دوو پێشنیارى سكرتێر ڕه‌ت كرایه‌وه… هه‌موان له‌گه‌ڵ دواخستن بوون… پارتی ئاماده نه‌بوو یاداشتێك بنووسێت
ئاژانس – نووسینگه‌ى هه‌ولێر
کاتژمێر هه‌شتى به‌یانى، 19ـى مانگى ئابی ساڵى 2015 زوومى كامێراى زۆربه‌ى میدیاكانى هه‌رێمى كوردستان به‌ره‌و په‌رله‌مان بوو، په‌یامنێرى كه‌ناڵه‌كان ده‌یانویست چاره‌نووسى دانیشتنێكى په‌رله‌مان بزانن كه بڕیار بوو ئه‌و ڕۆژه ئه‌نجام بدرێت، كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ كۆتا واده‌ى یاسایى مه‌سعود بارزانی له پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێمدا.
ماراسۆنى فراكسیۆنه‌كان بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته بوو له دانیشتنێكى په‌رله‌ماندا به ئامانجى هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم، ئه‌وه‌ش له پاش چه‌ند کاتژمێرێك له كۆبوونه‌وه‌ى شه‌وى پێشترى لایه‌نه سیاسییه‌كان به ئاماده‌بوونى نوێنه‌رى ئه‌مەریكا و بەریتانیا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووەكان كه تیایدا داواى دواخستنى دانیشتنه‌كه‌یان كرد.
سه‌ره‌ڕاى ناڕه‌زایی فراكسیۆنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان لایه‌نه‌كانى تر سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى دانیشتنه‌كه كه دواتر ده‌ره‌نجامه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستانى به‌ره‌و قه‌یرانێكى سیاسیى توند برد، كه دیارترین ده‌رهاویشته‌كانى ڕێگرى بوو له یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكى په‌رله‌مان بۆ چوونه ناو شارى هه‌ولێر له 29ـی ٩ـی 2015ـدا كه به هۆیه‌وه تا ئێستاش په‌رله‌مان په‌ك خراوە.
دوو پێشنیاره‌كه‌ى سكرتێرى په‌رله‌مان فه‌خره‌دین قادر سكرتێرى په‌رله‌مانى كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ویستوویانه ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ى په‌رله‌مان نائاسایى بێت، به‌ڵام به وته‌ى ناوبراو فراكسیۆنى پارتى ڕێگر بووه و پاساوهكهشى ئه‌وه بوو كه پرسی سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم به یاسا چاره‌سه‌ر ناكرێت.
فه‌خره‌دین قادر به ״ئاژانس״ى وت: ״کاتژمێر هه‌شتى سه‌رله‌به‌یانى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان كۆ بووه‌وە بۆ دواخستنى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان، من دوو پێشنیارم كرد كه یه‌كه‌میان ئه‌وه بوو به نوقتهنیزام په‌رله‌مانتارێك داواى دواخستنى دانیشتنه‌كه بكات و دوو كه‌سى تر پشتیوانیى بكه‌ن و ئه‌مه‌ش ده‌بوایه بخرێته ده‌نگدانه‌وه و كۆبوونه‌وه دوا بخرایه، به‌ڵام قبووڵ نه‌كرا، دواتر پێشنیارى دووه‌مم ئه‌وه بوو كه 37 په‌رله‌مانتار داواى دواخستنى دانیشتنه‌كه بكه‌ن كه فراكسیۆنى پارتى ده‌یتوانى ئه‌وه بكات كه 38 كورسیی هه‌بوو، به‌ڵام به‌مه‌ش ڕ‌ازى نه‌بوون״. ئه‌و ده‌ڵێت: ״پارتى ده‌یویست هه‌ر به زۆره‌ملێ كۆبوونه‌وه نه‌كرێت״.
كۆبوونه‌وه‌ى بێئه‌نجام كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى كه تا کاتژمێر نۆ به‌رده‌وام بووه بێ ئه‌وه‌ى بگه‌نه ئه‌نجام دواتر له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كان تا کاتژمێر 12 كۆ بوونه‌وه بێ ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ش ده‌ره‌نجامى هه‌بێت. فه‌خره‌دین قادر ده‌ڵێت: ״ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه بوو كه ڕێكارێك بۆ دواخستنى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان بدۆزرێته‌وه، فراكسیۆنى پارتى داواى ده‌كرد كۆبوونه‌وه‌كه بخرێته 23ـى ئاب یان هه‌ر نه‌كرێت.״
زه‌نگى بڕیاره قورسه‌كه لێ درا له پاش ئه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كان بێئه‌نجام بوو، فراكسیۆنه‌كانى تر جگه له فراكسیۆنى پارتى بڕیاره قورسه‌كه‌یان دا كه ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان بوو.
