كێشه‌ى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى له سۆزى باوانیان دوور ده‌خاته‌وه
ئاژانس – جیهاد جه‌لال
كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و خراپیی باری ئابووری، هه‌ندێك له خێزانه‌كانى ناچار به‌وه كردووه، منداڵه‌كانیان فڕێ بده‌ن، ئه‌وه‌ش به ئامانجی ده‌ربازبوونیان له توانجی كۆمه‌ڵگه و خۆدزینه‌وه‌یان له ئه‌ركی به‌خێوكردن و پاراستنى ژیانى داهاتووی منداڵه‌كه‌یان.
له 7ى حوزه‌یرانى ئه‌مساڵ منداڵێك له نزیك باخچه‌یه‌كى ساوایان له گه‌ڕه‌كی ئیبراهیم پاشا فڕێ درابوو، پاشان ده‌زگاكانى پۆلیس منداڵه‌كه‌یان هه‌ڵگرته‌وه و ڕه‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌یان كرد.
به‌شێك له‌و منداڵانه‌ى فڕێ ده‌درێن له ده‌ره‌وه‌ی پڕۆسه‌ى هاوسه‌رگیریی دایكوباوكهكه هاتووەته دونیاوه ئه‌وه‌ش وای كردووه هیچكام له‌و دایكوباوكه نه‌یگرنه خۆ، بۆیه به ناچارى و به نهێنى له شوێنێك دایده‌نێن تاوه‌كو دواتر له لایه‌ن كه‌سانی دیكه‌وه ببرێنه ئه‌و شوێنانه‌ى ئه‌و جۆره منداڵانه له خۆ ده‌گرن.
ته‌واوى ئه‌و منداڵانه‌ى كه فڕێ ده‌درێن هه‌ر دواى ساتى دۆزینه‌وه‌یان له لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى لێ ئاگادار ده‌كرێته‌وه، ئه‌وانیش په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ى بۆ ده‌كه‌نه‌وه و ڕه‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى ده‌كه‌ن تاوه‌كو پشكنینی بۆ بكرێت پاشان له ڕێگاى دادگاوه ده‌نێردرێته ئه‌و خانانه‌ى كه تایبه‌تن به له‌خۆگرتنى ئه‌و منداڵانه، هه‌ندێك له‌وانه‌ش ده‌درێن به‌و خێزانانه‌ى كه منداڵیان نییه و ناویان تۆمار كراوە بۆ پێدانى منداڵ.
نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د وته‌بێژی پۆلیسی پارێزگاى سلێمانى وتى: ״ئه‌مساڵ چوار حاڵه‌تی منداڵی فڕێدراو هه‌بووه كه دواى ئه‌وه‌ی ڕێكارى یاسایی و پزیشكی‌یان بۆ كراوه بروانه‌ته خانه‌كانى تایبه‌ت به له‌خۆگرتنى ئه‌و منداڵانه، زۆربه‌یان كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تى هۆكارهكهیهتى، هه‌یه مێرده‌كه‌ی وازی لێ هێناوه، ژنه‌كه‌ش نایه‌وێت منداڵی خه‌ڵك به‌خێو بكات، بۆیه فڕێی ده‌دات״.
باسی له‌وه‌ش كرد، له‌مساڵدا له‌سه‌ر دوو حاڵه‌تیان خه‌ڵكیان ده‌ستگیر كردووه و ده‌ركه‌وتووه به هۆی كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیى نێوان ژنومێردهكهوه منداڵه‌كه‌یان فڕێ دابوو، كه دواتر له ڕێگه‌ى كامێراى چاودێرییه‌وه توانرا ئه‌و كه‌سه بدۆزرێته‌وه كه فڕێی دابوو، دانه‌یه‌كی تریشیان منداڵی ژنێك بوو كه له یه‌كێك له كه‌مپه‌كاندا ده‌ژیا، دواتر ئه‌و ژنه‌ش دۆزرایه‌وه.
فڕێدانى منداڵ دیارده‌یه‌كى جیهانییه و له ته‌واوى شوێنه جیاوازه‌كان بوونى هه‌یه، به وته‌ى شاره‌زایانیش داهاتووی زۆربه‌ى ئه‌و منداڵانه‌ى فڕێ ده‌درێن باش نابێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ر له سه‌ره‌تاى ژیانیانه‌وه له سۆز و خۆشه‌ویستى و میهره‌بانیى دایكوباوكیان و په‌روه‌رده‌ى ئه‌وان بێبه‌ش بوون.
