هەڵسووڕاوێكی گۆڕان: ئامادەی یەكگرتنەوەین
ئاژانس – ئارا ئیبراهیم
یەكێتیی هەنگاوی یەكەم بە ئاڕاستەی یەكگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان دەنێت و بڕیارە ئەو پرسە لەگەڵ جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕاندا باس بكەن و بەرپرسێكی گۆڕانیش دەڵێت: ״زۆرینەمان لەگەڵ ئەوەین لەگەڵ یەكێتیی یەك بگرینەوە.״
25ی 12ی 2016 ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی كۆ بووەوه و بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״ تیایدا پرسی یەكگرتنەوەی یەكێتیی و گۆڕان تاووتوێ كراوە.
یەكێك لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״لەسەر پرسی یەكگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان، لە كۆبوونەوەكەدا دوو ئاڕاستە هەبووە، كە ئاڕاستەیەكیان، باوەڕی وا بوو یەكێتیی لەگەڵ گۆڕاندا یەك بگرێتەوە و ئاڕاستەی دووەمیش، پێی وا بوو كە، لە ئێستادا ڕێككەوتنە سیاسییەكەی نێوان یەكێتیی و گۆڕان، كافییە و زۆرینەش لەگەڵ ئەوەدا بوون كە ڕێز لە ڕێكکەوتنەكە بگیرێت״.
شێركۆ میروەیس، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی كە بەشداریی كۆبوونەوەكەی كردووە بە ״ئاژانس״ی وت: ״وەك یەكێتیی دەستمان بە ڕێکكەوتنهکهمانەوە گرتووە لەگەڵ گۆڕان و لەگەڵ پرسی یەكگرتنەوەشین، بۆ ئەوەی یەكێتیی و گۆڕان پێكەوە ئەو پرسانەی كە دێتە پێشەوە بە یەك حزب ڕووبەڕووی ببنەوە״.
شێركۆ میروەیس وتیشی: ״ڕێكکەوتنی گۆڕان و یەكێتیی قۆناغی یەكەم بووە و قۆناغی دووەم یەكگرتنەوەیان دەبێت كە پرسێكی دوولایەنەیە و تێگەیشتنی جددییش لەو بارەیەوە لای گۆڕان درووست بووە، ئیرادەیەك لە هەردوولاوە هەیە بۆ ئەوەی زووتر ئەنجام بدرێت و قسەش لەسەر ئەوە كرا لەگەڵ جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان و خاوەن بڕیارەكانیان لەو بارەیەوە گفتوگۆ بكرێت و ڕای نەوشیروان مستەفاش وەردەگیرێت.״
لەتیف شێخ عومەر، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتییش بە ״ئاژانس״ی وت: ״بۆ یەكێتیی و گۆڕان ئاسانترە یەك بگرین بۆ ئاشتەوایی سیاسیی ناو ماڵی كورد و ئاگادارین كە تەنانەت خاوەن بڕیارەكانی گۆڕان هاوڕان و دەڵێن كاتی ئەوە هاتووە یەكێتیی و گۆڕان یەك بگرنەوە״.
یەكێتیی و گۆڕان لە مانگی پێنجی ڕابردووەوە ڕێكکەوتنی نێوانیان ئیمزا كردووە بۆ درووستكردنی هەماهەنگی و هاوهەڵوێستیی نێوانیان لەسەر چەندین پرسی جیاواز.
مام ڕۆستەم، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەگەر یەكێتیی مەبەستی یەكگرتنەوە بێت ئەوا گۆڕان هەموو كاتێك ئامادەی یەكگرتنەوەیە״.
هاوكات دانا عەبدولكەریم، لە (ژووری حكوومەت و پەرلەمان)ی بزووتنەوەی گۆڕان بە ״ئاژانس״ی وت: ״زۆربەی زۆرمان وەكو گۆڕان یەكگرتنەوەمان لەگەڵ یەكێتیی پێ باشە تا ببینە هێزێكی سیاسیی گەورە و بتوانێت كۆتایی بهێنێت بەو باڵانسی هێزەی كە ئێستا تێك چووە لە هەرێمی كوردستاندا.״