شوان قهڵادزێیى سه‌رۆكى فراكسیۆنى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى به ״ئاژانس״ی وت: ״له كۆبوونه‌وه‌ى فراكسیۆنه‌كان و سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌ماندا داوا له فراكسیۆنى پارتى كراوه كه یادداشتێك بنووسن بۆ دواخستنى كۆبوونه‌وه به‌ڵام یادداشته‌كه‌یان نه‌نووسی״. ״جهڕهسى نیشتمانى بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانتاران له ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه لێ درا و ئاگادارى فراكسیۆنه‌كانمان كرد و چووینه هۆڵى په‌رله‌مانەوە و ماوه‌یه‌ك چاوه‌ڕێمان كرد و چه‌ند جارێك ئاماده‌بووانمان ژمارد، به‌ڵام نیساب ته‌واو نه‌بوو.״ سكرتێرى په‌رله‌مان واى وت. ئێڤار ئیبراهیم په‌رله‌مانتارى گۆڕان به ״ئاژانس״ى وت: ״له‌ناو هۆڵى په‌رله‌ماندا چاوه‌ڕێى ئه‌ندامان بووین و پانزه خولهك له ژووره‌وه ماینه‌وه كه په‌نجاوسێ ئه‌ندام ئاماده بوون و چاوه‌ڕێ ده‌كرا ئه‌ندامى تریش بێت كه ئه‌بوو كاروان و شوان قهڵادزێیى و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكى یه‌كگرتووى ئیسلامى بوون، به‌ڵام نه‌هاتن״.
چاوه‌ڕێ ده‌كرا ئه‌ندامى تریش بێت، به‌ڵام نه‌هاتن.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى بزووتنه‌وه بۆ ئاماده نه‌بوو؟
ئه‌وكات ئاماده‌نه‌بوونى هه‌ریه‌ك له شوان قهلادزێیی و ئه‌بوو كاروان سه‌رۆكى فراكسیۆنى ئازادى له دانیشتنى په‌رله‌مان به یه‌كێك له هۆكاره‌كانى تهواونهبوونى نیسابی یاسایى دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مان هه‌ژمار ده‌كرا به‌و پێیه‌ى چاوه‌ڕوانى به‌شداریكردنیان لێ ده‌كرا. شوان قهلادزێیی ده‌ڵێت: ״من و ئه‌بوو كاروان له ژوورى سه‌رۆكى په‌رله‌مان هاتینه ده‌ره‌وه، من ویستم بچمه ژوورهكهى خۆم كه له نهۆمى پێنجى په‌رله‌مانه و هیى ئه‌بوو كاروانیش له نهۆمى چواره‌مه و تا نزیك کاتژمێر 12ـى نیوه‌ڕۆ له ژوورهكهى ئه‌بوو كاروان بووم״. به وته‌ى قه‌ڵادزێیی کاتژمێر دوانزه و ده خولهك سێ كه‌ناڵى ته‌له‌فزیۆن ته‌له‌فۆنیان بۆ كردووه تا قسه‌یان بۆ بكه‌ن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چووەته حه‌وشه‌ى په‌رله‌مان و له‌وێ گوێى له زه‌نگى ئاگاداركردنه‌وه‌ى دانیشتنى په‌رله‌مان نه‌بووه.
ئه‌و ده‌ڵێت: ״به شاهیدى چه‌ند كه‌سێك له كاتى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا زه‌نگى ئاگاداركردنه‌وه لێ دراوه و وهڵاوبیلا ئاگادارى زه‌نگ نه‌بووم و نازانم کاتژمێر چه‌ند چوونه ژووره و له‌و كاته ڕۆژنامه‌نووسان لێیان پرسیم كه ئاماده‌ى دانیشتنه‌كه ده‌بیت منیش وتم بۆ ئه‌وه هاتووم ئاماده بم״.
