چاره‌نووسی ده‌یان كادرى لایه‌نه‌كان نادیاره و به‌شێكیشیان موڵكه‌كانیان له هه‌ولێر بۆ نه‌گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه
ئاژانس
دواى تێپه‌ڕبوونى بیستویه‌ك ساڵ به‌سه‌ر ڕووداوى 31ى ئابدا هێشتا به‌شێك له كێشه‌كانى ئه‌و ڕووداوه بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه، چاره‌نووسی به‌شێك له بێسه‌روشوێنانى ئه‌و ڕووداوه نادیاره و خاوه‌ندارێتیى موڵك و باره‌گاى به‌شێك له لایه‌نه سیاسییه‌كانیش كه ئه‌وكات داگیر كراون وه‌ك خۆیه‌تى و چاره‌سه‌ر نه‌كراوه.
له 31ى ئابى ساڵى 1996دا سوپاى ڕ‌ژێمى پێشووى عێراق له‌سه‌ر داواى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له‌شكركێشیى بۆ ناو هه‌ولێرى پایته‌خت كرد بۆ ده‌ركردنى هێزه‌كانى یه‌كێتیى نیشتیمانیى كوردستان.
ئه‌وكات ژماره‌یەك له كادری لایه‌نه سیاسییه‌كان بێسەروشوێن بوون و به‌شێك له موڵك و باره‌گاكانیشیان كه‌وته ده‌ست پارتى كه تا ئێستا نهیانداونهتهوه.
سابیر كاریتانى جێگرى لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندی سێی هه‌ولێری یه‌كێتیى ئاماژه به‌وه ده‌كات كه به هۆى ئه‌و ڕووداوه‌وه به‌شێك له پێشمه‌رگه و فه‌رمانده و كادیره‌كانیان له ده‌ست داوه و به‌شێكیشیان بێسه‌روشوێنن تاكو ئێستا چاره‌نووسیان نادیاره، كه ژماره‌یان ده‌گاته (73) كه‌س و ده‌شڵێت: ״هه‌رچه‌نده له هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامین بۆ زانینى سۆراغى ئه‌و كه‌سانه، به‌ڵام تاكو ئێستا هیچ ئه‌نجامێكى نه‌بووه״.
سابیر كاریتانى به ״ئاژانس״ى وت: ״جگه له زیانى گیانى سه‌رجه‌م باره‌گاكانمان له هه‌ولێر ده‌ستى به‌سه‌ردا گیرا و تاڵان كرا، هه‌ندێك خانوو و موڵكى تر كه هیى دۆست و لایه‌نگرانى یه‌كێتیى بوون لێیان سه‌نرایه‌وه و تاكو ئێستا به‌شێكى زۆریان قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه، هه‌ندێكیشان ناچار كران خانووه‌كانیان به نرخێكى زۆر هه‌رزان بفرۆشن و هه‌ولێر چۆڵ بكه‌ن״.
وتیشى: ״ئێمه وه‌ك یه‌كێتیی و حزبه‌كانى دیكه‌ش له دواى ڕاپه‌رین زۆربه‌ى ئه‌و باره‌گایانه‌ى به‌كارمان هێناوه موڵكى حكوومه‌ته و كاتى خۆى له لایه‌ن ڕ‌ژێمى به‌عسەوە به‌كار ده‌هێنرا، بۆیه ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه سه‌رجه‌م ئه‌و باره‌گایانه ته‌سلیم به حكوومه‌ت بكرێنه‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش یه‌كێتیى به به‌ڵگه‌وه ده‌ستپێشخه‌ریى زۆرى كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگاى نیگه‌رانیی ئه‌و حزبانه‌یه كه وه‌ك ئێمه زه‌رمه‌ند بوون به‌كارهێنانى بارهگاكهكانیانه له لایه‌ن لایه‌نێكى دیكه‌ى سیاسییهوە له هه‌ولێر، به‌بێ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ حكوومه‌ت״.
هاوكات گۆران جه‌لال ئه‌ندامى مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان به ״ئاژانس״ی وت: ״به‌ر له ڕووداوه‌كانى 31ى ئابی ساڵى 1996 ژماره‌یه‌ك باره‌گامان له هه‌ولێر هه‌بوو، به‌ڵام دواى ئه‌و ڕووداوه و جێهێشتنى شاره‌كه ئه‌و بارهگایانهمان كه‌وته ده‌ست لایه‌نێكى سیاسی (پارتى)، به تایبه‌تى باره‌گاى سه‌ره‌كیمان كه به شوێنى یه‌كێتیى ئافره‌تانی ئه‌و كاته‌ى عێراق ناسراوه له گه‌ڕه‌كى ئازادى، دواى گه‌ڕانه‌وه‌شمان بۆ هه‌ولێر هیچ كام له‌و موڵكانهمان پێ نه‌دراوه، جگه له پارچه‌یه‌ك زه‌وى و مینحه‌یه‌ك بۆ درووستكردنى باره‌گایه‌ك״.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی زه‌حمه‌تكێشان ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات: ״هه‌رچه‌نده نازانین ئێستا ئه‌و بارهگایانهمان كراوه به ناوى كێوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ده‌بینین كراوه‌ته باره‌گاى حزبى و بۆ كاروبارى لایه‌نێكی سیاسی به‌كار ده‌هێنرێت، ئه‌مه له كاتێكدا نابێت موڵکێكى حكوومى له‌ژێر هه‌ر پاساوێكدا بێت بكرێته موڵكى تایبه‌ت״.
