بۆچوونێک هەیە ئەم گۆنگرەیە بۆ دوو ساڵ بێت
سازدانی:شیروان محه‌مه‌د ئه‌مین
ئاسۆ شێخ نووری، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ند و لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یەكێتیی بۆ كۆنگرە ئاشكرای دەكات، كە لە پڕۆژەی پەیڕەوی نوێ‌دا سیستمی په‌رله‌مانی هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی لێپرسینه‌وه‌یان له سه‌رجه‌م ئه‌ندامان هه‌بێت، هاوكات نۆ كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تیی هه‌رێمه‌كان درووست ده‌كرێت و مه‌كته‌بی سیاسی نامێنێت و بۆ هەڕەمی بەڕێوەبردنی یەكێتییش چەند سیناریۆیەك هەیە و له دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی حزب، هه‌ندێك پێی وایه یه‌ك جێگر و پێنج بۆ حه‌وت كه‌س وه‌ك ده‌سته‌ی كارگێڕیی هه‌بێت، هه‌ندێكی تریش ده‌ڵێن سه‌رۆكێك هه‌بێت كه پێنج بۆ حه‌وت جێگری هه‌بێت. دەشڵێت: ״بۆچوونێك هەیە كە ئەم کۆنگرەیە بۆ دوو ساڵ بێت و ئەم کۆنگرەیە شێوازی كاركردن و سیاسه‌تی یەكێتیی گۆڕانكاریی گه‌وره‌ی تیادا دەكرێت״.
ئاسۆ شێخ نووری لە چاوپێكەوتنێكی ״ئاژانس״دا باس لە وردەكاریی زیاتری ئامادەكارییەكانی كۆنگرە دەكات، جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەبێت هه‌موویان به یه‌كڕیزی بچنه ناو كۆنگره و بێنه ده‌ره‌وه و ده‌رئه‌نجامه‌كانیشی قبووڵ بكەن و دەشڵێت: ״هەڵسەنگاندن بۆ ڕێكکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی دەكەین و ئەنجامەكەی ئاشكرا دەكەین.״
ئاژانس: سەرەتا ده‌پرسم كاری لیژنه‌كه‌تان بۆ نووسینه‌وه‌ی په‌یڕه‌و كۆتایی هاتووە؟ چیتان كردووە و چی ماوە بیكەن؟
ئاسۆ شێخ نووری: له كۆنگره‌ی سێهه‌م نووسینه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی په‌یڕه‌و و ئاماده‌كردنی بۆ كۆنگره‌ی چواره‌م خراوه‌ته سه‌ر ئه‌ركی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ند، هاوكات لیژنه‌ی بۆ داندرا، به چه‌ند قۆناغێكی زۆردا تێپه‌ڕ بووین، چه‌ندین پڕۆژه و بیرۆكه‌مان بۆ هاتوو دانیشتنی جۆراوجۆرمان كرد، هه‌موویان له نامیلكهیهکدا چاپ كران و له ناوخۆی یه‌كێتیی بڵاو كرانه‌وه، به مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی تێبینی و پێشنیاره‌كان، له ساڵی 2018 لیژنه‌یه‌كی باڵاتر داندرا، كه 17 ئه‌ندامی هه‌بوو و پێداچوونه‌وه‌ی بۆ نامیلكه‌كه كرد، ئێمه‌ش وه‌ك نوێنه‌رانی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ند به‌رگریمان له پڕۆژه‌كه‌ی خۆمان كرد، دواتر لیژنه‌یه‌كی تر داندرا به سه‌رپه‌رشتیی دكتۆره جوان ئیحسان و نوێنه‌رایه‌تیی ژماره‌یه‌ك كه‌سی تر، ئێستا پڕۆژه‌كه به ڕێژه‌ی 90% ته‌واو بووه و له شوێنێكدا ڕاوه‌ستاوه، كه چه‌ند بیرۆكه و سیناریۆیه‌ك هه‌ن، په‌یوه‌نددارن به هه‌ڕه‌می ڕێكخراوه‌یی سه‌ره‌وه له ئاستی لوتكه، به‌ڵام گه‌یشتووین به‌و قۆناغه‌ی به یه‌ك بژارده بچینه ناو كۆنگره‌وه و به‌م نزیكانه ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كۆ ده‌بێته‌وه و گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كات.
ئاژانس: ئه‌و پرسه‌ی كه ئێستا گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به یه‌ك پڕۆژه چییه؟
ئاسۆ شێخ نووری: بۆچوونی جیاواز له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌یه، مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆكی حزب، ئەنجوومەنی گشتی و ئه‌و قه‌واره سیاسییه‌ی كه ئه‌ركی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی له ئه‌ستۆیه.
