قادر لە كۆمەڵی ئیسلامی و محمد ڕەووف لە یەكگرتووی ئیسلامی)، بۆیە درووستە بووترێت زۆرینەی ڕەهای بنكەی جەماوەری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەنگدەری نارەزا و نزیك بوون لە باڵی بەرهەم ساڵح بەر لە جیابوونەوەی لە یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان، بەگەڕانەوەشی بۆ ناو ئەو حزبە چاوەڕواندەكرێت بنكەی جەماوەری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری (كە لەئێستادا لەلایەن چەند چالاكوانێكی مەدەنی و سیاسییەكی بێ بنكەی جەماوەری ئیدارە دەكرێت) دەنگەكانیان بخەنە پاڵ حزبەكەی پێشوویان. زیاتر لەوەش لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار، حزبە ئیسلامییەكان پاشەكشێی بەرچاویانكرد، بەجۆرێك هەریەك لە كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی توانیان تەنها دوو كورسی بەدەست بهێنن. بەلەبەرچاوگرتنی دەرەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە بە ژمارەی دەنگەكانیان، چاوەڕواندەكرێت ئەو حزبە ئیسلامیە ژمارەی كورسییەكانیان كەم بكات و لە باشترین سیناریۆدا وەك خۆی بمێنێتەوە بەتایبەت بە نسبەت كۆمەڵی ئیسلامی یەوە.
سەرەڕای ئەوەش، بزووتنەوەی گۆڕان وەك هێزی یەكەمی خولی چوارەمی پەرلەمان لە زۆنی سەوز و كێ بڕكێكاری سەرەكی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لە ناوچەكە لە ڕەوشێكی سیاسی و ئیداری لەرزۆكە. بەجۆرێك بەشێكی بەرچاو لە دامەزرێنەران و ئەندامانی باڵای بزووتنەوەكە یان جیابوونەوەی خۆیان ڕاگەیاندووە یان دەستبەرداری پۆستە حزبیەكانیان بوون و خۆیان بەدوورگرتووە لە كاركردن بۆ حزبەكەیان. ئاشكرایە دەنگدەری ئەو بزووتنەوەیە دەنگدەرێكی سەربەست و ناجێگیر، بۆیە بەردەوام بەدیلی دووەم و سێیەم یان هەیە كە ئەشێت لەئێستادا بریتي بيت لە یەكێتیی نیشتیمانی.
سێیەم/ سیستمی هەڵبژاردن
پێچەوانەی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلوول هەڵبژاردنێكی یەكبازنەیی دەبێت، ئەمەش دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ ئەو حزب و قەوارە سیاسییانەی كە دەنگەكانیان لە ناوچەیەك یان پارێزگایەك ناگاتە ئاساتی كورسیی تەواو بتوانن لە سەر ئاستی گشتی سوودی لێ ببینن. بۆ نموونە هێزێكی وەك یەكێتیی لە پارێزگای دهۆك لە هەڵبژاردنی ئایاری 2018 زیاتر لە بیست هەزار دەنگی هەبوو، بەڵام نەیتوانی كورسییەك بەدەست بهێنێت، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی سیستمی هەڵبژاردنەكە ئەو دەنگانە سوودی لێدەبینرێت و كاریگەری لەسەر ژمارەی كوردسی حزبەكان دەبێت، ئەمە بۆ تەواوی حزبەكان درووستە بەدیاریكراوی حزبە بچووكەكان. لەبەر ڕۆشنای ئەم تایبەتمەندییانەی سەرەوەی هەڵبژاردنەكەی 30ی ئەیلوول، دەتوانین چەند سیناریۆیەك لەسەر داهاتووی دابەشبوونی هێزەكان لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ بكەین، لەوانەش:
یەكەم/ گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانێتییەكانی خولی دووەم و سێیەمی پەرلەمان
لە خولی دووەم و سێیەمی پەرلەمان هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە لیستی یەكگرتوو بەشدار بوون، بە ناوەكانی لیستی نیشتیمانی بۆ دیموكراتی كوردستانی لە 2005 و لیستی كوردستانی لە 2009، چاوەڕوان دەكرێت لە خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەم دوو حزبە بە بەشداریی چەند حزبێكی بچووك و لاوەكی بۆ جاری سێیەم لیستێكی یەكگرتوو درووست بكەن لە پەرلەمانی كوردستان. چەند پاڵنەرێك هەیە درووستكردنی ئەم لیستە دەكات پێویستییەك لە نێوان یەكێتیی و پارتی، لەوانەش:
1- ڕێككەوتن لەسەر كۆمەڵێك پرسی گرنگ و نیشتیمانی هاوشێوەی پرۆژەی ڕەشنووسی دەستور و دەستنیشانكردنی فۆرمی سیستمی سیاسی و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم و ئایندەی ئەو دامەزراوەیە.