سه‌رۆكى فراكسیۆنى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى ده‌ڵێت: ״دواى ته‌واوبوونى چاوپێكه‌وتنه‌كه چووم بۆ لاى یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكى په‌رله‌مان و پێم وت كۆبوونه‌وه كه‌ى ده‌ست پێ ده‌كات، ئه‌ویش وتى ته‌واو بوو، ئیدى ئه‌مه ناخۆشترین ڕۆژى ژیانم بوو چونكه هه‌موو ئه‌و به‌رپرسه باڵایانه‌ى په‌یوه‌ندییان پێوه كردبووم بۆ به‌شدارینه‌كردن وتم به‌شدارى ده‌كه‌م، به‌ڵێنیشم دابوو.״
ئه‌مه ناخۆشترین ڕۆژى ژیانم بوو
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئۆباڵى فریانه‌كه‌وتنى ئاماده‌بوونى له‌و دانیشتنه‌دا ده‌خاته ئه‌ستۆى خێرا به‌ڕێكردنى دانیشتنه‌كه و ده‌ڵێت ״ئه‌وه‌ى كرا كۆبوونه‌وه نه‌بوو كه سێ بۆ چوار خولهك له ژووره‌وه بیت و بێیته ده‌ره‌وه״. ״هیچ فراكسیۆنێك له‌گه‌ڵ كۆبوونه‌وه‌كه نه‌بوو״ ئه‌بوو كاروان جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه هیچ فراكسیۆنێكى په‌رله‌مانى له‌گه‌ڵ ئه‌وه نه‌بوون كه كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان دوا نه‌خرێت و به ״ئاژانس״ى وت: ״سه‌رۆكى په‌رله‌مان وتى خۆمان پڕۆژه‌مان پێشكه‌ش كردووه و دانیشتنه‌كه دوا ناخه‌ین، به‌ڵام دژیشى ناوه‌ستین ئه‌گه‌ر سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كان دواى بخه‌ن.״
ئه‌بوو كاروان ده‌ڵێت: ״هه‌موو سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان دژى دواخستنى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان نه‌بوون و به هۆیه‌وه گرژى كه‌وته نێوان فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو كاتێك كۆمه‌ڵى ئیسلامى وتى ئێوه دواى بخه‌ن ئێمه دژى ناوه‌ستین، ئه‌وكات ئه‌بووبه‌كر هه‌ڵه‌دنى سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو تووڕه بوو وتى ئه‌و یارییه چییه؟.
به وته‌ى سه‌رۆكى فراكسیۆنى ئازادى ئه‌وكاته‌ى ئه‌وان چاوه‌ڕوانى كۆكردنه‌وه‌ى ئیمزا بوون بۆ دانیشتنه‌كه له ناكاو پێیان وتوون كۆبوونه‌وه دوا خرا و نیساب ته‌واو نه‌بووه و وتیشى: ״گوێم له زه‌نگى دانیشتن نه‌بوو هه‌موان دواتر وتیان كارێكى باشمان نه‌كرد بۆ كۆبوونه‌وه، ئه‌م پڕۆژه‌یه خرابووه كۆڵى په‌رله‌مان و نه‌یانده‌زانى چۆن له كۆڵ خۆیانى بكه‌نه‌وه.״
یه‌كگرتوو هۆكاره‌كه ئاشكرا ده‌كات به‌شێك له په‌رله‌مانتاره‌كانى یه‌كگرتووى ئیسلامى ئاماده‌ى دانیشتنه‌كه نه‌بوون كه به هۆیه‌وه نیسابی یاسایى ته‌واو نه‌كرا. محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ئه‌ندامى مه‌كته‌بی سیاسیى یه‌كگرتووى ئیسلامى ئاماژه به‌وه ده‌كات كه شه‌وى پێش دانیشتنه‌كه له میانه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه سیاسییه‌كاندا هه‌موان له‌گه‌ڵ دواخستنى دانیشتنى په‌رله‌ماندا بوون و سه‌ره‌تا گۆڕان نیگه‌ران بوو، به‌ڵام به وته‌ى ناوبراو دواتر په‌یوه‌ندیى بە نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێكخه‌رى گشتیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه كراوه.
محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د به ״ئاژانس״ى وت: ״كاك نه‌وشیروانیان له خه‌و هه‌ستاند و ئه‌ویش وتى با نه‌كرێت و په‌یوه‌ندیى به سه‌رۆكى په‌رله‌مانیشه‌وه كرا و ئه‌ویش ڕ‌ازى بوو״. وتیشى: ״ڕاى ئێمه ئه‌وه بوو ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه كارتێكى گوشارى باشه و له كاتى خۆى به‌كارى بهێنین بۆیه پێمان باش نه‌بوو كۆبوونه‌وه‌كه ئه‌و ڕۆژه بكرێت و جگه له‌وه‌ش گومانمان هەبوو كه ئاڵۆزى و ئاشووب درووست بێت و دوور نییه په‌ل نه‌كێشێت بۆ شه‌ڕى ناوخۆش״.