فەڕەنسا و بەلجیكا هەوڵەكەیان ئاشكرا كردووە
ئاژانس – هێمن پشدەری
بە پێی وتەی بەرپرسانی پارتی یەكێتیی دیموكرات ״پەیەدە״، حكوومەتی توركیا لە ڕێی پلانێكەوە هەوڵی بۆ تیرۆركردنی چەند سەركردەیەكی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان داوە، هاوكات ״ئاژانس״ لە زاری سەركردەكانی پەیەدەوە وردەكاریی هەوڵی تیرۆركردنی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پەیەدە ئاشكرا دەكات بەوەی فەڕەنسا و بەلجیكا هۆكاری پووچەڵكردنەوەی ئەو پلانە بوون .
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە ناوەندی زانیاریی پەیەدەوە دراون بە ״ئاژانس״، لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا لە ڕێی پلانێكەوە لە هەردوو وڵاتی بەلجیكا و فەڕەنسا هەوڵ دراوە لە ڕێی دەمانچەی بێدەنگەوە ساڵح موسلیم تیرۆر بكرێت، بەڵام پۆلیسی ئەو دوو وڵاتە ئاگاداری ئەو هەوڵە بوون، بۆیە چوار كەسیان بەو تۆمەتە دەستگیر كردووە و هەر ئەوانیش هەوڵی تیرۆركردنی سەركردەكەی پەیەدەیان ئاشكرا كردووە.
وەزارەتی ناوخۆی ئەو دوو وڵاتە ساڵح موسلیمیان ئاگادار كردووەتەوە كە باشتر ئاگاداری خۆی بێت، چونكە بە وتەی ئەوان ڕەنگە هەوڵ هەبێت بۆ تیرۆركردنی، ئاگاداریشیان كردووەتەوە كە چەند كەسێكیان بە تۆمەتی هەوڵی تیرۆركردنی ناوبراو دەستگیر كردووە.
ئاژانسی هەواڵی فوراتنیوزی نزیک له پارتی کرێکارانی کوردستان، ״پهکهکه״ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوی كردووەتەوە كە تیمێكی تایبەتی سەر بە دەزگای هەواڵگریی میت ئامادەكاری بۆ تیرۆركردنی بەڕێوبەران و كەسایەتییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكەن.
بە پێی هەواڵی ئاژانسەكە لە چەند شارێكی ڕۆژئاوا و باكووری سوریا ژووری تایبەت و نهێنییان كردووەتەوە و لە لایەن ئەندامانی میتی توركەوە بەڕێوە دەبرێن، خۆیان ئامادە كردووە بۆ تیرۆركردنی ئەو كەسانەی ناوەكانیان لە لایەن ئەنقەرەوە دەستنیشان دەكرێت.
ئاژانسەكە نووسیویەتی لە چوارچێوەی هەمان پیلاندا لە ئەورووپاش هەوڵی تیرۆركردنی ساڵح موسلم، هاوسەرۆكی پارتی یەكێتیی دیموكراتی دراوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی دەزگای هەوڵگریی دوو وڵاتی ئەورووپا ئاشكرایان كردووە، توركیا پیلانەكەی بەتاڵ كردووەتەوە.
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پارتی یەكێتیی دیموكراتی سوریا، لە ڕێی ئیمەیڵەوە بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״ئەمڕۆ توركیا لە لایەن ئەردۆگانی سەرۆككۆماری توركیاوە بەڕێوە دەبرێت و هەر كەسێكی بوێت دەیكات بە دوژمنی خۆی و بڕیاری زیندانی و كوشتنی بۆ دەردەكات، ئەو كەسێكە نازانێت یاسا و دادگا چییە.״
هاوسەرۆكی پەیەدە جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەردۆگان هەر كەسێك لەگەڵیدا هاوڕا نەبێت و پشتیوانی نەكات ئەوا تۆمەتی بۆ هەڵدەبەستێـت و تیرۆری دەكات، ئەورووپا و ئەمەریكاش باش لە نیازەكانی سەرۆكی توركیا تێگەیشتوون.
سەبارەت بە هەوڵی تیرۆركردنی و چۆنیەتیی ئاشكرابوونیشی، ساڵح موسلیم تەنها ئەوەندەی وت: ״ئێمەش یەكێكین لەوانەی لەگەڵ توركیا ناكۆكین و هەوڵی تیرۆركردنمان دەدات.״
ساڵح موسلیم تەئكید لەوە دەكاتەوە توركیا بە زیندانیكردن و تیرۆركردنی ئەوان ناتوانێت ئیرادەی گەلی كورد بڕووخێنێت، جەختیش دەكاتەوە ئەمڕۆ سەدان ساڵح موسلیم و سەڵاحەدین دەمیرتاش بوونیان هەیە.
