گفتوگۆ: شۆڕش ئهنوهر
لهم گفتوگۆیهدا مامۆستا یاسین وهرتى پێشنوێژ و وتارخوێن قسه لهسهر گرفتهكانى پهیوهست به وتارى مینبهرهكانهوه دهكات و له بارهى وتارى مینبهرهكانهوه دهڵێت ناتوانین بڵێین ڕۆڵی داواکراوی خۆیان دیوە و لە ئاستی پێویستدا بووە، پێشى وایه كه مامۆستایانى ئایینى لهو بارهوه بهرپرسیارن و زۆرێک لە وتاربێژان تا ئێستاش پەنا بۆ وتاری ئامادەکراوی ناو کتێبەکان دەبەن.
هەروەها سهرنجى ئهوهى ههیه كه له وڵاتى ئێمهدا تا ئێستاش مامۆستایانى ئایینى بە شێوەیەکی زانستی ئامادە ناکرێن و ڕاناهێنرێن و مەرج و پێویستییەکانی وتاربێژی تێدا نییە، ئهوهش ناشارێتهوه كه زۆرکات وتاری ئایینی بە هۆی ناکامڵیی وتاربێژەکان یان دەستوەردانی سیاسی و فەرزکردنی خیتابێکی دیاریکراو، لە ڕێڕەوی خۆی لادراوە و زیانیشی داوە لە پەیامە ئایینییە ڕەسەنەکەی خۆی.
مامۆستا یاسین وهرتى سهبارهت بهو ڕێكارانهشى كه تا ئێستا وەزارەتی ئەوقاف گرتوونیە بەر بەرامبەر بە وتاربێژان و مینبەری مزگەوتەکان پێی وایه كه هیچ گۆڕانکارییەکی ئیجابی و بنەڕەتییان بە دواوە نەبووە.
ئاژانس: وتاری ئایینیی مینبهر بهشێكی دانهبڕاوه له كۆمهڵگا موسڵمانهكان، سهرهڕاى زۆرى و بهردهوامى وتارى ئایینیى مینبهرهكان ئایا توانیویانه خاوهن ئهو كاریگهرییانه بن كه كۆمهڵگه لێیان چاوهڕوانه؟
یاسین وهرتى: یەکێک لە تایبەتمەندییە جوانەکانی ئیسلام و کۆڵەگەیەکی هەرە گرنگی ڕاگرتنی ئەو ئایینە بریتییە لە وتاری هەینی و کۆبوونەوەی هەفتانەی موسڵمانان لە کات و شوێنی دیاریکراو بۆ گوێگرتن لەو پەیامە هەفتانەیەی بڕیاره وتاربێژ پێشکەشی موسڵمانانی بکات، بێگومان ئەو وتارە ئایینییە (وتاری ڕۆژانی هەینی) کاریگەری زۆری هەبووە لە کۆمەڵگای موسڵماندا لەسەر ئاستی تاک و خێزان و کۆمەڵگاش، بەتایبەت لەپارێزگاری کردن لە ڕەوشت و بەها ئایینییەکان و پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین بڵێین ڕۆڵی داواکراوی خۆی دیوەو لە ئاستی پێویستدا بووە.
ئاژنس: بۆچى؟
یاسین وهرتى: چونکە ئەوەی لە وتاری ئایینی (هەینی) چاوەڕوان دەکرێ زۆر لەوە زیاترە و دەرفەتەکەش زۆر لەوە فراوانتر و گونجاوترە کە کارتێکردنەکانی لەو چوارچێوە سنوردارەی ئێستایدا قەتیس ببن.ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆرکات وتاری ئایینی بە هۆی ناکامڵی وتاربێژەکان یان دەست وەردانی سیاسی و فەرزکردنی خیتابێکی دیاریکراو، لەڕێڕەوی خۆی لادراوە و زیانیشی داوە لە پەیامە ئایینییە ڕەسەنەکەی خۆی، بۆ کۆمەڵگای موسڵمانیش بۆتە هۆی گرفت و سەرئێشە.
