پۆسته‌كان له هه‌رێمدا هاوسه‌نگیى هێزیان گۆڕیوه
ئاژانس – تایبه‌ت
به پێى ڕووپێوییهكى تایبه‌تى ״ئاژانس״ یه‌كێتیى نیشتیمانیى كوردستان له زۆربه‌ى جومگه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیراندا بووەته كه‌مینه بە بهراورود به پارتى، له كاتێكدا پێشتر پێكه‌وه و به سیستمى نیو به نیو حكومه‌تیان به‌رێوه بردووه و پڕۆسه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى پۆستهكانیشى به شێوازى جیاجیا به‌رده‌وامه.
كه‌مبوونه‌وه‌ى پۆسته‌كانى یه‌كێتیى له حكومه‌تدا هاوسه‌نگیى هێزیشی له هه‌رێمدا گۆڕیوه، ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه ئێستا یه‌كێتیى سه‌رگه‌رمى گه‌ڕانه به دواى پۆسته به‌تاڵه‌كانیدا به مه‌به‌ستى پڕكردنه‌وه‌یان.
فه‌رمانبه‌رانى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران
به پێى ئه‌و ڕووپێوییهى كه ״ئاژانس״ ئه‌نجامی داوه به پشتبه‌ستن به چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى باوه‌ڕپێكراو پشكى یه‌كێتیى له كارمه‌ندانى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم كه‌متره له 12% و پارتى شه‌ش هێنده‌ى یه‌كێتیى فه‌رمانبه‌رى هه‌یه.
به پێی داتایه‌كى حكومه‌تی هه‌رێم كه به‌رده‌ست ״ئاژانس״ كه‌وتووه، تا مانگى سێى 2017 تێكڕای میلاكی فه‌رمانبه‌رانی هه‌میشه‌یی و گرێبه‌ست له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، (2042) فه‌رمانبه‌ر بووه، كه (1745) فه‌رمانبه‌ریان هه‌میشه‌یی و (297) فه‌رمانبه‌ریان گرێبه‌ستن، له‌و ژماره‌یه ته‌نیا (120) فه‌رمانبه‌ریان له پشكى یه‌كێتیى بوون، ئه‌وه جگه له ژماره‌یه‌ك له هێزی زێره‌ڤانی و پۆلیس كه سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆن؛ له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌وام ده‌كه‌ن و هه‌ژمار نه‌كراون.
هاوكات له كۆی (46) پۆستی ڕاوێژكار له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ته‌نیا (11)یان سه‌ر به یه‌كێتیین و له (34) پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتییش له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، (12)یان یه‌كێتیین كه به پێى زانیارییه‌كانى ״ئاژانس״ حه‌وتیان هیچ به‌رپرسیارێتییه‌كیان نییه.
فهرمانگهكانى سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران
به پێى ئه‌و ڕووپێوییهى ״ئاژانس״ ئه‌نجامی داوه ناهاوسه‌نگى له نێوان یه‌كێتیى و پارتیدا فهمانگهكانى سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانیشی گرتووته‌وه.
له كۆی (149) فه‌رمانبه‌ری فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه ته‌نیا چواریان له پشكى یه‌كێتیین، ئه‌وه جگه له‌وه‌ى له كۆی (14) نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له وڵاتانى ده‌ره‌وه ته‌نیا پێنجیان یه‌كێتیین.
هاوكات له (31) فه‌رمانبه‌ری فه‌رمانگه‌ی ڕێكخراوه ناحكومییه‌كانى سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ته‌نیا هه‌شتیان یه‌كێتیین.
له په‌یمانگای دادوه‌ریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش كه (32) فه‌رمانبه‌ری پلهجیاوازی تێدایه، سه‌رۆكی په‌یمانگاكه و (17) فه‌رمانبه‌ریان پارتین و ته‌نیا دوو فه‌رمانبه‌ریان یه‌كێتیین.
دامه‌زراندنى هێزه ئه‌منییه‌كان
جگه له ناهاوسه‌نگى له‌نێو پۆسته حكومه‌ییه‌كاندا له ڕێگه‌ى پڕۆسه‌ى دامه‌زراندنه‌وه ئه‌و ناهاوسه‌نگه‌ییه به‌رده‌وامیى هه‌بووه.
له 1ی 10ی 2014دا به نووسراو و ئیمزاى مسته‌فای سه‌ید قادر وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ى دوورخراوه بڕیاری پێكهێنانی فه‌وجی یه‌كى پیاده‌ی شنگال له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه دراوه به دامه‌زراندنی (616) ئه‌فسه‌ر و پله‌دار له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كه سه‌رجه‌میان سه‌ر به پارتى دیمو‌كراتى كوردستانن .
له 13 ی8 ی 2014دا به ئیمزاى نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، بڕیاری دامه‌زراندنی (200) كه‌س به پله‌ی پۆلیسی پیاده له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ دراوه بۆ فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی كه سه‌رجه‌میان پارتین.