هەر بە پێی ئەو زانیارییانەی ״ئاژانس״ لە بەرپرسی باڵای پەیەدەوە وەری گرتوون، ئەو كەسانەی بۆ تیرۆركردنی ساڵح موسلم دانرابوون، یەكێكیان چیچانی و ئەوی تریان ئۆزبەگستانی بووە، دوو كەسی تریش هاوكاریان بوون، بەڵام پەیەدە لە ئێستادا زانیاری لەسەر ئەو دوو كەسە نییە.
ئەو چوار كەسە كە دوانیان لە بەلجیكا و دوانیشیان لە فەڕەنسا بوون، ویستوویانە لە كاتی چوونی ساڵح موسلیم بۆ كۆنفڕانسێكی تایبەت بە ڕۆژئاوای كوردستان لە بەلجیكا، كردەی تیرۆركردنەكە ئەنجام بدەن. لە كاتێكدا ئەوە سەری نەگرتووە، هەوڵەكەی تر كە پۆلیسی فەڕەنسا شكستی پێ هێناوە ئەوە بووە كاتێك ساڵح موسلیم و ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری بزووتنەوەی جڤاتی دیموكراتی (تەڤدەم)، ویستوویانە بچن بۆ كۆبوونەوەیەكی تایبەت لە لیژنەی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا، ئەو دوو كەسە لەوێ كردەوەكە ئەنجام بدەن، بەڵام پۆلیس گومانی لێ كردوون و دەستگیر كراون.
ئاڵدار خەلیل، كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی پەیەدە و ڕۆژئاوای كوردستان، وێڕای پشتڕاستكردنەوەی چەند هەوڵێكی تیرۆر و لەناویشیاندا هەوڵی تیرۆركردنی ساڵح موسلیم، ئاماژە بەوە دەدات توركیا شەڕی لە دژی گەلی كورد ڕاگەیاندووە و هەموو ڕێگایەكیش بەكار دەهێنێت لەو شەڕەدا.
ئاڵدار خەلیل، بە ״ئاژانس״ی وت: ״سەركردەكانی ئێمە لە ئەورووپا و ڕۆژئاوای كوردستانیش چالاكانە بۆ گەلی كورد هەوڵ دەدەن و توانیویانە سۆزی وڵاتان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان ڕابكێشن، ئەمەش بۆ توركیا قبووڵكراو نییە.״
لە مانگی ڕابردوودا وەزارەتی دادی توركیا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ساڵح موسلیم دەركرد و دەزگا ئەمنییەكانی ئەو وڵاتەیان ڕاسپارد كە لە هەر كوێیەك دەستیان بكەوێت پێویستە ناوبراو دەستگیر بكەن.
هەر بە پێی زانیارییەكانی سەرچاوەكانی ״ئاژانس״ لە ماوەی ساڵی 2016ـدا 12 جار هەوڵی تیرۆركردنی سەركردەكانی پەیەدە لەناو ڕۆژئاوای كوردستان دراوە و سێ جاریش هەوڵی تیرۆركردن لە ئەورووپا دراوە كە سەرجەمیان شكستیان هێناوە.
لە ڕۆژئاوای كوردستان هەوڵ دراوە بە تەقینەوە یان تەقەكردن هەریەكە لە ئاڵدار خەلیل و ئاسیا عەبدوڵڵا و نەسرین عەبدوڵڵا و ڕێدور خەلیل و ئەنوەر موسلیم تیرۆر بكەن، لە ئەورووپاش هەوڵ دراوە كە ئاڵدار خەلیل و ساڵح موسلیم تیرۆر بكەن.
هەر بە پێی ئەو زانیارییانەی لە پەیەدەوە دراون بە ״ئاژانس״، پەرلەمانی ئەورووپا توركیای لە هەوڵی تیرۆركردنی ئەو بەرپرسە كوردانە لە ئەورووپا ئاگادار كردووەتەوە و هۆشداریی پێ داوە، هەروەها یەكێتییەكە بڕیاری دا گفتوگۆكانی یەكێتیی ئەورووپا بۆ ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتییەكە بۆ كاتێكی نادیار هەڵپەسێرێت. بەڵام توركیا ڕەتی كردووەتەوە كە هیچ بەرنامەیەكی لەو جۆرەیان هەبووبێت و جەختی كردووەتەوە زانیارییان لەسەر ئەو هەوڵانە نییە.