ئاژانس
بە وتەی سەرچاوەیەکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی داوای کردووە کۆبوونەوەی داھاتوویان لەگەڵ ئەو حزبە لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بێت و دەشڵێت: “خاڵی ھاوبەشی نێوانمان زۆر زیاترە لە گرفتەکان.”
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکەین بۆ “ئاژانس” وتی: “یەکێتیی داوای کردووە لە دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێم کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت، ئێمەش بەم نزیکانە لەسەر شوێن و کاتی کۆبوونەوەکان مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی لە ھەولێر ئاگادار دەکەینەوە”.
وتیشی: “کۆبوونەوەی نێوان یەکێتیی و پارتی گرنگە بۆ چارەسەری کێشەکان، کە خاڵی ھاوبەشی نێوانمان زۆر زیاترە لە ھەندێک گرفت کە نەتوانین لەسەری ڕێککەوتن بکەین، بۆیە ھیوامان بە کۆبوونەوەی داھاتوو ھەیە.”