“ئاژانس” ده‌یه‌وێت ههفتهنامهیهكی سیاسی گشتی كوردستانی بێت. ئه‌م بڵاوكراوه‌یه كار بۆ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ له‌یه‌كتری تێگه‌یشتنی بیروڕا جیاوازه‌كان ده‌كات، به‌ڵام ناسنامه‌ی خۆی له‌سه‌ر پێكدادانی ئایدیۆلۆژیا جیاوازه‌كان بنیاد نانێت.
له ژینگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردستاندا، خراپدهربڕین پێگه‌ی به ئازادیی ڕاده‌بڕین له‌ق كردووه. هاوحزبی، جێگه‌ی هاونیشتمانیبوونی گرتووەته‌وه و سه‌رقاڵبوون به به‌كارهێنانی هه‌واڵ و زانیاری، بۆ چه‌واشه‌كردن له بری هۆشیاركردنه‌وه، ڕۆ چووەته ناو تانوپۆی میدیا و ڕاگه‌یاندنه جیاوازه‌كانەوە.
ئێمه له “ئاژانس”، سه‌رمایه‌ی مادی، بۆ پاڵپشتیی مه‌عنه‌وی به‌كار ناهێنن. میدیا ناكه‌ین به پاشكۆی هه‌ڵه‌ی سیاسی و پێداگری ناكه‌ین به‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت، درێژه به به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یران و ئاڵنگارییه‌كان بده‌ین.
“نه‌وشیروان موسته‌فا”، وه‌كو سیاسه‌تمه‌دار و مێژووناسێكی كوردستانی، چه‌مكی ئاڵنگاریی خسته ناو ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی كوردییه‌وه. له ڕۆژی ڕێككه‌وتنی نێوان “بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان” و “یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان”ـدا، ته‌حه‌دی، چاڵێنج یان ئاڵنگاری بوو به به‌شێكی ئه‌كتیڤ له پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه‌ی كوردستانیدا. ئێستا ئاڵنگاری به ته‌نها له دووری و نزیكیی گۆڕان و یه‌كێتی له یه‌كتری و په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا، كورت نابێته‌وه. له‌وێشدا كۆتایی نایه‌ت كه هێزه ئیسلامییه‌كانی كوردستان له نێوان نه‌ته‌وه‌ییبوون و ئیسلامیبووندا چۆن له‌نگه‌ر ده‌گرن. گه‌شه و پاشه‌كشێی سه‌له‌فیزم له كوردستاندا و هه‌ڵگه‌ڕان به ته‌پۆلكه‌ی ته‌كفیر و ململانێی نێوان عه‌لمانییه‌ت و توندڕه‌وی، كۆتایی ئاڵنگارییه‌كان نییە.
پاشه‌كشێی كارایی سیستمی حوكمڕانی و خزمه‌تگوزاری و نابه‌رپرسیارێتی له‌به‌رده‌م یاسا و ڕێسا و گه‌لدا، قه‌یرانی شه‌رعییه‌ت و مه‌شرووعییه‌ت، جیاوازیی ئاستی بژێویی بنكه و لوتكه و به‌رده‌وامیی هه‌ڕه‌شه‌ی جینۆساید و تیرۆریزم له‌سه‌ر خاك و خه‌ڵكی كوردستان، شانبه‌شانی نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌كی گشتگیری سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ڕێكردنی ئه‌م جڤاته له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه خێرا و مه‌ترسیداره ناوچه‌ییه‌كاندا، سه‌ختیی دۆخه‌كه و به‌رزیی ئاستی تهحەدییهكانمان نیشان ده‌دات، كه پێویستی به یه‌كگرتوویی و نه‌رمی و توانای هه‌ڵمژین و كاردانه‌وه‌ی خێرا و پڕبه‌پێست و واقعی هه‌یه.
لێره‌وه، “ئاژانس” یاری له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ ناكات و شعووری نه‌ته‌وه‌یی ختووكه نادات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌یكات هه‌وڵدانه بۆ بوون به ناوه‌ندی گفتوگۆی جددی و ڕاسته‌قینه‌ی نێوان بیروباوه‌ڕ و به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازه حزبی و ناوچه‌ییه‌كان. به‌غدا و ئه‌نقه‌ره و تاران و دیمه‌شق چۆن له كوردستان ده‌ڕوانن و هه‌ولێر و سلێمانی چۆن به‌ره‌و پیری ڕووداوه‌كان بچن، ده‌بێته به‌شێك له كاری ئه‌م هه‌فته‌نامه‌یه و له كاتێكدا ڕا و پلانی نوخبه‌ی سیاسیی ده‌ره‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م ئاڵنگارییانه بۆ خوێنه‌ری كوردستانی ده‌گوازێته‌وه، ده‌رفه‌تی یه‌كسان له‌به‌رده‌م ڕا و سه‌رنجه ناوخۆییه جیاوازه‌كاندا ده‌ڕه‌خسێنێت. به‌مه‌ش بڵاوكراوهكهتان ده‌بێته ئامرازێك بۆ كوردستانێكی گه‌شتر و گه‌لێكی هۆشیارتر.
له هیوای ئێمه‌دا، “ئاژانس”، زیاتره له بڵاوكراوه‌یه‌ك.