2- بەهێزبوونەوەی نفوزی سیاسی یەكێتیی: ئەگەر هاوشێوەی هەڵبژاردنەكەی ئایاری 2018ە، لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوول ژمارەی دەنگ و كورسییەكانی ئەو حزبە بەرەو زیادبوون بڕوات ئەوكات بە ناچاری پارتی دیموكراتی كوردستان گەرم و گووڕتر لە خولی ڕابردوو كار بۆ نزیكبوونەوە و درووستكردنی لیستی هاوبەش لەگەڵ یەكێتیی دەكات.
3- پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕابردوو بزووتنەوەی گۆڕانی تاقیكردەوە، سەرەڕای بەڵێن دان بۆ كاری هاوبەش لە حكومەت و بەڕێكردنی چوار ساڵی ئارامی، بەڵام دەركەوت ناكۆكییەكانی ئەو دوو حزبە هەرزوو ڕێككەوتنی پێكهیانی كابینەی حكومەتی هەرێمی هەڵوەشاندەوە و پارتی پۆستە وزارەییەكانی بەركەوتەی هەڵبژاردنی گۆڕانی بەوەكالەت بەرێوەدەبات. ئاسان نیە هاوشێوەی ڕابردوو پارتی دووبارە بچێتە ڕێككەوتنی پەرلەمانی و حكومی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان.
دووەم: درووستكردنی زۆرینەی پەرلەمانی
ئەو ناكۆكی و بارگرژییە سیاسی و سەربازییانەی لە ڕابردوو لە نێوان پارتە سیاسییەكانی هەرێم لە لایەك و هەرێم و بەغداد لە لایەكی تر درووست بوو، هاندەرێكە بۆ ئەوەی بەشێك لە حزبە سیاسییەكان بیر لەوە بكەنەوە كە زۆرینەی پەرلەمانی درووست بكەن. ئەم زۆرینەیەش بە مانای ئەوە نایات كە لایەنەكانی تر لە حكومەت پەراوێز بخرێن، بەڵكو زۆرینەیەك دەبێت بۆ تێپەڕاندنی كۆمەڵێك یاسا و بڕیار كە چاوەڕوان دەكرێت لە خولی داهاتووی پەرلەمان جێگەی ناكۆكیی قووڵی نێوان لایەنە سیاسییەكان بێت. بۆ نموونە ڕەنگە پارتی دیموكراتی كوردستان بیر لە درووستكردنی زۆرینەیەكی سادە بكاتەوە لە پەرلەمان ئەویش بە درووستكردنی هاوپەیمانی لەگەڵ كۆمەڵێك حزبی سیاسی بچووك و بەشداری زۆرینەی كورسییە كۆتاكان بۆ پێكهاتەكانی مەسیحی و توركمان و ئاشوورییەكان. بەهەمان شێوە ئەشێت یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەڕێگەی ئەكتیڤكردنەوەی ڕێككەوتنە سیاسییەكەیان كە داوای بەشداری حزب و لایەنە سیاسییەكانی تردەكەن لەو ڕێككەوتنە، بەتایبەت كۆمەڵی ئیسلامی و بەشێك لە پارتە سیاسییە بچووكەكان هەوڵی درووستكردنی زۆرینەی پەرلەمانی بدەن بەمەبەستی تێپەڕاندنی كۆمەڵێك پرۆژە كە لەڕابردوودا پرۆژەی هاوبەشی ئەو حزبانە بووە هاوشێوەی پرۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی و دیاریكردنی فۆرمی سیستمی سیاسی و نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستور و گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز كە ساڵانێكە بەهۆی جیاوازی قووڵی پارەكانی زۆرنی سەوز ئەو هاوسەنگیە لە حكومڕانی هەرێمی كوردستان كاڵبوەتەوە.