ئاژانس: بۆچی بهشێك له وتاربێژان ماوهی زیاتر لهنیو كاتژمێر قسهكردن ناتوانن پهیامێكی ڕوون بدهن به گوێگر؟
یاسین وهرتى: بەداخەوە ئەوە گرفتێکی بەربڵاوی ناو وتاربێژەکانمانە کە ناتوانن سوود لە کات وەربگرن و لە ماوەیەکی کەمدا پەیامی خۆیان بگەیەنن، هۆکارەکەشی بەپلەی یەکەم ئەوەیە وتاربێژ لە وڵاتی ئێمەدا تائێستاش بەشێوەیەکی زانستی ئامادە ناکرێ و ڕاناهێنرێ، مەرج و پێویستییەکانی وتاربێژی تێدا نییە، زۆرێکیان ناچاری و پێویستیی ژیان یان بۆشایی وەزیفی کردوونی بە وتاربێژ نەک توانا و لێهاتوویی یان ئامادەکردن و پێگەیاندن و ئەزموون.
هەروەها کەمیی خولی پێگەیاندن و ڕاهێنان و نەبوونی پێوەری ڕوون بۆ هەڵسەنگاندنی وتار و وتاربێژ لە لایەن دەزگای بەرپرس کە وەزارەتی ئەوقافە هۆکارێکی تری ئەو کێشەیەیە.
ئاژانس: بهردهوام قسهى ئهوه ههیه كه وتارى مینبهرهكان وتارى كۆن و دووبارهن بۆچى مامۆستاى ئایینى ناتوانێ لهسهر مینبهر ئهپتدهیتى وتاره ئایینییەكهى بكاتهوه؟
یاسین وهرتى: ئەوە تا ئەندازەیەکی زۆر ڕاستە، هەرچەند بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی ئەو گرفتەیان تێپەڕاندووە و هەوڵ دەدەن وتارەکانیان نوێ و هاوچەرخ بن، بەڵام هێشتا زۆرینەی هەرەزۆر لەو ئاستەدا نین، واتە ناتوانن شتی نوێ پێشکەش بکەن..
ئاژانس: هۆكارى ئهمه چییه؟
یاسین وهرتى: هۆکارەکەى لاوازیی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیریی مامۆستایانی ئایینییە کە ناخوێننەوە و خۆیان ماندوو ناکەن، زۆربەی مامۆستایانی ئایینی کتێبخانەی گەورەیان هەیە لە ماڵ و مزگەوتەکانیان بەڵام زۆر بەکەمی سوود لەو کتێبخانە و لەو کاتەی بۆیان ڕەخساوە وەردەگرن.
بێگومان لە پەنای ئەوەدا هۆکاری ئابووری و خراپی ژیان و گوزەرانیش بۆ هەندێک لە مامۆستایانی ئایینی بۆتە بەربەست کە بتوانن گەشە بەخۆیان بدەن، زۆر مامۆستای ئایینی هەیە ناچارە جگە لە ئەرکی مەلایەتی ئیشی دیکەش بکات بۆ دابینکردنی بژێوی خۆیی و خاووخێزانی، ئەوەش کاردەکاتە سەر تواناکانی ئەو کەسە و گرنکیدانی بە وتاری هەینی.
ئاژانس: سهرهنجى ئهوه لهسهر زمان و وتارى ئایینى مامۆستایان ههیه كهزمان و وتارگهلێكن تهشهیر و تهجاوزكردنى تێدایه بۆ دهرهوهى خۆى، ئایا مینبهر ئهو مافه بهمامۆستاى ئایینى یان وتاربێژ دهدات؟
یاسین وهرتى: بێگومان نەخێر، هیچ دەق و یاسایەکی دین ڕێگە بەوە نادا لە مینبەری مزگەوتەوە قسەی نەشیاو و تەشهیر بەرامبەر هیچ کەس و لایەن و ئایین و ئایینزایەک بکرێت، زمانی مینبەر و مزگەوت دەبێ زمانێکی پاک و بژارکراو بێت، بەڵام دەتوانم بڵێم لەو بوارەدا ناهەقی و زیادەڕەوییەکی زۆریش کراوە بەرامبەر مامۆستایانی ئایینی، چەند نموونەیەکی خراپ کراونەتە بەڵگە بەسەرکۆی مامۆستایانی ئایینییەوە، بەو پەڕی متمانەوە دەتوانم بڵێم ئەو وتاربێژانەی زمانی زبر و تەشهیر و سووکایەتی بەکار دەهێنن لە هەموو کوردستان بەپەنجەی دەست دەژمێررێن بەڵام لەڕێی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بابەتەکە گەورە کراوە و کۆی مامۆستایانی ئایینییان خستۆتە ژێر پرسیارەوە.
