وەزارەتی تەندروستی: قبووڵکراو نییە
ئاژانس – سەروەت عەلی
«مژدەیەكی دڵخۆشكەر بۆ ئەوانەی حەز بە گەورەكردنی زەكەر و ڕەقكردنی و ئەستووربوونی و زیادكردنی ئارەزووی سێكسی ئەكەن»، ئەمە ڕیكلامی یەكێك لە پەیجەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكە بۆ ئامێری گەورەكردنی ئەندامی نێرینە، ڕیكلامكردن و فرۆشتنی بە ئاشكرا لە كاتێكدایە هاوردەكردنی بە شێوەیەكی نایاساییە و فرۆشتن و ڕیكلامكردنی ڕێگەپێنەدراوە.
ئامێری گەورەكردنی ئەندامی نێرینە، بە شێوەیەكی ئاشكرا ڕیكلامی بۆ دەكرێت و دەفرۆشرێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، هەرچەندە فرۆشتنی و ڕیكلامكردنی ڕێگەپێنەدراوە، بەڵام ئەوانەی ئەو كارە دەكەن ناو و شوێنی نێشتەجێبوون و شوێنی فرۆشتنی دەرمانەكەیان ئاشكرایە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی بە بیانووی بە نهێنی هێشتنەوەی كارەكە لە لایەن فرۆشیارانیانەوە نەیتوانیوە كۆتایی بەو دەرمانە زیانبەخشە بێنێت.
یهکێک لهو پهیجانه، پەیجی سەنتەری چارەسەری سروشتی لە یهکێک له تۆڕه کۆمهڵایهتییهکان، ڕیكلام بۆ گەورەكردنی ئەندامی نێرینە دەكات لە ڕێگەی بەكارهێنانی ئامێرەوە، بە وتەی خاوەنەكەی بە ئاشكرا ئامێرەكە دەفرۆشن.
خاوەنی ئەو پەیجە كە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتهوه بە «ئاژانس»ی وت: «ئامێرەكان گرنتی سودگەیاندن و دەرهئەنجامی باشیان هەیە بۆ ئەو كەسانەی ئارەزووی سێكسیان لاوازە یان گرفتی بچوكی ئەندامی نێرینەیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا گرنتی نەبونی زیانی تەندروستیان هەیە، نرخی ئامێری گەورەكردنی ئەندامی نێرینە لە 20 دۆلارەوە دەست پێدەكات تاوەكو 100 دۆلار».
وتیشی: «گرنتی دەرئەنجامەكانی كەوتووەتەسەر بەكارهێنانی، بەوشێوەیهی بۆ نەخۆش دیاری دەكرێت ئەگەر بە درووستی بەكاری بێنێت لەماوەی دوو مانگدا دەرئەنجامی باشی دەبێت، ئامێرەكەش بە ئاشكرا دەفرۆشین و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ڕێكلام و سپۆنسەری بۆ دەكەین، زۆرجار ئەو كەسانەی دێنەلامان دكتۆر لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم بۆی نوسیوون».
تهنیا ڕیکلام کردن بۆ ئامێر نییه، بهڵکو چهند پهیجێکی دیکه ڕێکلام بۆ کرێم دهکهن، به پێی ڕێنمایی وهزارهتی تهندرووستی ئهوهش ڕێگه پێدراو نییه.
یەكێكی تر لەو كەسانەی كە كاری فرۆشتنی ئەو جۆرە كرێمە دەكات لە ڕێگەی پەیجێكی فەیسبووكەوە بەردەوام سپۆنسەری ئەو كرێمە دەكات كە بڵاوی دەكاتەوە بە «ئاژانس»ی وت: «كرێمەكە بۆ درێژكردن و ئەستووركردن و ڕەقبوونە، كرێمەكە وەسڵێكی زەمانەتی لەگەڵدایە وەسڵەكە مۆری وەزارەتی تەندروستیی پێوەیە».
ئەو هاووڵاتییە دانیشتووی قەزای ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕینە وتیشی: «بەرپرسیارێتیی هەموو زیانێكی تەندروستی و لاوەكی هەڵدەگرین لە ئەگەری سوودوەرنەگرتنی بەكارهێنەر قەرەبوو دەكرێتەوە گرنتییەكەیشمان بە نووسراوە نەك زارەكی».
سەرجەمی ئەو پەیجانە ژمارەی مۆبایل و ڤایبەریان لەسەر دانراوە ڕۆژانە وەڵامی كڕیارانیان دەدەنەوە دوای مامەڵەكردن و ڕێككەوتن لەسەر نرخەكەی بە بێ بەرامبەر دەیگەیننە دەستی كڕیارانیان.
خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە «ئاژانس»ی وت: «بابەتی فرۆشتنی كرێم یان دەرمانی گەورەكردنی ئەندامی نێرینە قبووڵكراو نییە و ڕێگەپێدراو نییە باس بكرێت و ڕێكلامی بۆ بكرێت، ئەو دەرمانانە بە قاچاخ دێت و بە قاچاخ دەیفرۆشن، ئەسڵی كارەكە و ئەنجامی كارەكە هیچ ئەسڵی تێدا نییە تەنها بۆ دەستكەوتی مادییە».
وتیشی: «لەبەر ئەوەی بە نهێنی دەفرۆشرێت و ئەوانەیشی بە كاری دەهێنن بە نهێنییە بۆیە نازانرێت لە كوێ دەفرۆشرێت، بەهۆی بارودۆخە كۆمەڵایەتییەكەوە ئەوانەی بە كاری دەهێنن ئەگەر زیانیشیان پێ بگات ناتوانن سكاڵا تۆمار بكەن، بۆیە تا ئێستا دەستمان بەسەر هیچ لەو دەرمانانەدا نەگرتووە و كەسیش سكاڵای تۆمار نەكردووە».
كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێم ئاگاداری ئەو جۆرە دەرمانانە نییە و بە نایاسایی و بە قاچاخ ناوی دەبات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لە هەر كوێیەك هەبێت و پێی بزانن دەستی بەسەردا دەگرن.
گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمانی هەرێم بە «ئاژانس»ی وت: «بە پێی یاسا و ڕێنماییەكان هەر دەرمانێك بفرۆشرێت دەبێت ڕەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی و سەندیكای دەرمانسازانی هەبێت، بەڵام ئەوانەی ئەو دەرمانانە دەفرۆشن ڕێگەیان پێ نەدراوە و فرۆشتنی دەرمانەكان نایاساییە».
وتیشی: «ئەوانەی ئەو دەرمانانە دەفرۆشن بۆ ئەوەی ساغی بكەنەوە دەڵێن حكومەت ئاگادارە، بەڵام ئێمە لە هەر كوێ پێیان بزانین دەستی بەسەردا دەگرین و ڕووبەڕووی یاسایان دەكەینەوە چەندین شوێنمان پێ زانیوە و ڕووبەڕووی یاسامان كردووەتەوە».