به ته‌نیا لایه‌نه كوردییه‌کان زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بوون له‌و ڕووداوه به‌ڵكو به‌ره‌ى توركمانییش یه‌كێك بووه له‌و لایه‌نانه‌ى كه له‌و ڕووداوه‌دا زه‌ره‌رمه‌ند بووه.
ئایدن مه‌عروف سه‌رۆكى به‌ره‌ى توركمانى له هه‌ولێر به ״ئاژانس״ى وت: ״به‌شێك له ئه‌ندامى حزبه‌كانى توركمان به تایبه‌تى له به‌ره‌ى توركمان و توركمان ئیللی كه ژماره‌یان (48) چلوهه‌شت كه‌س ده‌بوون له لایه‌ن سوپاى به‌عس ده‌ستگیر كران، دواتریش هه‌موویان له سێداره دران و شه‌هید بوون، ئێستاش ڕووفاتى ئه‌و شه‌هیدانه‌مان به ده‌ست نه‌گه‌یشتووه، كه هه‌ندێك له‌وانه ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى بوون״.
هاوكات ئه‌حمه‌د وهرتى به‌رپرس له بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامیى كوردستان به ״ئاژانس״ى وت: ״هاوشێوه‌ى به‌شێك له هێز و لایه‌نی تری كوردستانى و عێراقی كادیر و ئه‌ندامانى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى كه ژماره‌یان 12 كه‌س بوو كه‌وته ده‌ست هێزه‌كان عێراقی ئه‌و كاته و بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر له ده‌ستیان مانه‌وه״.
هاوكات شوان قهڵادزەیی ئه‌ندامى مه‌كته‌بی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى به ״ئاژانس״ى وت: ״له ساڵانى دوای نه‌وه‌ته‌كان ئێمه له شارى هه‌ولێر خاوه‌نى گه‌وره‌ترین و شیاوترین شوێن بووین كه باره‌گاى سه‌ره‌كیمان بوو و ده‌كه‌وێته سه‌ر شه‌قامى نه‌ورۆز، ئه‌و باڵاخانه‌یه ڕووبه‌ره‌كه‌ى ده‌گاته 63 هه‌زار مه‌تر دووجا، له لایه‌ن حزبی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌ستى به‌سه‌ردا گیرا و ئێستا له جیاتى ئه‌وه ته‌نیا به دوو هه‌زار مه‌تر قه‌ره‌بوو كراوینه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ك ناكاته باره‌گاكه‌ى خۆمان كه تاكو ئێستاش به غەدری ده‌زانین لێمان سه‌ندراوه‌ته‌وه، به تایبه‌تى ده‌بینین له لایه‌ن لایه‌نێكى سیاسیی ده‌سه‌ڵاتدارەوە بۆ كارى حزبی به‌كار ده‌هێنرێت״.
سه‌باره‌ت به چاره‌نووس و ئاماره‌كانی بێسهروشوێنهكانى 31ى ئاب، فوئاد عوسمان وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێم به ״ئاژانس״ی ڕاگه‌یاند: ״به شێوه‌یه‌كى گشتى بێسهروشوێنهكانى شه‌ڕى ناوخۆ زیاتر له لاى حزبه سیاسییه‌كانه نه‌وه‌ك له لاى وه‌زاره‌تى كاروباری شه‌هیدان״.
وتیشی: ״هه‌ر خانه‌واده‌یه‌ك له‌و بێسهروشوێنانهى مامه‌ڵه و داواكارییان پێشكه‌ش به وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان كردبێت ئه‌وا ئێمه وه‌ك وه‌زاره‌ت مینحه‌ى شه‌هیدانه‌مان بۆ كه‌سوكاره‌كه‌ى بڕیوه‌ته‌وه و وه‌ك شه‌هید مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ كراوه״.
هاوكات هه‌مزه حامد به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنى دیوانى پارێزگاى هه‌ولێر له باره‌ى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى حزبه‌كان له شه‌ڕى ناوخۆ و گه‌ڕانه‌وه‌ى موڵكى حكوومه‌ت له شارى هه‌ولێر كه ئێستا له لایه‌ن حزبه‌وه به‌كار ده‌هێنرێت به ״ئاژانس״ی ڕاگه‌یاند: ״بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زیانلێكه‌وتووانى شه‌ڕى ناوخۆ پێشتر له نێوان ئیداره‌ى هه‌ولێر و هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار یه‌كێتیى و پارتى لیژنه‌یه‌ك پێك هات، ئه‌و كاته هه‌موو ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر كران كه په‌یوه‌ندیى به ئیداره‌ى پارێزگاوه هه‌بوو، به‌ڵام به‌شێكى تری حزبه‌كان خۆیان ڕێك ده‌كه‌ون ئه‌وه زیاتر په‌یوه‌ندیى به خۆیانه‌وه هه‌یه״.
له باره‌ى باڵه‌خانه حكوومییه‌كانیش به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندنى دیوانى پارێزگا ئه‌وه‌ى نه‌شارده‌وه كه تاكو ئێستا موڵكى حكوومه‌ت له لای حزبه‌كان به‌كار ده‌هێنرێت و وتی: ״بۆ ئه‌مه‌شیان جۆره ڕێكکه‌وتنێك له نێوان لایه‌نه‌كان هه‌یه و ده‌بێ ئه‌وان چاره‌سه‌رى بكه‌ن.״