هەندێکیش هەن هەر پەیوەندییان بەپیشەی وتاربێژی و مامۆستای ئایینییەوە نییە بەڵام بەرگی مەلایەتییان کردووەتە بەر و لەملاولاوە قسە دەکەن و دەستاودەست بە ڤیدیۆ و تۆمارەکانیانەوە دەکرێت، ئەوەش لە ئەنجامی نەبوونی یاسای پێویست بۆ سزادانی ئەوانەی مومارەسەی کارێک دەکەن بێ ئەوەی سیفەتی یاسایی و شایستەیی ئەو کارەیان تێدابێت.
ئاژانس: ڕهخنه و قسه ههیه لهسهر ئاستى ڕۆشنبیریى مامۆستایانى ئایینى بهتایبهتیش ئهوانهى خاوهنى گوتارى مینبهرن، ئهمه تاچهند بهشداره له لاوازیى وتارى مینبهرهكان؟
یاسین وهرتى: بەداخەوە ئاستی زانستی و ڕۆشنبیریی زۆرێک لە مامۆستایانی ئایینی لاواز و نزمە، مامۆستای ئایینی بەتایبەت ئەوەی وتاربێژە پێویستە کەسێکی مەوسوعی بێت، زۆر گرنگە مامۆستای ئایینی خوێندنەوەی لە بوارەکانی مێژوو، سیاسەت، یاسا، کۆمەڵناسی، دەروونناسی، ئەدەب و هونەر و تێکڕای لقەکانی زانستدا هەبێت بەتایبەت زانستە مرۆڤایەتییەکان، ناکرێ وتاربێژ ئاگاداری زانست و مەعریفەی باوی سەردەمی خۆی نەبێت.
جێی داخە لەو ڕووەوە کەمتەرخەمیی زۆر هەیە لەناو مامۆستایانی ئایینیدا، زۆر کەم دەخوێننەوە تەنانەت لە زانستە شەرعییەکانیشدا کە تایبەتمەندیی خۆیانە زۆرکەم دەخوێننەوە، بێگومان شوێنەواری ئەو لاوازی ڕۆشنبیرییەش بەسەر وتارەکانەوە بە ڕوونی دیارە.
ئاژانس: ڕهخنهیهكى تر له مامۆستایانى ئایینى كه ههیه بریتییه لهوهى كه زۆر خۆیان ماندوو ناكهن به ئامادهكردنى وتارهكانیان؟
یاسین وهرتى: بەڵێ ئەوەش هەیە و باسێکی گەرم و بەردەوامی ناو مامۆستایانی ئایینیشە کە هەندێکیان خۆیان ماندوو ناکەن و ناگەڕێن بەدوای بابەتی گونجاو و زانیاریی پێویستدا بۆ دەوڵەمەندکردنی وتارەکانیان.
بەڵام من لەو ڕووەوە بۆچوونێکی ترم هەیە، پێم وایە مامۆستای ئایینی و کەسی وتاربێژ بەتایبەت پێویستە زیاتر گرنگی بە خۆی بدات و بەخۆیەوە ماندوو بێت نەک بە وتارەکەیەوە، واتە بەبەردەوامی ئیش لەسەر خۆی بکات و ئاستی زانستی و ڕۆشنبیریی خۆی بەرزبکاتەوە ئەوکات بە شێوەیەکی سروشتی ئاستی قسە و گوتارەکانیشی بەرز دەبێتەوە، نەک تەنها بۆ وتاری هەینی خۆی ماندوو بکات و هەندێک زانیاری کۆ بکاتەوە و بۆ ماوەیەکی کاتی خەڵکێک سەرسام بکات بەڵام نەتوانێ بەردەوام بێت.
