ئاژانس
ئەمڕۆ شەرڤانان ڕایانگەیاند کە شارۆچکەی تەبەقەیان بەتەواوەتی لە تیرۆریستانی داعش پاککردۆتەوە و ھاوسەرۆكی ئەنجوومەنى سوریای دیموكراتیش ڕایدەگەیەنیت کە كورد بە بێ دەستكەوت لە شەڕی ڕەققە دەرناچێت.
ئیلهام ئەحمەد، ھاوسەرۆكی ئەنجوومەنى سوریای دیموكرات كە كەسایەتییەكی دیاری ڕۆژئاوای كورستانە ئاماژە بەوە دەكات كە كورد تا ئێستا دەستكەوتی زۆری بەدەست هێناوە و دەبێت پارێزگاریی لەو دەستكەوتانە بكات، ڕوونیشی دەكاتەوە كورد بە بێ دەستكەوت لە شەڕی ڕەققە دەرناچێت.
ئیلهام ئەحمەد بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەگەر داعش لە ڕەققە نەمێنێت ڕۆژئاوای كوردستان دڵنیاتر و ئارامتر دەبێت، ئەوەش دەستكەوتێكی گرنگ دەبێت بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، نابێت پێمان وا بێت كە كورد تەنیا خۆی بە كوشت دەدات و هیچی دەست ناكەوێت״.
کورد لەبەر دوو هۆكار بەشداریی لە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ڕەققە كردووە ئەوانیش دوورخستنەوەی مەترسیی لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان و دووەمیشیان جێگیركردنی سیستەمی فیدڕاڵی بۆ ئەو بەشەی كوردستان. ئیلهام ئەحمەد وای وت.
وتیشی: ״دڵنیاییمان لە ئەمەریكا وەرگرتووە كە ڕۆژئاوای كوردستان دەبێتە ناوچەیەكی ئارام و هەرێمێكی فیدراڵی لە پاشەڕۆژی سوریادا، بە وتەی خۆشی ئەمەریكا دڵنیایی داوە كە ڕۆژئاوای كوردستان لە هەر هێرشێك دەپارێزێت و ئەوە دەستكەوتێكی ترە لە بەرانبەر شەڕی ڕەققەدا.״
شاری تەبقا دەكەوێتە رۆژئاوای شاری رەقە و تەنها 55 كیلۆمەتر لە پایتەختی خەلافەتی داعشەوە دوورە کە ئەمڕۆ شەڕڤانان ئازادیان کردووە.