له 2ی 11ی 2016دا به نووسراوێكى تر‌ى نێچیرڤان بارزانی بڕیاری دامه‌زراندنی (2) كه‌س به پله‌ی (ڕائد) له‌سه‌ر میلاكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركراوه، له كاتێكدا به هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه دامه‌زراندن ڕاگیراوه .
هاوكات به فه‌رمانی مه‌سعود بارزانی دوو لیوای سه‌ربازیی له‌سه‌ر میلاكی هێزه‌كانی زێره‌ڤانی درووست كراون، كه ژماره‌یان (3700) كه‌سه و له هۆزه عه‌ره‌به‌كانی سنووری شنگال و ڕه‌بیعه و زومار پێك هاتوون، كه سه‌رجه‌میان نزیكن له پارتییه‌وه.
ئه‌و پۆستانه‌ى یه‌كێتیى كه چوونه‌ته ده‌ست پارتی
به‌شێك له‌و پۆستانه‌ى حكومه‌ت كه هاوسه‌نگیى هێزى له نێوان پارتى و یه‌كێتیدا گۆڕیوه، ئه‌و پۆستانه‌ن كه هیى یه‌كێتیى بوون و له پاش چۆڵبوونى به كه‌سێكى پارتى پڕ كراونه‌ته‌وه.
له ماوه‌ى ڕابردوودا به‌ڕێوه‌به‌ری میلاكاتی سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی دیوان له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده كه له پشكى یه‌كێتیى بووه؛ خانه‌نشین كراوه و كه‌سێكى پارتى خراوه‌ته جێگه‌كه‌ى و پۆستى به‌ڕێوه‌به‌ری چالاكیی دیده‌وانی له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش كه له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتیی بووه به هه‌مان شێوه چووەته ده‌ست پارتی و له پاش لابردنی دانا خدر به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه ئه‌هلییه‌كان له وه‌زاره‌تى په‌وه‌رده به فه‌رمانی پشتیوان سادق وه‌زیرى په‌روه‌رده كه‌سێكی تر له شوێنه‌كه‌ی دانراوه، كه له پشكى پارتییه.
گواستنه‌وه‌ى ڕاژه‌ى فه‌رمانبه‌ران
شێوازى تر‌ى گۆڕانكاری كه ئاڵۆگۆڕى له هاوكێشه‌ى هێزی یه‌كێتیى و پارتى كردووه له ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و فه‌رمانگه حكومییه‌كاندا گواستنه‌وه‌ى ڕاژه‌ى فه‌رمانبه‌ران بووه.
له 19-10-2015دا به پێى نووسراوێكى نێچیرڤان ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، بڕیاری گواستنه‌وه‌ی ڕاژه‌ی (249) فه‌رمانبه‌ر له‌سه‌ر میلاكی فه‌رمانگه‌ی پڕۆتۆكۆڵی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه بۆ سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و یه‌كه‌ی پاراستنی دیپلۆماته‌كانى فه‌رمانده‌ی زێره‌ڤانی ده‌ركراوه و له 28-5-2016شدا سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری گواستنه‌وه‌ی ڕاژه‌ی (45) پۆلیسی پاسه‌وانی خۆی داوه كه سیستمی پاشه‌كه‌وتی مووچه به ڕێژه‌ی (65%) ده‌یگرتنه‌وه بۆ سه‌ر میلاكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر كه سیستمی پاشه‌كه‌وتی مووچه به ڕێژه‌ی (%30) ده‌یانگرێته‌وه.
هاوكات له 18-10-2016دا به ئیمزاى كه‌ریم سنجاری وه‌زیری پێشمه‌رگه به وه‌كاله‌ت، بڕیاری گواستنه‌وه‌ی ڕاژه‌ی (5) ئه‌فسه‌ر و پێشمه‌رگه له‌سه‌ر میلاكی فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی (70)ى یه‌كێتیى دراوه بۆ سه‌ر میلاكی فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی (80) كه سه‌ر به پارتییه .
گۆڕانكارییه‌كانى ئیداره‌ى هه‌ولێر
به‌شێك له‌و گۆڕانكارییانه‌ى له هاوكێشه‌ى هێزى لایه‌نه‌كاندا كراوه له سنوورى هه‌ولێرى پایته‌خته به‌تایبه‌ت له سنوورى بهڕێوهبهرایهتییهكانیدا.
له 8-9-2016دا عه‌لی ڕه‌شید سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، ڕایگه‌یاند: ״نووسراوێك ئاڕاسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كه‌ین به مه‌به‌ستی ئه‌و پۆستانه‌ی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌كانی (په‌روه‌رده، شه‌هیدان، شاره‌وانییه‌كان، ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شتوگوزار) كه له پشكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه و پڕ كراونه‌ته‌وه له لایه‌ن كادرانی پارتییه‌وه به وه‌كاله‌ت بكرێنه هه‌میشه‌یی״.
یه‌كێتیى: پۆستەکان هاوسەنگیی هێزیان گۆڕیوە
له ماوه‌ى ڕابردوودا ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیى بڕیاری دا كه پۆسته به‌تاڵه‌كانى له حكومه‌تدا پر بكاته‌وه یان ئه‌و پۆستانه‌ى پشكى ئه‌و حزبه‌ن و به ده‌ست حزبی ترەوهن وه‌ری بگرێته‌وه.
