داهات ئاشكرا بکرێت و پارتی ڕێککەوتنی ژێربەژێر نەکات
ئاژانس – شیروان موحەمەد ئەمین
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان پاكێجێكی چوارخاڵیی خستووەتە بەردەم پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕێکكەوتن لەسەری وەك پێشمەرجی دەستپێكردنی گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، كە دیارترین خاڵەكانی شەراكەتی ڕاستەقینەیە لە بەڕێوەبردندا.
دوێنێ سێشەممە 11ی كانوونی یەكەم، وەفدی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی و پارتی لە هەولێر كۆ بوونەوە و دواتر سەبارەت بە كاری هاوبەشی نێوانیان ڕاگەیهندراوێكیان بڵاو كردەوە.
بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״ لەو كۆبوونەوەیەدا یەكێتیی پاكێجێكی چوارخاڵییان داوهتە پارتی بۆ ڕێكکەوتن لەسەری وەك پێشمەرجی دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوانیان بۆ پێكهێنانی حكومەت.
بەرپرسێكی باڵای یەكێتیی كە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتهوه بۆ ״ئاژانس״ ئاشكرای كرد: ״ڕادەستكردنی ئەو پاكێجە چوارخاڵییە بە پارتی بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕێکكەوتنێكی نوێی ستراتیژی بوو لە نێوانماندا، كە لایەنی سیاسی و سەربازی و ئابووری و شەراكەتی ڕاستەقینە لە دەسەڵات و بەڕێوەبردندا دەگرێتەوە.״
وتیشی: ״لە پاكێجەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە دەبێت لە ڕووی سەربازییەوە خاوەنی یەك هەڵوێست بین بەتایبەت لە ناوچە جێناكۆکەكاندا، لە ڕووی ئابوورییشەوە یەكێتیی ئاگاداری تەواوی داهاتەكانی هەرێم بێت، لە ڕووی سیاسییشەوە لە حكومەتێكدا بەشدار نابین كە لە دەرەوەی ئێمە و بەبێ ئاگاداركردنەوەمان پارتی ڕێكکەوتنی سیاسی بكات و لە حكومەتی داهاتووشدا شەریكی ڕاستەقینه بین نەك وەك ئەزموونی حكومەتی ڕابردوو״.
بە پێی زانیارییەكان مەكتەبی سیاسیی پارتی لە كۆبوونەوەكەدا هەڵوێستیان لەسەر ئەو پاكێجە ئیجابی بووە و وتوویانه كە هەفتەی ئاییندە گفتوگۆی لەسەر دەكەن و وەڵامیان دەدەنەوە.