سێیەم: دووبارەبوونەوەی ئەزموونی خولی چوارەم
لە خولی چوارەمی پەرلەمان حزبە سیاسییەكانی هەرێم بە قائیمەی حزبی لە پەرلەمانی كوردستان بەشدار بوون، بۆیە سەرەڕای داخستنی پەرلەمان بۆ دوو ساڵ پەرلەمان كەمترین یاسای دەركرد بە هۆی ئەوەی زۆرێك لە پرۆژە و بڕیارەكان پێویستی بە زۆرینەی پەرلەمانی هەبوو. دیارترین نموونەش هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بوو، كە سەرەڕای كۆتاییهاتنی وادەی یاسا فەرمانڕەوایی مەسعود بارزانی و پێشكەشكردنی پرۆژەی هاوبەش لە لایەن چوار فراكسیۆنە سەرەكییەكەی پەرلەمانەوە، بەڵام حزبەكان نەیانتوانی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ درووستكردنی نیسابی یاسای پێك بهێنن بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە. ئەمە لە كاتێكدا لە خولی سێیەمی پەرلەمان لە 30ی حوزەیرانی 2013ە لیستی هاوپەیمانی كوردستان كە لە (یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان) پێكهاتبوو، سەرەڕای ناڕەزای حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان لەناویاندا بزووتنەوەی گۆڕان و لیستی چاكسازی كە حزبە ئیسلامییەكان تیایدا بەشداربوون توانیان سەرۆكایەتی بارزانی تا 19ی ئابی 2015ە درێژ بكەنەوە. بۆیە ئەگەر لەخولی چوارەمی پەرلەماندا فراكسیۆنێكی گەورەی پەرلەمانی هەبووایە لەنێوان ئەو هێزانەی كە خاوەن پرۆژەی هاوبەشبوون، ئەوا چارەنووسی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بە زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان تێپەڕدەكرا. بۆیە درووستكردنی زۆرینەی پەرلەمانی لە ئەگەر دووبارەبوونەوەی پێكهاتەی پەرلەمان بە فراكسیۆنی حزبی سەربەخۆ، ئەگەرێكی قورسە و دواجار كاریگەری لەسەر ڕەوتی یاسادانان دەبێت، چونكە چاوەڕوانناكرێت هیچ حزبێكی سیاسی زۆرینەی سادەی دەنگەكان بباتەوە تا زۆرینەی پەرلەمانی بەتەنها درووست بكات.
چوارەم: سیناریۆی كۆتای ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان و بە پاشكۆیەتی بزووتنەوەی گۆڕان و بەشێك لە هێزە سیاسییە لاوازەكان كە خاوەن چەند كورسییەكن لەگەڵ كۆتای كەمینەكان ڕازی بێت. هاتنەئارای ئەم سیناریۆیە لەسەر خواستی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت و پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەمەرج و پاشكۆیەتی قبوڵی دەكات. بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕەوشێكی سیاسی قەیراناویدایە بەتایبەت دوای پاشەكشێی بەرچاو لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار، كە كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانەكەی كوردستانیش دەبێت. پاشەكشێی زیاتری بزووتنەوەی گۆڕان وادەكات كە بەدوای كۆمەڵێك بژاردەدا بگەڕێت بۆ هێشتنەوەی كاریگەری خۆی لە شانۆی سیاسی، ئەشێت یەكێك لەو ڕێگایانەش نزیك بوونەوە و بەشداری بێت لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان و حكومەت. پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم سیناریۆیە قبوڵدەكات، چونكە لەلایەك بەرپرسیارێتی شكستی حكومڕانی بەتەنها لە ئەستۆی خۆی ناهێڵێتەوە، هاوكات خۆی لە پێكدادان و ململانێ سیاسی لەگەڵ گۆڕان خۆی دەپارێزێت، هاوكات لەرێگەی ئەو بزووتنەوەیە دەتوانێت بڕیار و هەژموونی خۆی لە ناوچەكانی زۆنی سەوز بە ئاسانتر جێ بەجێ بكات. هاوشێوەی چوار ساڵی ڕابردوو ئەم سیناریۆیە كۆسپی جدی خۆی هەیە ئەویش بە سەرهەڵدانەوەی ناكۆكی لەنێوان ئەو دوو حزبە و چوونەدەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕێككەوتننامەی پەرلەمانی و حكومی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان.
سەرچاوە
1-المستقبل الكردستاني ينضم لصفوف حزب الطالباني «ردا على إحتكار السلطة»، السومرية، (10 آب 2017)، على الموقع: https://www.alsumaria.tv/news/176324/%D8%A7
2 برهم صالح يعود لحزب طالباني قبل ترشيحه لرئاسة العراق، ڕوسيا اليوم، (19.09.2018 )، على الموقع: برهم صالح يعود لحزب طالباني قبل ترشيحه لرئاسة العراق.