ئاژانس
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی لامەرکەزییەتدا داوای گۆڕانکاری لە پەیکەری حکومەتدا دەکات بە ئاڕاستەی بچووککردنەوەی و یەکگرتنەوەی ھەردوو سەرکردایەتیی ھەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران و یەکخستنی ھەندێک وەزارەت و ھەڵوەشاندنەوەی چەند وەزارەتێکی دیکە.
ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی بۆ “ئاژانس” وتی: “کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ گۆڕان لەسەر پرسی لامەرکەزی بەردەوامە، لەسەر ئەم پرسەش لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان ھەوڵ بۆ ڕێککەوتن دەدەین.”
وتیشی: “لەناو یەکێتیی گفتوگۆ لەسەر ئەوە کراوە، کە ناوەندەکانی کارگێڕی بەھێز بکرێن و ڕێژەیەکیش لە داھاتی لاوەکی بۆ پارێزگاکان خەرج بکرێت، یەکێتیی دەیەوێت بە پڕۆژەی لامەرکەزییەت پەیکەری حکومەت بگۆڕێت، ھەردوو سەرۆکایەتیی ھەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران بە ھەر ناوێک بێت یەک بگرن، ھەندێک وەزارەت لە بنەڕەتەوە بە پێویستی نازانین، وەک وەزارەتەکانی ناوخۆ و شارەوانی و خوێندنی باڵا و پلاندانان، ھەروەھا دەستەی مافی مرۆڤ و ژینگە، پێویستە ئەوانە لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا ھەبن، ھەروەھا پێویستە وەزارەتی بازرگانی و دارایی بکرێن بە یەک وەزارەت، تەنھا وەزارەتە سیادییەکان بمێننەوە”.