ھیشام ھاشمی لە چاوپێکەوتنی “ئاژانس”دا بەر لە کوژرانی: ئەندامە عێراقییەکانی قاعیدە بەر لە ٢٠٠٣ گەڕانەوە و چوونە ناو ئەنساڕولئیسلامەوە
ئاژانس
ھیشام ھاشمی، پسپۆڕی ئەمنی و شارەزا لە گرووپە چەکدارە تووندڕەوەکاندا، بەر لە کوژرانی لە چاوپێکەوتنێکی “ئاژانس”دا چەندین نھێنی سەبارەت بە گرووپە تووندڕەوەکانی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن ئاشکرا دەکات و دەڵێت: “ئەو ئەندامە عێراقییانەی ڕێکخراوی قاعیدە کە لە ئەفغانستان بوون بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ ھاتوونەتەوە عێراق و کاتێکیش ڕژێمی بەعس ڕووخا، خۆیان ڕێک خستەوە لەگەڵ گرووپی ئەنساڕولئیسلام لە ھەرێمی کوردستان.”
ڕۆژی دووشەممە ٦ی تەمموزی ٢٠٢٠، ھیشام ھاشمی لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە لە بەغدای پایتەخت کوژرا.
“ئاژانس” بەر لە کوژرانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵدا ئەنجام داوە سەبارەت بە وردەکاریی کارکردنی ڕێکخراوی قاعیدە و داعش و گرووپە تووندڕەوەکانی دیکە، کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات سەدام حسێن گرووپێکی چەکداریی بەناوی سوپای محەمەد دروست کردووە، بەڵام شکستی ھێناوە و دەشڵێت: “ئەبو مسعەب زەرقاوی سوودی لە ژمارەیەک لە ئەفسەرانی دەزگای ھەواڵگریی ڕژێمی پێشوو وەرگرت، بەڵام وەک ڕاوێژکار مامەڵەی لەگەڵ دەکردن و نەیکردنە سەرکردەی جێبەجێکاری ڕێکخراوەکەی”.
ئاژانس: سەرەتا لەوەوە دەست پێ دەکەین، کە ئایا دەستی دەرەکی ڕۆڵی ھەبووە لە پێکھێنان و دروستبوونی ڕێکخراوی تەوحید و جیھاد، ئایا ڕێکخراوی قاعیدە ڕۆڵی ھەبووە لەوەی ئەندامەکانی ئەو گرووپە بنێرێت بۆ عێراق و ڕێنوێنیکردنیان لە ڕووی ھەواڵگرییەوە؟
ھیشام ھاشمی: لە ڕووی فکری و عەقائیدییەوە ڕێکخراوی قاعیدە لەگەڵ ھیچ ناوەندێکی ھەواڵگری دەستی تێکەڵ نەکردووە یان ھاوکاری نەکراوە، بەڵام لە ڕووی دارایی و خزمەتگوزاریی لۆجیستییەوە زۆر ناوەندی ھەواڵگریی ھەرێمی و نێودەڵەتی ھاوکاریی قاعیدەیان کردووە لەسەر بنەمای “ئەمە بۆ من و ئەوەش بۆ تۆ”، ڕێکخراوی قاعیدە و ئەو ئەندامە عێراقییانەی لە ئەفغانستان بوون بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ ھاتوونەتەوە عێراق و کاتێکیش ڕژێمی بەعس ڕووخا؛ خۆیان ڕێک خستەوە لەگەڵ گرووپی ئەنساڕولئیسلام لە ھەرێمی کوردستان و دواتریش چوون بەرەو کەرکوک و دیالە و بەغدا و ئەوان بنەمای پێکھێنانی ڕێکخراوی قاعیدە بوون لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٤دا.
ئاژانس: ڕێکخراوی تەوحید و جیھاد لەسەر بنەمای ئەمنی و ھەواڵگری دامەزرا؟
ھیشام ھاشمی: ئەبو مسعەب زەرقاوی ئەزموونی ئەمنی و ڕێکخراویی ھەبوو و بۆ ئەوەش سوودی لە ژمارەیەک لە ئەفسەرانی دەزگای ھەواڵگریی ڕژێمی پێشوو وەرگرت، بەڵام وەک ڕاوێژکار مامەڵەی لەگەڵ دەکردن و نەیکردنە سەرکردەی جێبەجێکاری ڕێکخراوەکەی .
ئاژانس: سەرچاوە و بزوێنەری ڕێکخراوی تەوحید و جیھاد لە بواری ئەمنی و ھەواڵگری بە تەنھا بە بیرۆکەی جیھادی پشتی دەبەست یان سەرچاوەی دیکەش ڕۆڵی گێڕاوە تێیدا؟
ھیشام ھاشمی: لەناو عێراقدا ڕێکخراوی قاعیدە پشتی بە سێ ئەزموونی ھەواڵگریی نێودەوڵەتی بەستبوو، لەوانە: ئەزموونی خودی ڕێکخراوی قاعیدە لە جیھاندا لەگەڵ ئەو ڕێکارانەی کە ئەبو زوبەیدەی فەڵەستینی نووسیویەتی، دووەمیش ئەزموونی ئەفسەرانی ھەواڵگریی ڕژێمی پێشووی بەعس کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوی قاعیدەوە کردووە، سێھەمیش ئەزموونی ئەو خۆبەخشە نوێیانەی کە پەیوەندییان بە قاعیدەوە کردووە و ھەڵگری ڕەگەزنامەی سووری و جەزائیری و توونسی بوون.
