مامۆستایەکی ئایینی: ئەوە ترسێکە و بنەمای نییە
ئاژانس – ڕێباز حەسەن
بەشێک لە هاووڵاتییان خانووەکانیان بە چۆڵی هێشتووەتەوە بە بیانووی ئەوەی کە جنی تێدایە و به چاوی خۆیان بینیویانن، ئەمەیش وای کردووە کەس نەچێتە ئەو خانوانەوە و نە کرێچی بە کرێ دەیگرێت و نە کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، زهرهرمهندی یهکهمیش تهنیا خاوهن خانووهکانن، مامۆستایهکی ئایینیش باسی ئهوه دهکات هیچ بنهمایهکی نییه که خهڵک جنی بینیبێت.
دهماودهم له دێرینهوه ئهوه گێڕدراوهتهوه که بهشێک له هاووڵاتییان جنیان بینیوه و ههندێکیش وا باسی دهکهن که خۆیان جنیان ههبووه، بهشێک له هاووڵاتییانیش باسی ئهوه دهکهن خانووهکانیان چۆڵ کردووه به بیناووی ئهوهی جنیان تێدا بینراوه و نرخی خانووهکانیشیان بۆ نیوهی نرخی خۆی دابهزیوه، که ئهمهش له ڕووی زانستی و ئایینییهوه هیچ بنهمایهکی نییه.
حسێن عەبدوڵڵا، تەمەن 43 ساڵ و دانیشتووی یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری سلێمانییە، بۆ “ئاژانس” وتی: “نزیکەی 11ساڵە کەس نەوێراوە ئەم خانووەی تەنیشتمان بە کرێ بگرێت کە خانوویەکی 200 مەترییە چونکە دەڵێن جنۆکەی تێدا بینراوە و خەڵک بینوێتی و منیش خۆم جنۆکەم تێدا بینیوە بۆیە خەڵک ترسیان لەناو ئەو خانووە هەیە و تاکو ئێستاش ماوەتەوە. من وەک خۆم چەندین جار دەنگی پێکەنین و قیژە و شتم بە درەنگانی شەودا لەناو ئەو خانووەوە بیستووە و ترساوم نەمهێشتووە منداڵەکانم نزیک ببنەوە.”
هەژار، خانوویەکی گڵی لە هەولێر هەیە، نە دەیفرۆشێت و نە دەیدات بە کرێ، ئەو تەمەنی ٤٢ ساڵە و بۆ “ئاژانس” وتی: “من خانوویەکی گڵم هەیە و تاکو ئێستا نەمتوانیوە بیدەم بە کرێ و هیچ کێشەیەکی نیشتەجێبوونیشی نییە تەنها دەڵێن ئەو ماڵەی پێشتر لەم خانووە بوون جنۆکەیان دیوە و دەستکاریی نەعل و جلوبەرگ و شتیان کراوە بۆیە ئەمەش بۆ من ناخۆشە و ناتوانم نە بیفرۆشم نە بیدەم بە کرێ.”
یەکێک لە خاوەن نووسینگەکانی فرۆشتنی خانوو و زەوی لە سلێمانی کە ١٦ ساڵە ئەو کارە دەکات، بوونی جن لە خانوودا تەنیا بە قسەی خەڵک ناو دەبات و ئەو پێی وایە هیچ بنەمایەکی نییە.
کاوە حەمە سەعید، خاوەنی نووسینگەی ئارۆن بۆ فرۆشتنی زەوی و خانوو لە گەڕەکی سابوونکەرانی شاری سلێمانی بۆ “ئاژانس” وتی: “ئێمە دەماودەم ئەو شتانە دەبیستین و نزیکەی 16ساڵە نووسینگەمان ههیە، بەڵام لای ئێمە هیچ حاڵەتێکی وا ڕووی نەداوە و هیچ ئەسڵ و ئەساسی نییە و تەنها خەڵک وەک ترس تووشی ئەو حاڵەتانە دەبن و دەڵێن جنۆکەمان دیوە من ئەوە بە ڕاست نازانم خۆم بە دەیان خانووی کۆن چووم بە شەویشدا هیچم نەدیوە.”
