داوای دوو ملیۆن دۆلاری كردبوو
ئاژانس ، تایبەت
ڕۆژنامەی ״ئاژانس״ داوایەكی یاسایی لە سیروان بارزانی بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی كۆمپانیای كۆڕەك تێلیكۆم لە دادگا دەباتەوە، كە تێیدا داوای قەرەبووی دوو ملیار و 400 ملیۆن دینار (دوو ملیۆن دۆلار)ی كردبوو لە بەرانبەر بڵاوكردنەوەی هەواڵێكدا لەسەر ئەو كۆمپانیایە.
داوا یاساییەكە لەسەر مانشێتی ژمارە 38ی ״ئاژانس״ بوو، لە 3ی ئایاری 2017دا بڵاو بووتهوه، كە تێیدا لەسەر زاری زەردەشت شنگالی وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی شنگالەوە ڕایگەیاندبوو، كە بەر لە ئەنجامدانی بۆردومانێكی توركیا لە سنووری قەزای شنگال هێڵی مۆبایلی كۆڕەك تێلیكۆم كوژێنراوەتەوە.
لە كۆنووسی نووسراوەكانیدا لەسەر ئەو سكاڵایەی سیروان بارزانی، دادگا ئاماژەی بەوە داوە، كە داواكار مافی داوای قەرەبووكردنەوەی نییە و سەرجەم تێچووی پڕۆسەی دادگاییكردنەكەشی كە بڕی 750 هەزار دینارە خستووەتە سەر لایەنی سكاڵاكار.
״ئاژانس״ جەخت لەوە دەكاتەوە كە لەو پرسە و بابەتە ڕۆژنامەوانییەكانی تریشدا پیشەییانە مامەڵهی كردووە و ڕەتكردنەوەی ئەو سكاڵایەش لە لایەن دادگاوە دەرخەری ئەو پیشەییبوونەیەتی.