ئاژانس: لە کام قۆناغدا کارمەندانی ئەمن و دەزگای ھەواڵگریی ڕژێمی پێشووی عێراق پەیوەندییان بە ڕێکخراوی تەوحید و جیھاد و باڵی ڕێکخراوی قاعیدە لە عێراق و گرووپی بەناو دەڵەتی ئیسلامی لە عێراقەوە کرد؟
ھیشام ھاشمی: لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٤دا حسێن ئەزیریج ئەبو ھودا بووە بەرپرسی ئەمنیی ڕێکخراوی قاعیدە، ھەر ئەویش شانەی ئەمنی و زانیاری و تیرۆری سیاسیی ئەو ڕێکخراوەی دروست کرد لە پاش ئەویش ئەبو محەمەد لوبنانی ئەو ئەرکەی گرتە دەست کە ئەزموونێکی نێودەوڵەوتیی ھەیە.
ئاژانس: بەعسییەکان ڕۆڵیان ھەبوو لە دامەزراندن و پارێزگاری لە سیستمی ئەمنی و ھەواڵگریی گرووپە تەکفیری و جیھادییەکان لە عێراق؟
ھیشام ھاشمی: بەعسییەکان لە سەردەمی زەرقاویدا و ئەبو حەمزە موھاجیردا زۆر پێشوازیلێکراو نەبوون و تەنانەت ئەوانەشیان کە تۆبەیان دەکرد بۆ ماوەیەک وەک ڕاوێژکار بە کار دەھێنران و دواتر لە کار ڕادەگیران.
ئاژانس: ئایا سەدام حسێن سوپای محەمەدی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاریی دەرەکی دروست کردووە، ئایا ئەو گرووپە ژێرخانی ھەواڵگریی ھەبووە؟
ھیشام ھاشمی: بەڵێ ڕاستە سەدام حسێن سوپای محەمەدی دروست کرد، بەڵام ھەڵوەشایەوە بە ھۆی بێھێزیی لە دروستکردنی توانای مرۆیی و یەکێکی دیکە لە ھۆکارەکانی ھەڵوەشاندانەوەی ئەو گرووپە دەستگیرکردنی سەدام حسێن بوو؛ کە زۆر لە سەرکردەکانی ئەو گرووپە بە پارەیەکی زۆرەوە ھەڵاتن بۆ دەرەوەی عێراق .
ئاژانس: تایبەتمەندیی ھەواڵگریی گرووپە جیھادییەکان چۆن بوون، لەژێر ناوی بەرگری کاریان دەکرد کاتێک ھاوپەیمانان ھاتنە عێراقەوە؟
ھیشام ھاشمی: زۆربەی گرووپە سەلەفی و ئیخوانی و سوفی و نیشتیمانی و بەعسییەکان پشتیان بە ئەزموونی ئەفسەرانی دەزگای ئەمن و ھەواڵگریی ڕژێمی پێشوو دەبەست.
ئاژانس: ئایا ڕێکخراوی قاعیدە لە عێراق دەزگایەکی تایبەتی ھەبوو بۆ ڕێگری لە سیخوڕی کە بە دژە ھەواڵگری ناسراوە؟
ھیشام ھاشمی: بەڵێ ڕێکخراوی قاعیدە ئەو دەزگایەی ھەبووە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ و بەرپرسی ئەو دەزگایەش کەسێکی زۆر تووندڕەو بووە، کە ناوی ئەبو عومەر جەنابی بووە و بەرپرسی کوشتن و گوللەبارانکردنی ئەو ئەندامانەی قاعیدەش بووە کە گومانیان لێ کراوە سیخوڕی بۆ لایەنی دیکە بکەن.
ئاژانس: ئایا ڕێکخراوی قاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق توانای تەکنەلۆژیی ئەوەیان ھەبووە چاودێریی سیخوڕیی بەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانەوە بکەن و گوێیان لێ بگرن؟ ئایا توانای دزەکردنە نێو تۆڕەکانی پەیوەندییان ھەبووە؟
ھیشام ھاشمی: قاعیدە توانای ھاککردنی ھەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان ھەبوو، بەڵام تەکنەلۆژیای گوێگرتنیان نەبوو لە تۆڕەکانی پەیوەندی .
ئاژانس: ئەی ڕێکخراوی قاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق کاریان بۆ ئەوە کردووە دەزگایەکی ھەواڵگریی ستراتیژی دابمەزرێنن؟ ئایا یەکەیان ھەبووە بۆ ھەڵسەنگاندنی زانیارییەکان؟
ھیشام ھاشمی: بەڵێ بەشی موئتە بە یەکێک لە دەزگا ھەواڵگرییەکانی داعش دادەنرێت، کە لە لایەن لوقمان عەلی شەواحەوە سەرۆکایەتی دەکرا، کە ھاووڵاتییەکی بە ڕەگەز سوری بووە، بۆ ئەو کارەش ئەبو سەعد شمالی نعێمی ھاوکاری بووە کە ئەویش ھەر سوری بووە و لەو بەشەدا یەکەیەکی کۆکردنەوەی زانیاری و ھەڵسەنگاندنی ھەبووە لەسەر ئەو بنەمایەش پێشنیار و ڕاسپاردە نووسراوە و ئەو بەشە نزیکترین بووە لە خەلیفەی داعشەوە .
ئاژانس: لە ڕووی ھەواڵگرییەوە ڕێکخراوی قاعیدە لە سەردەمی ئەبو مەسعەب زەرقاوی بەھێزتر بوو یان ڕێکخراوی دەوڵەتی عێراقی ئیسلامی لە سەردەمی ئەبو عومەر بەغدادی یان بە پێچەوانەوە؟
ھیشام ھاشمی: ڕێکخراوی داعش بەھێتر بووە لە ڕێکخراوی قاعیدە لە سەردەمی زەرقاویدا لە ڕووی مەشقپێکردن و ئەزموونەوە و جیاوازیی نێوانیان وەک جیاوازیی نێوان لادێ و شارە.