باسی بوونی جن لە خانوودا زیانی یەکەم بەر خاوەن خانووەکە دەکەوێت، لەبەر ئەوەی نە کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت و نە بە کرێش دەدرێت.
خدر بێواشی، خاوەنی یەکێک له نووسینگەکانی خانوو و زەوی فرۆشتن له هەولێر بە “ئاژانس”ی ڕاگەیاند: “ئەو قسە و باسانە لێرەش دەکرێت کە پێم وایە زیانی یەکەم بەر خاوەن خانووەکان دەکەوێت کە ناتوانن خانووەکانیان ساغ بکەنەوە و ئاسەواری دەمێنێتەوە کە جنۆکەی تێدایە چەند حاڵەتێکی وا ڕووی داوە هەندێکی ڕاست دەرنەچوون و هەندێک خانووش وەک خۆیان ماونەتەوە.”
وتیشی: “هەندێک کەس لەبەر ڕق یان دەرکردنیان لە خانووەکە دەڵێن جنۆکەی هەیە کە ئەوەش بە داخەوە کێشەی بۆ خاوەن خانووەکه درووست کردووە و بووختانی بۆ کراوە.”
به پێی زانیارییهکانی “ئاژانس” که له چهند خاوهن نووسینگهیهک وهری گرتووه نرخی ئهو خانووانه بۆ نیوه دابهزیوه، وهکو ئهوان ئاماژهیان پێ کرد خانوو ههبووه به 100 ههزار دۆلار، بهڵام به بۆنهی ئهو دهنگۆیانهی که گوایه جنی تێدایه نرخی نیوهی ڕاستهقینهی خۆیان پێ داوه.
توێژەرێکی کۆمەڵایهتی باسی ئەوە دەکات، ئەو هاووڵاتییانهی باسی بوونی جن دەکەن لە خانوودا تەنیا ترسێکە خۆیان درووستیان کردووە و بە هۆی ئەو ترسەوە هەندێک شت دێتە بەرچاویان پێیان وایە ئەوە جنە، جگە لەوە هیچ بنەمایەکی نییە.
شەنیا کەمال، توێژەری کۆمەڵایەتی بۆ “ئاژانس” وتی: “ئەو قسەیەی گوایە لەسەر ئەو خانووانە دەکرێت کە جنۆکەیان هەیە ڕاست نییە و دوورە لە ڕاستییەوە تەنها ترسێکی دەروونییە و هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەو جۆرە کەسانە لە نزیک ئەو خانووانە دەژین کاتێک هەست بە ترس دەکەن شت دێتە پێش چاویان و ڕووبەڕووی ئەو حاڵەتە دەبنەوە، یان ڕەنگە ئەو کەسە وای پێ خۆش بێت ئەو خانووانە کەس نەتوانێ بە کرێ بیانگرێت یان هەر نەفرۆشرێن بۆیە پەنا بۆ ئەو جۆرە قسانە دەبەن.”
لە ڕووی ئایینی ئیسلامەوە، جن لە قورئاندا باس کراوە، بەڵام وەکو ئەوەی ببینرێت هیچ بنەمایەکی نییە، ئەمە وەکو ئەوەی مامۆستایەکی ئایینی باسی دەکات.
ئەحمەدی قامیشی، مامۆستای ئایینییە لە سلێمانی بۆ “ئاژانس” وتی: “له شەریعەتی پیرۆزی ئیسلامدا باس لە جنۆکە کراوە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە و هیچ بنەمایەکی نییە کاتێک بووترێت بینراون چونکە جنۆکە هەیه بەڵام نابینێرن، ئەو جۆرە کەسانە وا دەڵێن تەنها ترسێکە و لایان درووست بووە.”