ئاژانس – نەوزاد چارلس
پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتریی كارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێ كردووە و بڕیارە هەردوو هێزەكانی حەفتای یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و هەشتای پارتی دیموكراتی كوردستانیش بگرێتەوە و بەرپرسێكی باڵای ئەو وەزارەتهش دەڵێت هەر فەرماندە و پێشمەرگەیەک نەچنە ناو ئەو سیستمەوە مووچەكانیان دەبڕدرێت.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە بە پێی بەڵگەنامەیەك كە پێشتر ״ئاژانس״ بڵاوی كردووهتەوە داواكاری گشتی داوای لە دیوانی چاودێری دارایی كردووە كە لێكۆڵینەوە لەوە بكات كە هێزەكانی هەشتا بە ״گۆترە״ مووچە وەردەگرن و لە وەڵامیشدا دیوانی ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە كە توانای لێكۆڵینەوەیان لەو هێزە نییە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە ئێستادا سیستمی بایۆمەتری لەنێو وەزارەتدا دەستی پێ كردووە و بە نووسراوی ڕەسمیی وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەتیش داوامان كردووە ماوەكەی درێژ بكرێتەوە تاوەكو بتوانرێت هەموو ئەوانەی ماون لە ماوەیەكی نزیكدا خۆیان لەو سیستمەدا تۆمار بكەن.״
سەبارەت بەوەی كە یەكەكانی حەفتا و هەشتا خۆیان تۆمار دەكەن لەو سیستمەدا، یاوەر وتی: ״هەموویان بە یەكەكانی حەفتا و هەشتاشەوە دەبێت خۆیان لەو سیستمەدا تۆمار بكەن، ئەگەر ئەوە نەكەن، ئەوە مووچەیان پێ نادرێت و لە كۆبوونەوەیەكی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەكان ئەوە وتراوە و هەموو لایەكیش ئەوەیان دووپات كردووهتەوە كە دەبێت هەموو یەكە و فەرماندەكان لە سیستمی بایۆمەتریدا تۆمار بكرێن. ئەگەر تۆمار نەكرێن، ئەوە مووچەیان پێ نادرێت.״
هاوكات لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆكی دەستەی ئەركان لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״ئێستا پڕۆسەكە لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا دەستی پێ كردووە، بەڵام نازانم یەكەكانی حەفتا و هەشتا دەیكەن یاخود نا.״