پڕۆژەکە دەزگای ئەیلوول و گوڵان ناگرێتەوە
ئاژانس – سەلام هانەدنی
پڕۆژەیاسای چاکسازیی خانەنشینی لە پەرلەمانی کوردستانە و شەش لیژنە کاری لەسەر دەکەن، لەبەر ئەوەی لە پڕۆژەیاساکەدا تەمەن و خزمەت بەبێ بەڵگەی سەلمێندراو کراوە بە پێوەر، دەزگای ئەیلوول کە ٢٩ هەزار خانەنشینی هەیە لەگەڵ بەشێکی گوڵان ناگرێتەوە، باس لەوەش دەکرێت هەوڵێک هەیە بۆ لەباربردنی پڕۆژەیاساکە.
پڕۆژەیاسای ״چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە״ لە هەشت بەش و 20 ماددە و ٣٧ بڕگە پێک هاتووە بۆ چاكسازی لە بواری مووچە و خانەنشینی، بە بڕیاری ژمارە 129ی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەرواری ٣٠/١٢/٢٠١٧ پەسەند كرا و ڕەوانەی پەرلەمان کرا، بۆ ئەوەی لە ماوەی سێ مانگدا پڕۆژەیاساکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەرچی بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران پڕۆژەکە بە گرنگ دەزانن، بەڵام گومانیان هەیە پڕۆژەکە وەک ئەوەی پێویستە جێبەجێ بکرێت.
قادر ڕەزگەیی، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ״ئاژانس״ی ئاشکرا کرد، پڕۆژەكەی حكومەت بەبێ كەموكورتی نییە، لەوانەش پێكهێنانی یەك یەكەی ژمێریاری بۆ تەواوی هێزی پێشمەرگە تەنها پێویستی بە فەرمانێكی حكومەت خۆیەتی، یان لە پڕۆژەكەدا تەنها تەمەن و ڕاژە كراوەتە پێوەر بۆ خانەنشینی، بەڵام وەک ئاماژەی پێ دەدات، هچ دیكۆمێنتێك نییە بیسەلمێنێ ئەو كەسانە ئەو خزمەتەیان كردووە.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو شەش لیژنەی پەرلەمان لەسەر ئەو یاسایە کۆ بوونەوە و بڕیارە ڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر پڕۆژەکە ئامادە بکەن.
״دەزگای ئەیلوول ئەم پڕۆژەیاسایە نایگرێتەوە، چونكە هەموو ئەوانەی لە دەزگای ئەیلوول خانەنشین كراون و ژمارەیان 29 هەزار كەس دەبێت تەمەنیان زۆرە، بەشێكی زۆر كەمی گوڵانیش دەگرێتەوە، هەمووشیان بە تەسكیەی بەرپرسان خانەنشین كراون.״ قادر ڕەزگەیی وای وت.
پڕۆژەیاساكە میكانیزمی ئاشكرای بۆ دانراوە و بە پێی بڕیارەكە كە واژۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەسەرە؛ لە 90 ڕۆژی یەكەمی ساڵی 2018 دەبێت بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ناوبراو وتیشی: ״هەندێ لایەن هەوڵی ئەوە دەدەن پڕۆژەیاساکە پەک بخەن، بەڵام هەوڵەکانی جێبەجێکردن و پەسەندکردنی لە پەرلەمان جددین.״
لە سلکی سەربازیدا ١٦٥ هەزار خانەنشین لە هەرێم هەن، بەڵام وەک پێشتر ئاشکرا کراوە تەنها ٧٠ هەزاریان ڕاستەقینەن.
شوان ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״هەموو لایەنەكان بە گرنگەوە لە پڕۆژەكە دەڕوانن و كاری جددی لەسەر دەكرێت، هیچ كەس و لایەنێك بە ڕوونی دژی ئەو پڕۆژەیە نەوەستاوەتەوە.״
وەک ئەوەی پەرلەمانتاران ئاشکرایان کردووە، جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە ١٠٠ ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێنێتەوە.
ئەیوب عەبدوڵڵا، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ پێی وایە هەنگاوەکانی پەسەندکردنی پڕۆژەکە وەک پێویست نین.
بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״یاساکە پێویستی بە هەندێ گۆڕانکاری هەیە، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانەی بڕیارە لە پەرلەمان بکرێن بچووکن و وەک ئەوە وایە گۆڕانکاری لە یاساکەدا نەکرابێت.״
״لەو بڕوایەدا نیم هەوڵەکانی ڕیگریکردن لە تێپەڕاندنی یاساکە سەرکەوتوو بێت.״ ئەیوب عەبدوڵڵا وای وت.
یاساکە تەنها خانەنشینانی پلەباڵاکان ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو ئاستەکانی خانەشینی لە هەرێم دەگرێتەوە کە ژمارەیان نزیکەی ٢٨٠ هەزار خانەنشینە.