ئاژانس: كام دامه‌زراوه‌یه ده‌بێت ئه‌م پڕۆژه‌یه یه‌كلایی بكاته‌وه؟
ئاسۆ شێخ نووری: زیاتر مه‌كته‌بی سیاسییه، چونكه له لوتكه‌ی ههڕهمهكهدایه.
ئاژانس: گرنگترین مادده له پڕۆژه‌ی ئاماده‌كراودا چییه؟
ئاسۆ شێخ نووری: پڕۆژه‌كه له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی داندراوه، گرنگترینیان ئه‌وه‌یه، كه هه‌ڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنێكی گشتی ده‌كرێت، له 121 كه‌س پێك هاتووه و سكرتێر و جێگر و یاریده‌ده‌رێكی ده‌بێت، له شێوازی سیستمی په‌رله‌مانییه، سه‌رجه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌م ئەنجوومەنهدا ده‌كرێت، هیچ هه‌ڵبژاردنێكی تر له كۆنگره‌دا ناكرێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌بێت له هه‌ر كاتێكدا بیه‌وێت ئاڵوگۆڕ بكات، ده‌زگای دووه‌میش ئەنجوومەنی سه‌ركردایه‌تییه، كه به سه‌رۆكی ده‌سته‌وه له‌م ئەنجوومەنهدا هه‌ڵده‌بژێردرێن، سێهه‌میش هه‌ڵبژاردنی ده‌زگایه‌كی ڕاوێژكارییه، كه به پێی پسپۆڕی له كاتی پێویستدا ڕاوێژیان پێ ده‌كرێت، هاوكات شێوازی مه‌ڵبه‌ند و كۆمیته‌كان هه‌رچه‌ند به ناو وه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه، به‌ڵام هه‌رێمه‌كان كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تیی تایبه‌ت به خۆیان بۆ درووست ده‌كرێت، واتا سه‌ركردایه‌تیی پارێزگا و ناوچه جیاوازه‌كانیان ده‌بێت.
ئاژانس: به پێی سنوور و پێگه‌ی جوگرافیای یه‌كێتیی، چه‌ند ناوچه‌ی سه‌ركردایه‌تی درووست ده‌كرێت؟
ئاسۆ شێخ نووری: نزیكه‌ی نۆ كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تییه، ئه‌وانیش له سلێمانی، كه‌ركوك، هه‌ولێر، هه‌ڵه‌بجه، دهۆك، ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین، ئیداره‌ی گه‌رمیان، شنگال و موسڵ ده‌بن.
ئاژانس: ئایا له‌م په‌یڕه‌وه‌دا سیستمی پاداشت و سزا یان مه‌رجی ئه‌ندامبوون جێگیر كراوه؟
ئاسۆ شێخ نووری: به‌ڵێ، سزا و پاداشت جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام مه‌رجی ئه‌ندامبوون وه‌ك كۆنگره‌كانی پێشوو ده‌بێت.
ئاژانس: پێشتر ئاماژەتان بەوە دابوو بە یەك پڕۆژەوە دەچنە كۆنگرەوە، ئه‌وه ڕێكکەوتن یاخود سازانی لەسەر كراوه؟
ئاسۆ شێخ نووری: بێگومان هه‌موو جارێك ده‌بێت جۆرێك له سازان بكرێت، ئه‌مه‌ش بۆ گه‌یشتنه به باشترین ڕێگە له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موان، وه‌ك هه‌ڤاڵ مام جه‌لال ده‌یوت، نه كه‌سمان لێ زیاده، نه له‌سه‌ر كه‌س په‌كمان ده‌كه‌وێت، كۆنگره بۆ پاڵپێوه‌نان و ته‌سفییه‌ی حساباتی هیچ كه‌سێك نییه، بۆیه ده‌بێت هه‌موومان به یه‌كڕیزی بچینه ناو كۆنگره و به یه‌كڕیزی بێینه ده‌ره‌وه و ده‌رئه‌نجامه‌كانیشی قبووڵ بكه‌ین.
ئاژانس: چی دەمێنێت لەو پڕۆژەیەی كە هەڵدەگیرێت بۆ ئەوەی لە كۆنگرەدا بڕیاری لەسەر بدرێت؟
ئاسۆ شێخ نووری: ئه‌وه‌ی كه ئێستا ماوه ته‌نها چۆنێتیی هه‌ڕه‌می یه‌كێتییه، به‌ڵام سه‌رجه‌میان، په‌یڕه‌و له‌گه‌ڵ پڕۆگرام، ده‌بێت سه‌ره‌تا تاكو كۆتایی، له كۆنگره په‌سه‌ند بكرێت و قسه‌ی كۆتایی له‌سه‌ر بكرێت.