ڕابه‌ر سه‌یدبرایم ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیى به ״ئاژانس״ى وت: ״ڕاپۆرتى مه‌ڵبه‌ند و لیژنه‌كان ته‌واو بوون، ژماره‌ى پۆسته‌كان زۆرن كه به‌تاڵن، به‌ڵام هێشتا نازانین ژماره‌ى ئه‌و پۆستانه چه‌ندن كه پشكى یه‌كێتیین و خاڵین یان به ده‌ست پارتییهوهن، بۆیه له كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى لیژنه‌كه‌دا دواى ڕوونبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى پۆسته‌كان، ئه‌و كاندیدانه‌ى كه دیارى كراون هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ده‌كرێت״.
وتیشى: ״ئه‌و پۆستانه یه‌كێتیى به هۆى كێشه‌ى ناوخۆییه‌وه نه‌یتوانیوه پڕیان بكاته‌وه، كاندیدمان نه‌بووه بۆ ئه‌و پۆستانه، به‌ڵام ئێستا بڕیارى پڕكردنه‌وه‌یان دراوه و له ئایینده‌یه‌كى نزیكدا پڕیان ده‌كه‌ینه‌وه، یه‌كێتیى نه‌یویستووه به وه‌رگرتنى پۆست هاوسه‌نگى و یه‌كڕیزى و ته‌بایى تێك بدات، به‌ڵكو خۆى كردووەته قوربانى، ئه‌وه‌ش واى كردووه باڵانسى هێز له‌ناو حكومه‌تدا بگۆڕێت به زیانى یه‌كێتیى، بۆیه له نهخشهڕێگاكهماندا داواى هاوسه‌نگیمان كردووه له پۆسته‌كانى هه‌رێمدا״.
پۆست هاوسه‌نگیى هێزى گۆڕى
له پاش ڕاپه‌ڕینى ساڵى 1991 پێکهێنانى یه‌كه‌م كابینه‌ى حكومه‌ت به شێوه‌ى نیوبهنیو بوو له نێوان یه‌كێتیى و پارتیدا، به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونى به قۆناغه‌كانى شه‌ڕى ناوخۆ و دووئیدارهییدا هاوسه‌نگیى ئه‌و دوو هێزه له حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانیدا گۆڕانكاریى به‌سه‌ردا هاتووه به شێوه‌یه‌ك له به‌رژەوه‌ندیى پارتیدا بووه.
د. ئه‌مین فه‌ره‌ج مامۆستاى زانسته سیاسییه‌كانى زانكۆى سه‌لاحه‌دین پێی وایه به‌شێكى زۆرى ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ى له هاوسه‌نگیى پۆسته‌كاندا ڕووی داوه په‌یوه‌ندیى به به‌ركه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌یه كه له كۆتا هه‌ڵبژاردندا پارتى ده‌نگى له هه‌موو حزبه‌كان زیاتر هێناوه و ده‌شڵێت: ״له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له دواى ڕاپه‌ڕینه‌وه پڕۆسه‌ى سیاسى و به‌ڕێوه‌بردن به ده‌ست پارتى و یه‌كێتییه‌وه بووه، بۆیه به‌شى هه‌ره زۆرى دامه‌زراندنه‌كان له‌و دوو حزبه بووه.״
د. ئه‌مین فه‌ره‌ج به ״ئاژانس״ى وت: ״یه‌كێتیى له دواى یه‌كگرتنه‌وه‌ى ئیداره‌كان تووشى ئینشیقاق بوو، ئه‌مه‌ش ده‌نگى یه‌كێتیى كه‌م كرده‌وه و هاوسه‌نگیى هێزى له هه‌رێم گۆڕى، نه‌یتوانى به‌شێك له‌و پۆستانه به ده‌ست بێنێت و كۆتایى به سیستمى 50 به 50 هات له‌گه‌ڵ پارتیدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گۆڕان بوو به ئۆپۆزسیۆن و به‌شداریى حكومه‌تى نه‌كرد و پۆستى وه‌رنه‌گرت، له ململانێ سیاسییه‌كانى دواتریشدا لاوازیى یه‌كێتیى هۆكارێكى تر بوو بۆ ئه‌وه‌ى پارتى زۆربه‌ى پۆسته هه‌ستیاره‌كانى هه‌رێمى بۆ خۆى به ده‌ست بێنێت.״
وتیشى: ״له ڕووى تیۆرییه‌وه هه‌رێمى كوردستان فرهحزبیى هه‌یه به‌ڵام به شێوه‌یه‌كى زانستى نه‌چووه‌ته ناو دامه‌زراوه‌كانه‌وه، ئه‌مه‌ش ماناى ئه‌وه نییه به‌ره‌و تاكحزبى ده‌ڕۆین به‌ڵام ئه‌م شێوازى ناهاوسه‌نگییه ته‌ندرووست نییه״.