عوسمان عه‌سكه‌ری
له دوای درووستبونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیله‌وه به‌شێكی زۆر له هێز و توانای وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان له شه‌ڕ و ململانێی ئیسرائیل‌دا به‌هه‌ده‌ر چووه. له ساڵه‌كانی 1948 و 1956 و 1967 و 1973 لانیكه‌م سوپای پێنج وڵاتی عه‌ره‌بی یه‌كیان گرتووه و چوار جه‌نگی گه‌وره‌یان له دژی ئیسرائیل كردووه. دوایین جه‌نگ له ئۆكتۆبه‌ری 1973 ڕووی دا، كه هه‌ریه‌ك له سوپاكانی میسر و سوریا، عێراق و سعوودییه و كوێت یه‌كیان گرت و له هێرشێكی له ناكاودا به‌رزاییه‌كانی سینا و جۆلانیان له بن ده‌ستی ئیسرائیل ده‌رهێنا، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا له ڕێگه‌ی پردێكی ئاسمانییه‌وه خێرا چه‌ك و ته‌كنه‌لۆجیای جه‌نگیی گه‌یانده ئیسرائیل و هاوسه‌نگیی شه‌ڕه‌كه‌ی گۆڕی. له دوای درووستبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیله‌وه، عه‌ره‌به‌كان زیاتر له په‌نجا ساڵ هه‌وڵیان دا له دژی ئیسرائیل یه‌ك بگرن، به تایبه‌تی عێراق و سوریا و میسر و ئوردن. دواڕێكکهوتن له ساڵی 1978 بوو كه له نێوان هه‌ردوو باڵی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی له سوریا و عێراق كرا. ئه‌و ڕێكکه‌وتنه له لایه‌ن یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت و زۆربه‌ی وڵاته عهرهیبیهكانهوه پشتیوانیی ده‌كرا، به‌ڵام ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا له دژی بوون، چونكه هه‌موو ڕێکكه‌وتنه‌كانی عه‌ره‌ب، (كه هیچیان سه‌ریان نه‌گرت) له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌كرا كه ئیسرائیل له‌ناو بده‌ن، بۆیه له‌و كاته‌دا سەدام حسێن به پشتیوانیی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی عێراقدا گرت و ڕێكکهوتنهكهی پووكاندهوه.
له سه‌رده‌می جەمال عەبدولناسرهوه هه‌تا ده‌گاته سەدام و قه‌زافی، گشت سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌ب، خه‌ونیان به یهكگرتنێكهوه ده‌بینی كه گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ی له ئیسرائیل و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كرد، به‌ڵام نه‌ك خه‌ونه‌كه‌یان نه‌هاته‌دی، به‌ڵكو خلیسكانه ناو تۆڕی دوژمنایه‌تیی یه‌كتره‌وه و وڵاته‌كانیان به شه‌ڕی ناوخۆ وێران كرد، ئه‌وه‌ش هه‌لومه‌رجی بۆ ئێران ڕه‌خساند ده‌ستی بگاته ئه‌و خه‌ونانه‌ی كه سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌ب پێی نه‌گه‌یشتن و چوار وڵاتی عه‌ره‌بی كردن به یه‌ك.
ئێران، دوژمنه دێرینه‌كه‌ی سعوودییه، زلهێزه ترسناكه‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ستی به‌سه‌ر چوار پایته‌ختی وڵاته عه‌ره‌بیه‌كاندا گرتووه، له تارانه‌وه ڕابه‌رایه‌تی چوار سوپای به‌هێزی وڵاته عه‌ره‌بییه‌كانی هاوسنووری ئیسرائیل و سعوودییه ده‌كا، چاویشی بڕیوه‌ته به‌حره‌ین و قه‌ته‌ر و ڕۆژهه‌ڵاتی سعوودییه‌ش، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی و ترسێكی جددی لای سعوودییه و ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكاش درووست كردووه. ئه‌وه‌ی له‌و نێوه‌نده‌دا ماوه‌ته‌وه، بۆته تای ته‌رازووی نێوان نه‌خشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و خه‌ونه‌كانی ئێران، كوردستانه كه به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌یه له به‌رده‌می پێشڕه‌وییه‌كانی ئێران‌دا. ئاخر ئێران له‌وه دڵنیایه ئه‌گه‌ر ده‌ست به‌سه‌ر كوردستاندا بگرێ نه‌ك ته‌نیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، له واشنتۆنیش