ئاژانس: ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ڕۆژی به‌ستنی كۆنگره گه‌یشتوون به كوێ؟
ئاسۆ شێخ نووری: هه‌رچه‌نده ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به لیژنه‌ی باڵای ئاماده‌كاریی كۆنگره‌وه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادارم له هۆڵێكی شاری سلێمانی كۆنگره‌ی چواره‌م ده‌به‌ستین، كه ده‌سته‌یه‌كی ئاسایش بۆ پاراستنی ئه‌منییه‌تی ئه‌و شوێنه ده‌ستبه‌كار بوون، بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی كۆنگره‌ش دراوه به كه‌ناڵی كوردسات، ئیداره‌ی گشتی ئه‌ركی لۆجستی و ئاماده‌كردنی خواردن و پێویستییه‌كانی ناو هۆڵی كۆنگره‌ی له ئه‌ستۆیه، میوانێكی زۆر له ڕۆژی یه‌كه‌مدا بانگ ده‌كرێن و نیوهڕۆخوانێكیان بۆ ئاماده ده‌كرێت، پاشان كۆنگره ده‌ست ده‌كات به ئه‌ركه‌كانی خۆی.
ئاژانس: پێت وایه لە ڕووی گۆڕانكارییەوە ئەم كۆنگرەیە لە كۆنگرەكانی پێشوو زیاتر گۆڕانكاریی تێدایە؟
ئاسۆ شێخ نووری: ئه‌م جاره كۆنگره‌یه‌كی زۆر گرنگ ئه‌نجام ده‌ده‌ین، پێی ده‌ڵێین كۆنگره‌ی دوای مام جه‌لال، چونكه مام جه‌لال سه‌ركرده‌یه‌كی كاریزما و مێژوویی بوو، كه كۆنتڕۆڵی سه‌رجه‌م كاره‌كانی ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌م جاره وا نییه، ده‌بێت خۆمان ئه‌ركه‌كان بگرینه ده‌ست، كه شێوازی كاركردن و سیاسه‌تی حزب گۆڕانكارییه‌كی گه‌ورەی تیادا ده‌ركه‌وێت.
ئاژانس: ئایا ئه‌مه كۆنگره‌یه‌كی ڕاگوزه‌ر ده‌بێت؟
ئاسۆ شێخ نووری: ئه‌مه‌ش بیرۆكه‌یه‌كه و هه‌یه، چونكه ئه‌م كۆنگره‌یه داڕشتنێكی نوێی بۆ كراوه، كه زۆر شت گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی تیایدا ڕوو ده‌دات، بۆیه هه‌ندێ پێیان وایه ئه‌م ئه‌زموونه بۆ دوو ساڵ بێت باشتره، به‌ڵام دوا بڕیار بۆ كۆنگره ده‌هێڵینه‌وه.
ئاژانس: دەرەنجامی كۆنگرەی ئێستا یەكێتیی بەرەو ئەوە ناڕوات دەستەجەمعیتر بڕیار بدات، ئیتر بڕیاردانی تاكەكەسیی تێدا نامێنێت؟
ئاسۆ شێخ نووری: ئه‌و ئەنجوومەنه گشتییه‌ی كه دانراوه، بۆ ئه‌وه‌یه سیستمی په‌رله‌مانی له ناوخۆی یه‌كێتییدا وه‌ربگرێت، به جۆرێك ده‌سه‌ڵاتی به‌دواداچوونی بۆ سه‌رجه‌م ئه‌ركه‌كان هه‌بێت، بتوانێت لێپرسینه‌وه له هه‌موو ئه‌ندامێكی خواره‌وه تاكو سه‌ره‌وه بكات، كه‌مته‌رخه‌م به سزای دوورخستنه‌وه و ناردنی كه‌سانی تر بۆ شوێنه‌كه‌ی بدات، كه پێشتر ئه‌مه ته‌نها له ده‌سه‌ڵاتی كۆنگره‌دا بوو.
ئاژانس: ئایا نوێنه‌رایه‌تیی كه‌سایه‌تییه‌كانی ڕابردووی ناو یه‌كێتیی و كه‌مایه‌تییه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به ته‌زكییه دێنه ناو كۆنگره؟
ئاسۆ شێخ نووری: ئه‌وانه‌ی به‌بێ هه‌ڵبژاردن و به ته‌زكییه دێنه ناو كۆنگره پێك هاتوون له ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و ئەنجوومەنی ناوه‌ند و ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر، كه دكتۆر فوئاد مەعسوم و عومه‌ر شێخ موس ماون، كاك عومه‌ر ئه‌گه‌ر به‌شداریش بێت وه‌ك میوان به‌شداری ده‌كات، جگه له‌وانه‌ش حساب بۆ 120 كه‌س کراوە بۆ ڕاگرتنی باڵانسی چینوتوێژه جیاوازه‌كان و نه‌ته‌وه و ئایین و مه‌زهه‌به‌كان، كه له‌وانه‌یه له هه‌ڵبژاردندا بۆ كۆنگره سه‌ركه‌وتوو نه‌بن، ناكرێت مامۆستایانی زانكۆ له كۆنگره‌دا نه‌بن، یان خه‌ڵكی بادینان و كاكه‌یی و ئێزدی و عه‌ره‌ب و توركمان ئاماده‌ییان نه‌بێت..
