بۆ ڕێگریی له ئاڵۆزیی ئه‌منی بنکه‌ی سه‌ربازیی ده‌كاته‌وه
ئاژانس – ئارا ئیبراهیم
هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه جێناكۆكه‌كاندا ژماره‌ی بنكه‌ی سه‌ربازییه‌كانی زیاتر ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشتر بنكه‌ی سه‌ربازیی هاوشێوه‌ی هه‌بووه له سنووری هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌رچه‌نده وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئاماژه به‌وه ده‌كات كردنه‌وه‌ی ئه‌و بنكانه بۆ شه‌ڕی دژ به داعشه، به‌ڵام هاوکات ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن بوونیان بۆ ڕێگرتن بێت له مه‌ترسیی درووستبوونی ئاڵۆزییه ئه‌منییه‌كان به‌تایبه‌ت له ناوچه جێناكۆكه‌كاندا.
هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دوای ده‌ركه‌وتنی داعش له ساڵی 2014دا له موسڵ بۆ جارێكی تر بوونی سه‌ربازیی خۆیان له هه‌رێمی كوردستاندا زیندوو كرده‌وه له پاش ئه‌وه‌ی له ساڵی 2011دا هێزه سه‌ربازییه‌كانیان له عێراق كشانده‌وه.
سه‌ره‌تا به درووستكردنی یه‌كه‌یه‌كی هه‌مئاهه‌نگیی سه‌ربازی و هه‌واڵگری له هه‌ولێر ده‌ستی پێ كرد دواتریش فڕۆكه‌خانه‌ی (هه‌ریر)یان زیندوو كرده‌وه كه له سنووری هه‌ولێره.
به‌م دواییه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بنكه‌یه‌كی سه‌ربازییان له سنووری قه‌زای مه‌خمووری نێوان هه‌ولێر و موسڵ كرده‌وه و بوونی سه‌ربازیی خۆشیان له كه‌ركوك زیاد كردووه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی به نیازن بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له قه‌زای شنگال بكه‌نه‌وه.
له ناوچه‌ی كه‌یوانی پارێزگای كه‌ركوك ئه‌مەریكییه‌كان سه‌ربازگه‌یه‌كیان هه‌یه و ماوه‌ی زیاتر له سێ ساڵه له‌وێدان، به‌رپرسی میحوه‌ری باشووری كه‌ركوك ده‌ڵێت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعشه.
وه‌ستا ڕه‌سووڵ، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی و به‌رپرسی میحوه‌ری باشووری كه‌ركوك له لێدوانێكدا بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״بنكه‌ی ئه‌مه‌ریكی ماوه‌ی زیاتر له سێ ساڵ له كه‌ركوك له ناوچه‌ی كه‌یوان بوونیان هه‌یه و له سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعشه‌وه له‌گه‌ڵماندا بوون، هه‌ندێ هێزیان زیاد كردووه له ماوه‌ی ڕابردوودا، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیی به ئۆپه‌راسیۆنی حه‌ویجه‌وه هه‌یه و هه‌ماهه‌نگیی به‌رده‌واممان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه״.
قه‌زای شنگال دوای ئه‌وه‌ی له ده‌ستی داعش ڕزگار كرا یه‌كینه‌كانی پاراستنی شنگال (یه‌په‌ژه) له‌و سنووره جێگیر بوون، ئه‌وه جگه له بوونی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و یه‌كه‌یه‌كی تایبه‌ت به حه‌شدی شه‌عبی ئێزدی.
به پێی زانیارییه‌كانی ״ئاژانس״ بڕیاره بنکهیهكی سه‌ربازیی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له شنگال بكرێته‌وه، ئه‌وه‌ش بۆ ڕێگری له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان ئه‌و هێزانه كه پێكدادانی نێوانیان چاوه‌ڕوانكراوه.
مه‌حما خه‌لیل، قایمقامی قه‌زای شنگال بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״له ئێستادا له شنگال سه‌ربازگه‌ی ئه‌مه‌ریكی بوونیان نییه، به‌ڵام زۆر پێویسته بوونیان هه‌بێت و بڕیاره سه‌ربازگه‌یه‌ك بكرێته‌وه״.
وتیشی: ״بوونی هێزی ئه‌مه‌ریكی بۆ ئه‌وه باشه كه ڕه‌وشی ناوچه‌كه ئارام بێت و ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌ی لێ بێت شه‌ڕ و كێشه له‌و ناوچه‌یه ڕوو نادات״.
له سنووری قه‌زای مه‌خمووریش كه له نێوان هه‌ولێر-موسڵدایه، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌رگه‌رمی درووستكردنی بنكه‌یه‌كی سه‌ربازین كه ده‌كه‌وێته سه‌ر هێڵی ناوچه جێناکۆكهكانی نه‌ینه‌وا.
ڕه‌شاد گه‌ڵاڵی، لێپرسراوی كۆمیته‌ی مه‌خمووری یه‌كێتیی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ماوه‌یه‌كه ئه‌مه‌ریكییه‌كان بنكه‌یه‌كی نوێیان داناوه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناحیه‌ی قه‌راج له سنووری مه‌خموور و نزیكه‌ی هه‌زار و 500 سه‌ربازی تیایه و چه‌كی بچووك و قورسیان پێیه و هەتا چه‌كی گه‌وره‌یان له لایه״.
ڕه‌شاد گه‌ڵاڵی ده‌ڵێت: ״له ناوچه‌كه حه‌شدی شه‌عبی هه‌یه و زیاتر له بیست هه‌زار سه‌ربازی عێراقی له ناوچه‌كه‌ن، كه به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی شه‌رگات و سنووری ڕۆژئاوای قهراجن و ئه‌و شوێنانه‌ی له ده‌ستی داعش ڕزگار ده‌كرێت ڕاسته‌وخۆ حه‌شدی شه‌عبی جێگه‌یان ده‌گرێته‌وه و بوونی بنكه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكییه‌كان مه‌ترسیی شه‌ڕ و پێكدادان ناهێڵێت، چونكه له‌و ناوچانه هێزی جیاوازی تێدایه״.
وتیشی: ״مه‌ترسیی ئه‌وه هه‌یه له گونده‌كانی ناحیه‌ی قه‌راج له كۆی 78 گوند 24 گوندیان كوردن و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و شوێنانه بداته ده‌ست سوپای عێراق و بخرێته‌وه سه‌ر پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین״.
بوونی ئه‌و بنكانه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه جێناكۆکەكاندا بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ته‌نیا پاساوی شه‌ڕی داعشه هه‌رچه‌نده له سنووری شنگال و مه‌خموور داعش بوونی نه‌ماوه.
جه‌مال محه‌مه‌د سوپاسالاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه هه‌ماهه‌نگیی به‌رده‌وامیان له‌گه‌ڵ بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه و به‌شی زۆری ئه‌و بنكانه بۆ شه‌ڕی داعش كراونه‌ته‌وه به‌تایبه‌ت بۆ ئازادكردنی قه‌زای حه‌ویجه هاوكاریی هێزه‌كان ده‌كه‌ن.
جه‌مال محه‌مه‌د بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״له كه‌ركوك و مه‌خموور و فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ریر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوونیان هه‌یه، بۆ پاڵپشتیی پڕۆسه‌ی شهڕكردنە و ئه‌وه‌ندەی ئێمه بزانین سه‌ربازگه‌ی كاتییه، جا نازانین ده‌مێننه‌وه یاخود نا، چونكه پێش مانگێك له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه قسه كراوه بۆ ئه‌و بنكه سه‌ربازییانه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌و بنكه سه‌ربازییانه به ته‌واوی جێگیر بن ئه‌وه لای فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمه״.