ئاژانس: بۆچى وتارى مینبهر زۆرتر وتارێكه دابڕاوه له واقیع؟ دهگوترێت وتارى مینبهر ئهوهندهى لهسهر ڕابردوو دهژى ئهوهنده له ئێستادا نییه؟
یاسین وهرتى: بەڕای من ئەوە پەیوەندی بە جۆری تێگەیشتنی بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی هەیە بۆ ئیسلام، هەرچەندە زۆرێک لە مامۆستایانی ئایینی ئەوەیان تێپەڕاندووە بەڵام تا ئێستاش زۆرێکی تر پێیان وایە تێگەیشتنی ڕاست و دروست لە ئیسلام هەر ئەوەیە کە پێشینەکان لەسەری بوون، پێیان وایە بۆ تەفسیری قورئان و فەرموودە و فیقە و هەموو وردودرشتێک دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ڕای زانایانی پێشوو، ئەمەش وادەکات لە تەفسیر و تێڕوانینیان بۆ ئایەت و فەرموودەکان و هەڵوێست لە ڕووداوەکانی ئەم سەردەمەش پەنا بۆ کۆگای فیقه و تەفسیری ڕابردوو ببەن، تەنانەت نموونە هێنانەوەشیان هەر بەڕووداوە مێژووییەکانە.
سوودوەرگرتن لە کەلەپوری ئیسلامی شتێکی پێویسته گەر کۆپیکردن و گواستنەوەی دەقاودەق نەبێ، بەڵام گوتاری ئایینی ئەو بەشەی وتاربێژان لەوە تێدەپەڕێ تەنها سوودوەرگرتن بێت، بەڵکو بۆ دووبارەکردنەوە و گواستنەوەی ڕابردووە بۆ ئێستا، ئەمەش جگە لەوەی نالۆجیکی و ناواقیعییە لەگەڵ ئامانجی شەریعەتیشدا ناکۆکە.
هۆکارێکی تری ئەو دابڕانەی نێوان گوتاری ئایینیی بەشێک لە وتاربێژان و واقیعی کۆمەڵگا ئەوەیە زۆرێک لە وتاربێژان تا ئێستاش پەنا بۆ وتاری ئامادەکراوی ناو کتێبەکان دەبەن، کە هەندێکیان چەندین سەدە پێش ئێستا نووسراون، بێگومان گەر بمانەوێ وتارەکانمان واقیعی و سەردەمییانە بن، دەبێ لەگەڵ گەڕانەوە بۆ دەقەکانی قورئان و فەرموودە و سەرچاوە ڕەسەن و دێرینەکان هزر و بۆچوونی نوێ و خوێندنەوەی تازەش تێکەڵ بە وتارەکان بکرێت بۆ ئەوەی تاموبۆی ئەم سەردەمەی لێ بێت.
ئاژانس: ئایا مینبهر و گوتارى مینبهر نهبوونهته بهشێك لهو ململانێ سیاسییانهى كه ههن؟
یاسین وەرتی: بەڵێ بە درێژایی مێژوو ئێستاشی لەگەڵ بێت کاربەدەستان ودەسەڵاتی سیاسی ویستوویانە ئایین بۆ ئامانجی سیاسیی خۆیان بەکاربێنن، لەو نێوەشدا وتاری هەینی چەکە کاریگەرەکەی ئایین (ئیسلام) بەردەوام چاوی لەسەربووە و بە ڕێگای جۆربەجۆر هەوڵیان داوە بیخەنە ژێرکۆنتڕۆڵی خۆیانەوە، لەڕێی دانانی وتاربێژی نزیک لەخۆیان وئاڕاستەکردنیان بەو ئاڕاستەیەی بەرژەوەندیەکانیان پارێزراوبن و دەسەڵاتەکەیان بەردەوام بێت، یان لەڕێی فشاروهەڕەشەو ترساندن، یاخود خستنە ڕووی پلەوپایەو ئیمتیازات هەوڵی کڕینی وەلائو هەڵوێستی مامۆستایانی سەر مینبەریان داوە، ئەوەش نەک تەنها لە لایەن دەسەڵات بەڵکو هێزە سیاسییەکانی تریش هەوڵیان داوە سودی سیاسی لە وتاری مینبەر ببینن.
لە هەموو سەردەمێکیشدا هەندێک وتاربێژ هەبوون کەوتوونە ژێر کاریگەریی ئەو فشارانە و بوونەتە بەشێک لەململانێ سیاسییەکان، بەڵام هەمیشە وتاربێژی هاوسەنگ و هەقبێژیش هەبوون کەخۆیان ومینبەرەکانیان پاراستوە لەپاشکۆیەتی سیاسییەکان وململانێی حیزب ولایەنەکان، بوونەتە دەنگی ڕاستەقینەی ئایین و زمانحاڵی میللەتەکەیان.
دەسەڵاتی حیزبی کوردی ویستوویەتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بۆ سودی خۆی بەکاربێنێت، لەناویشیاندا وتاربێژ و مامۆستای ئایینی، زۆربەی مامۆستایانی ئایینیش درکیان بەو ڕاستییە کردووە لە زۆر کۆڕ و کۆبوونەوەشدا ئەوە بەڕووی دەسەڵاتدارانی هەرێمدا دراوەتەوە بەڵام هێشتا وشیاریەکی دەستەجەمعی وا دروست نەبووە بتوانن بەڕووی ئەو ویستەی دەسەڵاتدا بوەستنەوە و ڕێگە نەدەن بەکار بهێنرێن بۆ ئامانجی کاتی.
زانایانی ئایینی کوردستان لە ئێستا و ڕابردوودا لەزۆربەی وێستگەکانی خەبات و شۆڕشی نەتەوەییدا بەشداربوون و لەساتە هەستیارەکاندا باری لاری سیاسیەکانیان ڕاست کردۆتەوە، بەڵام دەسەڵاتی کوردی کەمترین وەفای نەبوە بۆ ئەو هەڵوێستانەی زانایانی ئایینی و لە پرسە گرنگەکاندا هیچ پرسێکیان پێناکەن و گوێ بۆ ناڕەزایەتییەکانیان ناگرن، زۆرجار تۆمەتی ناڕەواشیان دەدەنە پاڵ.
لەبارەی گوتاری سیاسیەوە دەسەڵات دوو فاقیەکی ئاشکرا بەرامبەر زانایانی ئایینی پەیڕەو دەکات، کاتێک بۆ هەندێک پرسی سیاسی ناچاریان دەکات قسە بکەن، بەڵام ئەگەر هەمان ئەو کەسانە لە پرسێکی تری سیاسیدا قسە بکەن کە لەگەڵ سیاسەتی ئەوان دا ناکۆک بێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەن، یان لە مینبەرەکانیان دووریان دەخەنەوە.
ئاژانس: ئایا بوونى ئهو ههموو مینبهرە و ئهو ههموو وتاره جیاوازانه، كاریگهرییهكانى بهسلبى بهسهر كۆمهڵگادا نهشكاونهتهوه؟ ئایا كۆمهڵگا پێویستى بهو ههموو مینبهره ههیه بهو ههموو وتاره جیاوازانهیانهوه؟
یاسین وهرتى: بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە گەر بگەڕێینەوە بۆ فیقهی ئیسلامی دەبینین زانایان بەو ئاڕاستەیەدا ڕۆیشتوون کە وتاری هەینی لەڕووی ژمارەوە زۆرو فرە مینبەر نەبێ، مەگەر لە کاتی پێویست، وا پێویستە لە هەر ئاوایی و شارێک یەک وتار بدرێت ئەگەر جێگا ببێتەوە، ئەگەر لە یەک مزگەوت جێگا نەبوو بکرێتە دوو وتار نەک سێ و چوار، ئیدی ئاوا بەپێی پێویستی خەڵک ژمارەی وتارو نوێژی هەینی دیاری دەکرێ، بەڵام ئێستا بەهۆی زۆری وتارەکان و نەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی وتاربێژی شیاو فەوزایەکی زۆر دروست بووە، بەتایبەت کە ئاڕاستەی جیاجیا لە پشت وتارەکانەوەن هەندێک جار موسڵمانی سادە سەری لێ دەشێوێ نازانێ کامیان ڕاستە و کامەیان هەڵەیە.
ئاژانس: چى بكرێت بۆ باشكردنى وتارى مینبهر؟ كێ پهیوهندیداره بهو پرسه؟
یاسین وهرتى: لایەنی پەیوەندیدار بە باشکردنی وتاری مزگەوت پێش هەموان وەزارەتی ئەوقافە، بەڵام یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی و ڕێکخراوە بانگخوازییەکان و خودی مامۆستایانی ئایینیش دەتوانن ڕۆڵی گەورە ببینن لە چارەسەری بەشێک لە گرفتەکانی وتاری هەینیدا.
بەڵام چۆن و چی بکرێت بۆ باشکردنی وتارەکان؟ وەڵامدانەوەی ئاسان نییە بەڵام من ئەو چەند خاڵەی خوارەوە بەگرنگ دەزانم:
1/ دامەزراندنی پەیمانگا یان کۆلێژێکی تایبەت بە پێگەیاندنی وتاربێژ لە کوردستان بە پڕۆگرامێکی خەست و چڕوپڕی زانستی و ئەکادیمی.
2/ کردنەوەی خولی پەرەپێدانی درێژخایەن بۆ وتاربێژەکانی ئێستا لەسەر ئەرکی وەزارەتی ئەوقاف و، بەمەرجگرتنی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی تایبەت و دەرچوون لێی بۆ بەردەوامبوون لە وتاربێژی.
3/ ڕێکخستنەوە و دیاری کردنی ژمارەی وتاری هەینی لە هەر شارو شاروشارۆچکەیەک بەپێی ژمارەی دانیشتوان و نوێژخوێنان.
٤/ بوونی دەستەیەکی چاودێری و هەڵسەگاندنی تایبەت بە وتاری هەینی لە ڕووی ناوەڕۆک و شێوازی گەیاندن کە ڕۆژانی هەینی لە مزگەوتەکان ئامادەبن ، دواتر سەرنج و تێبینیەکانیان بدەن بە وتاربێژو ئەوقافی سنورەکەی.
٥/ بوونی پێشبڕکێ و پاداشت و هاندان بۆ وتاربێژی سەرکەوتوو، ساڵانەو لەسەر ئاستی هەرێم و پارێزگاکان، لەسەر بنەمای چۆنایەتی وتارەکان و ڕای ئامادەبوانی مزگەوت لەسەر وتاربێژ.
٦/ ناردنەدەرەوەی وتاربێژان و مامۆستایانی ئایینی بۆ سودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی تر.
ئاژانس: له ماوهى ڕابردوودا وهزارهتى ئهوقاف كۆمهڵێك ڕێوشوێنى له بارهى گوتارى مینبهرهوه گرتوونهتهبهر لهوانه ههوڵى یهكخستنى گوتارى مینبهرهكان، ئهمانه چیان له دۆخى گوتارى مینبهرهكان گۆڕیوه؟
یاسین وهرتى: ئەو ڕێکارانەی تا ئێستا وەزارەتی ئەوقاف گرتوونیەبەر بەرامبەر بە وتاربێژان و مینبەری مزگەوتەکان هیچ گۆڕانکاریەکی ئیجابی و بنەڕەتیان بەدواوە نەبوە، بۆ نموونە ئەوان هەفتانە ناونیشانی وتار دیاری دەکەن بۆ وتاربێژان، بەڵام ئایا ئەوە سودی چیە لەکاتێکدا وتاربێژەکان هەر ئەوانەن کە پێشتر هەبوون بێ هیچ گۆڕانکاریەک لە ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری و هونەری وتاربێژیان.
سەبارەت بە گۆڕین و لادانی وتاربێژانیش کە ناوبەناو وەزارەتی ئەوقاف یەکێک لادەدات و یەکێکی تر لەجێی دادەنێت کەم وایە ئاڵوگۆڕەکان لەسەر بنەمای پیشەیی بوون و شایستەیی بێت، بەداخەوە ڕێکارەکان تێکەڵ بە میزاج و ململانێی سیاسین، ئەوەش وای کردووە زانایانی ئایینی و خەڵکی موسڵمانیش متمانەی بەو ڕێوشوێنانەی وەزارەتی ئەوقاف نەبێت.