ئاژانس: پێشبینی ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر له دوو ساڵی داهاتوودا كۆنگره‌یه‌كی تر بكرێت باشتر ده‌بێت له‌م كۆنگره‌یه‌ی كه ئێستا چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامدانی لێ ده‌كرێت؟
ئاسۆ شێخ نووری: دوو ساڵی داهاتوو ماوه‌یه‌ك ده‌بێت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن به سه‌رجه‌م به‌رنامه و كاره‌كانماندا، دواتر ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م پڕۆژه‌یه سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت یاخود نا، به‌ڵام پێشبینی ده‌كه‌م كۆنگره‌ی پێنجه‌م سه‌ركه‌وتووتر بێت.
ئاژانس: لە دوای كۆنگرە ڕۆڵی ئەنجوومەنی سەركردایەتی چۆن ده‌بێت؟
ئاسۆ شێخ نووری: ئەنجوومەنی سه‌ركردایه‌تی له‌ژێر چه‌تری ئەنجوومەنی گشتیدا ده‌بێت، كه نزیكه‌ی 50 كه‌س ڕۆڵی جێبه‌جێكار ده‌بینن و 70 كه‌سیش وه‌ك چاو‌دێر به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی تردا ده‌مێننه‌وه.
ئاژانس: سیناریۆكان بۆ شێوازی سەركردایەتیكردن و بەڕێوەبردنی یەكێتیی چۆن دەبێت؟
ئاسۆ شێخ نووری: جیاوازییه‌كه ئه‌وه‌یه له دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی حزب، هه‌ندێك پێی وایه یه‌ك جێگر و پێنج بۆ حه‌وت كه‌س وه‌ك ده‌سته‌ی كارگێڕیی هه‌بێت، هه‌ندێكی تریش ده‌ڵێن سه‌رۆكێك هه‌بێت، كه پێنج بۆ حه‌وت جێگری هه‌بێت.
ئاژانس: كه‌واته ڕۆڵی مه‌كته‌ب سیاسی نامێنێت؟
ئاسۆ شێخ نووری: له‌م بیرۆكه‌ی كه دانراوه مه‌كته‌بی سیاسی نامێنێت، ڕاسته‌وخۆ ده‌گوازرێته‌وه بۆ ده‌سته‌ی كارگێڕی و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی، كه سه‌رۆكی حزب و جێگره‌كانی و حه‌وت یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی ده‌گرێته‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمه‌كان هه‌مان ڕۆڵ ده‌بینن.
ئاژانس: دەوترێت ئەم كۆنگرەیە بۆ سزادانی كەس نییە ئەوە چۆن دەسەلمێنن؟
ئاسۆ شێخ نووری: به‌وه ده‌سه‌لمێندرێت، كه ده‌بێت كۆنگره‌کە به شێوازێكی دیموكراسی و ئازادانه دوور له ده‌ستتێوه‌ردان و بۆچوونی تایبه‌تی هیچ كه‌سێك به‌ڕێوه بچێت.
ئاژانس: چی وای كرد كۆنگرە دوا نەخرێت، ئەم جارە وەك جارانی پێشوو گوشاری جەماوەرەكەتان یان زەرورەتی یەكێتیی خۆی بۆ سازدانی كۆنگرە وای كرد بكرێت؟
ئاسۆ شێخ نووری: هه‌ردووكیان كاریگه‌رییان هه‌بوو، فشاری جه‌ماوه‌ریش هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ساڵ كۆنگره ببه‌ستین.
ئاژانس: له كۆنگره‌دا باس له پێداچوونه‌وه به ڕێکكه‌وتنی ستراتیژیی نێوان یه‌كێتیی و پارتی ده‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت له سود و قازانجی یه‌كێتییدا نه‌بووه دوای كۆنگره بۆ جه‌ماوه‌ر ئاشكرای ده‌كه‌ن؟
ئاسۆ شێخ نووری: كۆنگره پێداچوونه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی و سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا ده‌كات، ئه‌گه‌ر له كۆنگره ده‌ركه‌وت ڕێکكه‌وتنی ستراتیژیی یه‌كێتیی و پارتی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو یان به‌سود نه‌بووه بۆ جه‌ماوه‌ر ئاشكرای ده‌كه‌ین، بۆ پێداچوونه‌وه به‌و ڕێکكهوتنهش له به‌رنامه‌ی ناوخۆدا گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت.