دۆسیەی بەشێکیان ״لافاو״ بردوویەتی
ئاژانس – هێمن مامەند
جوڵاندنەوەی پڕۆژەیاسای چاكسازی گێمێكی تری ناكۆكیی لە نێوان یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی پێ كرد، پارتی جەخت لەسەر بڕینی مووچەی چوار هەزار فەرمانبەری سنووری پێشووی ئیدارەی سلێمانی دەكاتەوە له کاتێکدا ئەو حزبە خۆی 11 هەزار كادری خۆی بە شێوەی نایاسایی دامەزراندووە، كە بەشێكی زۆریان مامەڵەی سەرەتاییەكانی دامەزراندنیان ون کراوە.
دووشەممەی ڕابردوو 7ی تشرینی یەكەم، لیژنەی تایبەت بە پڕۆژەیاسای چاكسازیی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە، كە تیایدا خانەنشینیی پلە باڵاكان و پلەی وەزیفی فەرمانبەران تاووتوێ کرا.
ئەو پرسە گرژییەكی تری درووست كردووە بە تایبەت بەوەی پەیوەندیی بەو فەرمانبەرانەوە هەیە كە لە ماوەی ڕابردوودا بە نایاسایی دامەزرنێراون یان ئەو كادرە حزبییانەی بە پلەی باڵا خانەنشین كراون.
لە كاتێكدا پارتی زوومی خستووەتە سەر چوار هەزار فەرمانبەری ئیدارەی پێشووی سلێمانی، كە دامەزرێنراون ئەو كاتە لە سنووری ئیدارەی هەولێر و دهۆك ڕێژەیەكی زیاتر فەرمانبەری بە نایاسایی دامەزراندووە و ژمارەیەك كادری خۆشی بە پلەی باڵا خانەنشین كردووە.
بەرپرسێكی باڵای یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە ئاگاداری وردەكارییەكانی لیژنەی چاكسازییە و لەبەر هەستیاریی پرسەكە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״یەكێتیی نایشارێتەوە كە لە سەردەمی دووئیدارەییدا لە ئیدارەی سلێمانیدا چوار هەزار كەسی وەكو فەرمانبەری حكومی دامەزراندووە، كە پشكی گۆڕان و حزبەكانی تریشی تێدایە، بەڵام ئەوان كاری حزبییان دەكرد و دوای تێكەڵاوبوونەوە و درووستبوونی یەك ئیدارە یەكێتیی ئەمەی بە ئاشكرا لەگەڵ پارتی باس كردووە.״
وتیشی: ״لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەو دۆسیەیه خراوەتە بەردەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی پێشووی حكومەت بۆ ئەوەی چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، دواتر دۆسیەكەیان لە وەزارەتی دارایی ون كراوە و پارتیش لە ئێستادا چەند بەڕێوەبەرێكی گشتیی یەكێتیی داوە بە دادگا و داواكاری گشتی و وەك كارتی فشار لە دژی یەكێتیی بە كاری دێنێت.״
ئەو بەرپرسە باڵایەی یەكێتیی ئاماژەی بەوەش كرد: ״پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەردەمی دووئیدارەییدا 11 هەزار كادر و ئەندامی خۆی بە نایاسایی دامەزراندووە و دواتر دۆسیەی هەر 11 هەزار كەسەكەشی بە یاسایی كردووە و دۆسیەی بۆ كردوونەتەوە و بڕوانامەی ساختەی بۆ درووست كردوون و ئەوانەی فەرمانی دامەزراندنیان نەبووە بۆیان درووست كراوە و سەدان كەس بە بڕوانامەی سەرەتایی كراون بە ڕاوێژكار یان سەرۆك جاش كراوە بە شەهیدی فەرماندە و 1300 فەرمانبەری گواستووەتەوە بۆ خەزێنەی سلێمانی بێ ئەوەی دۆسیەی هیچیان ڕەوانە بكات، كاتێكیش خەزێنەی سلێمانی داوای دۆسیەكانی كردووە وتوویانە بەر لافاو كەوتوون.״
״لەو ١١ هەزار كەسەی پارتی دەیان كەس هەن كە لە هەفتەی یەكەم فەرمانی دامەزراندنیان بۆ كراوە، بەڵام لە هەفتەی دووەم بە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین كراون״، ئەو سەرچاوەیەی یەكێتیی وای وت.
یاسای چاكسازی لە خانەنشینی لە خولی ڕابردوودا لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند كرا، بەڵام دواتر بە هۆی ناڕەزایی بەشێك لە فراكسیۆنەكانەوە ڕاگیرا و لە ئێستادا ئەو دۆسیە گەرم كراوەتەوە، لە كاتێكدا بەشێك لە لایەنەكان گومانیان هەیە جیاوازی لە ڕێوشوێنەكانی ئەو چاكسازییەدا بكرێت لە چوارچێوەی مووچەی فەرمانبەران و پلەی خانەنشیناندا.
ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״چەند ڕۆژێكه لە میدیاكانی پارتی هەڵمەتێك دژ بە یەكێتیی دەستی پێ كردووە، گوایە ئێمە لە چاكسازی دەترسین، بەڵام یەكێتیی هەرگیز لە چاكسازی ناترسێت و خۆی پڕۆژەی چاكسازی هەیە.״
وتیشی: ״ئەوەی ئێمە دەمانەوێت دادپەروەرییه لە چاكسازی هەبێت، بەڵام لە ئێستادا پارتی خەریكی نانبڕینی چوار هەزار فەرمانبەری ئێمەیە، كە پێشووتر لە ئیدارەی سلێمانی بە ئاشكرا دامەزراون ئەوانیش خەڵكی شیوعی و گۆڕان و لایەنی تریشی تێدایە كە سەردەمی دووئیدارەیی بوو ئەم پرسە تێپەڕی، بەڵام ئەی بۆچی پارتی لە سەردەمی دووئیدارەییدا لە ئیدارەی هەولێر یانزە هەزار كەسی بە نایاسایی دامەزراندوون و بەرگی یاسایی بۆ كردوون، ئەگەر ئێمە چوار هەزارمان دامەزراندبێت ئەوە دووهێندەی ئێمەیان دامەزراندووە بۆیە پێویستە ئەگەر چاكسازی دەكرێت بە دادپەروەری بكرێت.״
ئارێز عەبدوڵڵا وتیشی: ״ئێمە بە بەڵگە لە لامانە كە چەندین كادری ڕاگەیاندن هەیە لە كەناڵەكانی پارتی كار دەكات، بەڵام مووچە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری وەردەگرێت و لە دامودەزگاكان كراوە بە فەرمانبەر.״
پێدەچێت هەویری ئەم كێشەیە لە نێوان یەكێتیی و پارتیدا ئاو زۆر بكێشێت، لە كاتێكدا پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە دەست پارتییەوەیە وەك باڵاترین دەسەڵات، بڕیار بوو حكومەتی ئێستا حكومەتێكی هاوبەشی نێوان لایەنەكان بێت.
عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی بە ״ئاژانس״ی وت: ״پرسی چاكسازی بۆ هەموانە و نابێت كەس لە چاكسازی بترسێت، ئەگەر یەكێتیی باس لە 11 هەزار كەسی ئێمە دەكات، بەڵام 65 هەزار خانەنشین لە ئیدارەی سلێمانی كراوە لە كاتێكدا تەنیا 20 هەزار لە ئیدارەی هەولێر كراوە.״
عەتا شێخ ئاماژەی بەوەش كرد، ״سەرەڕای هەموو ئەمانە پرسی چاكسازی نانبڕاوكردنی كەس نییە، بەڵكوو پێداچوونەوە و ڕێكسختنەوەی پلەی فەرمانبەران و ڕێكخستنەوەی مووچەكانیانە، ئەگەر كەسێك بە بڕوانامەی شەشی سەرەتایی كراوە بە ڕاوێژكار ئێستا مووچەكەی نابڕدرێت، بەڵكوو دەكرێتەوە فەرمانبەرێكی ئاسایی و پلەی ڕاوێژكارییەكەی نامێنێت.״
بە پێی ڕێوشوێنەكانی ئەو پڕۆژەیاسایە، لە باری پەسەندكردنیدا لە پەرلەمان گۆڕانكاری لە مووچەی هەزاران فەرمانبەردا دەكرێت، كە لە ڕووی یاساییەوە پلەبەزركردنەوەیان و ئاستی مووچەكانیان كێشەی تێدایە.
دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئێستاش كە باس لە چاكسازی دەكرێت مانای بڕینی مووچەی كەس نییە، بەڵكوو بە مانای ڕێكخستنەوەی مووچەی ئەو كەسانە دێت و خەڵك هەیە چایچی بووە كراوە بە بەڕێوەبەری گشتی، ئێستاش بە پێی پڕۆژەی چاكسازییەكە ئەو كەسە دەگەڕێتەوە سەر پیشەكەی پێشووتری و مووچەكەشی كەم دەكرێتەوە و بە پێی بڕوانامە و ساڵی خزمەتی مووچەی بۆ هەژمار دەكرێت.״
بە پێی پێشبینیی ئەو كەسانەی لەو پڕۆژەیەدا كاریان كردووە لە باری جێبەجێكردنیدا نزیكەی 120 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״پڕۆژەی چاكسازی بۆ هەموانە و مەسەلەی نانبڕاوكردن نییە و نابێت نانی كەس ببڕدرێت، بەڵكوو دەبێت بە گوێرەی بڕوانامە و ساڵی حزمەتكردن مووچەی ئەو كەسانە چاك بكرێت، كە بە نایاسایی دامەزراون و پلەكانیان بەرز كراوەتەوە.״