هێمن عه‌بدولقادر توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى باسی له‌وه كرد فڕێدانى منداڵ دیارده‌یه‌كى جیهانییه و له زۆر شوێن بوونى هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له كوردستان ڕه‌فتارى له‌گه‌ڵ ده‌كات بابه‌تى ئایین و كولتووره، چونكه لێره خستنه‌وه‌ى منداڵ له ده‌ره‌وه‌ى پڕۆسه‌ى هاوسه‌رگیری و ئه‌و گرێبه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ى كه هه‌یه ڕێگه‌پێنه‌دراوه، بۆیه به‌شێك له‌و منداڵانه كه فڕێ ده‌درێن ئه‌وانه‌ن كه له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و پڕۆسه‌یه هێنراونه‌ته بوون، له‌به‌ر ئه‌وه زۆرجار ئه‌مانه نه‌ویستراون، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات ئه‌و دوو كه‌سه نه‌توانن بیگرنه خۆیان، بۆیه فڕێی ده‌ده‌ن.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، هه‌ندێكى دیكه‌یان په‌یوه‌ندیی به‌و گۆڕانكارییه خێراییه‌ى ته‌كنه‌لۆژیایه‌وه هه‌یه كه وای كردووه كه‌سه‌كان زۆر به ئاسانى له یه‌كتر نزیك ببنه‌وه و كه ئه‌وه‌ش هۆكاره بۆ درووستبوونى په‌یوه‌ندی و خستنه‌وه‌ى منداڵ، هۆكارێكى دیكه خراپیی باری ئابوورییه كه وای كردووه گه‌نج نه‌توانێت له كاتى خۆیدا هاوسه‌رگیری بكات، بۆیه په‌نا بۆ ڕێگه‌ى خراپ ده‌بات و دواتر ئه‌و منداڵانه ده‌بنه قوربانى كه له‌و په‌یوه‌ندییانه‌دا درووست ده‌بن.
به‌پێی زانیارییه‌کانی ״ئاژانس״ حاڵه‌ته‌کانی فڕێدانی له هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر له ڕابرددودا به‌م شێوه‌یه بووه، له سلێمانی (2015 سێ منداڵ، 2016 حەوت منداڵ، 2017 یەك منداڵ)، له هەولێر (2016 دوو منداڵ، 2017 دوو منداڵ).
ڕائید هۆگر عه‌زیز وته‌بێژى پۆلیسی هه‌ولێر باسی له‌وه كرد ئامارى لا نییه، به‌ڵام ئه‌مساڵ له هه‌ولێریش چه‌ند حاڵه‌تێكى فڕێدانى منداڵ هه‌بووه، كه بۆ هه‌موویان په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ كردووەته‌وه‌و پاشان بردوونیانهته لاى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، له‌سه‌ر فڕێدانى منداڵ كه‌سیان ده‌ستگیر نه‌كردووه، چونكه بۆیان ئاشكرا نه‌بووه كه كێن ئه‌وانه‌ى منداڵه‌كانیان فڕێ داوه.
دوایین وێستگه‌ى ئه‌و منداڵانه‌ى كه فڕێ ده‌درێن ئه‌و خانانه‌یه كه سه‌ر به وه‌زاره‌تى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تییه، له‌وێ هه‌موو پێداویستى و خزمه‌تگوزارییه‌كیان بۆ دابین ده‌كرێت، به‌شێك له‌و منداڵانه‌ش به پێی ئه‌و یاسایه‌ى دانراوه ده‌درێنه ئه‌و خێزانانه‌ى كه منداڵیان نییه.
حه‌مزه مه‌غدید وته‌بێژی وه‌زاره‌تى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى باس له‌وه ده‌كات ئه‌وان هه‌ماهه‌نگیی ته‌واویان له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منی و پزیشكی و دادگاكان‌دا هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى كارى ته‌واوی پێویست بۆ ئه‌و منداڵانه بكه‌ن، وتیشی: ״به پێی یاسا دواى هه‌موو ڕێكاره‌كان ئه‌و منداڵانه ده‌برێنه لاى ئه‌وان و ئه‌وانیش به پێی یاسای خێزانی جێگره‌وه كه تایبه‌ت به‌و خێزانانه‌ى منداڵیان نییه و ناویان تۆمار كردووه ئه‌وا ئه‌و منداڵانانهیان پێ ده‌درێت״.
مه‌به‌ست له خێزانی جێگره‌وه ئه‌و خێزانانه‌یه، كه به‌دیلێك بۆ خێزانی ئه‌و منداڵه په‌یدا بكرێت، كه بێسه‌رپه‌رشتن تا زیاتر له داموده‌زگاكانی خانه‌كان و چاودێریی منداڵ هه‌ست به نێو باوه‌شی خێزان بكات، به مانه‌وه‌ی ناو و نازناوی خۆی، له ئێستاشدا ڕه‌شنووسی یاسای خێزانی جێگره‌وه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه و تاكو ئێستا سوود له بڕگه یاساییه‌كانی كۆن وه‌رده‌گیرێن له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕێنماییه‌ك.
حه‌مزه باسی له‌وه كرد، هۆكار زۆره بۆ ڕوودانى فڕیدانى منداڵ، وه‌ك ئاماریش ئه‌وان ئامارى ته‌واویان لا نییه و زیاتر له وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستى هه‌یه، چونكه هه‌ر دواى دۆزرانه‌وه‌یان ده‌برێنه لاى ئه‌وان.