پارتی: مامەڵە لەگەڵ ئەوە دەكەین كە هەڵدەبژێردرێت
ئاژانس – سامان عومەر
لە دوای دوو مانگ لە ئەنجامدانی كۆنگرە، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دووەم كاری قورسی خۆی لەمساڵدا یەكلایی كردەوە، سەرۆكایەتیكردنی ئەو حزبە كە لە دوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری پێشوو بۆشاییەكی گەورەی لەناو ئەو حزبەدا بەجێ هێشت كە دواجار بافل تاڵەبانیی كوڕی و لاهور شێخ جەنگیی برازای بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بوونە هاوسەرۆكی یەكێتیی.
ئارام قادر خەبات، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״دوای گفتوگۆیەكی زۆر بە كۆی دەنگ بڕیاری هاوسەرۆكی پەسەند كرا لەبری دەستەی سەرۆكایەتی و بە كۆی 93 دەنگ هەموو بڕگەكانی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی پەسەند كران و تەنها ماددەی هەشتی پەیڕەوەكە ماوە، که پەیوەستە بە دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتیی، ئهویش گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی پەسەند دەكرێت.״
ئەو هەنگاوە سەرەتای قۆناغێكی دیكەیە بۆ یەكێتیی بۆ كۆكردنەوەی ناوەندێتیی بڕیاردان تیایدا كە پێشتر بڵاو ببووەوە.
لە دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكانی یەكێتیی، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتیی لەناو بارەگای مەكتەبی سیاسی وتی: ״ئەمە شەرەفێكی گەورە و ئەركێكی قورسیشە، لە هەمان كاتدا شاندانە بەر ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیە لە كاتێكدایە یەكێتیی لە دە ساڵی ڕابردوودا هەوراز و نشێوی بە خۆیەوە بینی، بەڵام بە هیممەتی ئێوە و مانان بە تایبەت كادرانی یەكێتیی و كەسوكاری شەهیدان توانیمان ئەم كۆسپە قورسانە پێكەوە تێپەڕێنین.״
وتیشی: ״ئەركە قورسەكەی ئێمە لە دوای كۆنگرە لەمڕۆوە دەست پێ دەكات و واجبی ئێمە وەك هاوسەرۆك ئەوە دەبێت، كە خەڵك لەگەڵ یەكێتیی ئاشت بكەینەوە و سەربازێكی ونی ئەم حزبە دەبین بۆ لەمەودوا.״
هاوكات بافڵ تاڵەبانی وتی: ״ئەم متمانەیە هەرگیز لە دەست نادهین و شار بە شار ئەم حزبە هەڵدەستێنینەوە.״
ئەو گۆڕانكارییەی دوێنێ سێشەممە 18ی شوبات، یەكێتیی بۆ جارێكی دیكە دەخاتەوە سەرەوەی هەڕەمی هاوكێشەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و دەرگا بۆ هاوسەنگكردنەوەی پارسەنگی هێز دەكاتەوە.
پێشنبینییەكی دیكە ئەوەیە ئەو گۆڕانكارییە ناوخۆییهی یەكێتیی گۆڕانكارییش لەسەر ئاستی خزمەتگوزاریی هاووڵاتییان بكات كە پێویستی سەرەكییانە، بە تایبەت كە یەكێتیی یەكێكە لە دوو پایە سەرەكییەكەی بەڕێوەبردن لە هەرێمی كوردستان.
سكرتێری ئەنجوومەن هەڵدەبژێردرێت
ئارام قادر خەبات ئاشكرای كرد؛ بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی شوبات گفتوگۆ بكرێت لەسەر ئەوەی كە سكرتێرێك بۆ ئەنجوومەنەكە هەڵبژێردرێت و جێگر و بڕیاردەری ئەنجوومەنیش هەڵبژێردرێن و دوابەدوای ئەوە قسە لەسەر ئەوە دەكرێت كە مەڵبەند و مەكتەب و بۆردەكان هەڵبژاردنیان بۆ بكرێت.״
وتیشی: ״بۆ سكرتێری ئەنجوومەنەكە قسە لەسەر هەریەك لە كاك مستەفا چاوڕەش و قادر عەزیز و د.خەسرەو و ڕزگار عەلی دەكرێت و ناویان هاتووە.״
هاوسەرۆكەكان دەسەڵاتەكان دابەش دەكەن
هاوسەرۆکهكان حێگریان نییە و دەسەڵاتەكانیش وەك ئەوەی لە پەیڕەوی ناوخۆ دیاری كراوە لە نێوان خۆیاندا ڕێككەوتنی لەسەر دەكەن.
ئارام قادر دەڵێت: ״دەسەڵاتی هاوسەرۆكەكان بۆ بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە پێی پەیڕەو دیاری كراوە، كە هەردوو هاوسەرۆکهكان دەسەڵاتی پەیوەندی و دارایی و ڕێكخستن و سەرپەرشتیكردنی هەموو ئۆرگانەكانیان هەیە و بەشێكی زۆری دسەڵاتەكانی سكرتێری پێشوویان دەبێت، بەڵام لەژێر چاودێریی ئەنجوومەنی گشتی و سەركردایەتیدا، دەسەڵاتەكانیش دوو مەلەفی جیاواز دەبن كە یەكێك لە هاوسەرۆکهكان دەسەڵاتی ئەمنی و پەیوەندییەكان وەردەگرێت و ئەوەی تریان ڕێكخستن و دارایی وەردەگرێت و خودی هاوسەرۆکهكان خۆیان دەسەڵاتەكان لەناو خۆیان دابەش دەكەن.״
پارتی: مامەڵە لەگەڵ ئەوە دەكەین كە هەڵبژێردراوە
پێدەچێت هەڵبژاردنی هاسەرۆكانی یەكێتیی پەڕەیەكی دیكە لە پەیوەندیی نێوان یەكێتیی و پارتی هەڵبداتەوە، كە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا جێگیر نەبووە.
دەستبەجێ لە پاش هەڵبژاردنی هاوسەرۆکهكانی یەكێتیی، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند: ״یەكێتیی هەر بڕیارێك بدات ئێمە پیرۆزباییان لێ دەكەین و ئەو ڕێككەوتنانەی لەگەڵ ڕەحمەتیی مام جەلال هەمان بوو هیوادارین كاری لەسەر بكەین.״
ئەو هەڵوێستە ئاماژەیە بۆ مامەڵەكردنی پارتی لەگەڵ واقیعی هەڵبژێردراوی خودی یەكێتیی، كە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پێكەوە ئیدارەی هەرێمی كوردستانیان داوە و بۆ قۆناغی داهاتووش چاوەڕوان دەكرێت گۆڕانكاریی ناو یەكێتیی گۆڕانكارییش لە شێوازی بەڕێوهبردندا بكات.
هیوا گەیلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״یەكێتیی لەگەڵ ئێمە هاوبەشی حكومەت و پەرلەمانە، ئێمە تەمەننا دەكەین ئەوان ئیستقراریان هەبێت لە نێوان خۆیاندا، ئەم پرسە پرسێكی ناوخۆی یەكێتییە و بابەتێكی حزبییە كێ هەڵدەبژێرن بۆ سەرۆك و هاوسەرۆك و ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەو سەركردایەتییە دەكەین، كە خۆیان هەڵیدەبژێرن و حەز دەكەین لە هەموو حاڵەتێكدا پەیوەندییەكی ئاساییمان هەبێت لەگەڵیاندا.״