شكست به نه‌خشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دێنێ. سعوودییه دوژمنه مێژووییه‌كه‌ی ئێران به پێی بۆچونه‌كانی سەلاحەدین ئەیوبی، (لا اقاتل الصلیبیین و ظهری مكشوف للرافظه) مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دنیادا ده‌كات. مه‌زهه‌بی سوننه، شه‌ڕكردن له دژی (ڕافزی) ده‌خاته پێش شه‌ڕكردن له دژی ئیسرائیل و (نصرانی) و مه‌ترسییه‌كانی ئێران له‌سه‌ر وڵاته عهرهیبیهكان، ئه‌و دوژمنه (ڕافزییهی) كه ته‌نگی به سعوودییه هه‌ڵچنیوه، زۆر گه‌وره‌تره له مه‌ترسییه‌كانی ئیسرائیل، بۆیه هه‌یمه‌نه‌ی ئێران له ناوچه‌كه‌دا وه‌ك دوژمنێكی هاوبه‌ش، ئیسرائیل و وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان ناچار ده‌كات په‌یوه‌ندییه‌كانیان له دوژمنایه‌تییه‌وه بببهنه قۆناغی دیپلۆماسی. تاران كه حوكمی به‌غدا ده‌كا و چاوی له‌سه‌ر كوردستانه، سعوودییه له پێش ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیله‌وه دژی ئه‌وه‌یه كوردستان، كلیلی سه‌ركه‌وتنه‌كه بكه‌وێته ده‌ستی به‌غدا و تاران ڕابه‌رایه‌تی بكات، چونكه ئه‌وكات تاران به ئاسانی ئێران و عێراق و سوریا و لوبنان به یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ململانێ له‌سه‌ر چاره‌نووسی ناوچه‌كه گه‌یشتووەته ئاستێك ده‌رفه‌تێكی له‌باری بۆ گه‌لی كوردستان ڕه‌خساندووه سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یه‌نێت. ئه‌گه‌ر كوردستان بانگی سه‌ربه‌خۆیی بكات سعوودییه له پێش ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكاوه پشتیوانی لێ ده‌كا، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات ئوردن و سوننه‌كانی عێراق و سوریاش ببنه هاوپه‌یمانی كوردستان.
له مانگی جونی ئه‌مساڵدا، ئه‌مه‌ریكا به به‌رچاوی ڕوسیاوه یه‌كێك له به‌هێزترین بنكه سه‌ربازییه‌كانی له الزكف و التنف جێگیر كرد، كه ده‌كه‌وێته سه‌ر سێ سنووری سوریا و ئوردن و عێراق، هاوكات فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی بۆردومانی سوپای سوریا و پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی كرد له ناوچه‌ی السویده و زیاتر له 100 كیلۆمه‌تر له سنووری عێراق دووری خستنه‌وه.. شاری المیادین له سوریا كه پایته‌ختی دوه‌می داعشه له‌گه‌ڵ الولیدو القائم، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) له دوای ڕه‌ققه، به پشتیوانیی ئه‌مه‌ریكا ڕزگاری ده‌كا و ده‌یبه‌ستنه‌وه به الزكف و التنف، له‌وێشه‌وه بۆ ئوردن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له دیوی عێراقیشه‌وه پێشمه‌رگه حه‌ویجه ڕزگار ده‌كا، ئه‌مه‌ریكا له عین الاسد، سنووری ئوردنه‌وه بۆ ڕوتبه و هه‌تا ده‌گاته ڕومادی، چه‌ندین بنكه‌ی سه‌ربازی جێگیر كردووه. زۆرێك له چاودێران لایان وایه، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ناوچه‌ی سێ سنووری كۆنتڕۆڵ كرد ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی ئێرانی پووچه‌ڵ كرده‌وه كه ده‌یوست له بیابانه‌كانی ڕومادییه‌وه سوریا و عێراق به یه‌كه‌وه ببه‌ستێته‌وه، به‌ڵام له‌وه گرنگتر ئه‌وه‌یه كه سوپای ئه‌مه‌ریكا له دوای ڕزگاركردنی المیادین، سه‌لامه‌تیی دوو ڕێگای بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی له نێوان كوردستان و ئوردن دابین ده‌كات. ڕێگای یه‌كه‌م، خه‌تی 47 له ته‌له‌عفه‌ر و ده‌شتی نه‌ینه‌واوه، ئه‌وه‌ی دیكه‌یان خه‌تی 19 له كه‌ركوك و بێجییه‌وه ده‌گه‌نه ئوردن، ئه‌مه جگه له‌و ڕێگایانه‌ی له حه‌سه‌كه و المیادینهوه به خاكی سوریادا ده‌ڕۆنه ئوردن. ئه‌و بۆچوونانه كورتبینن ئه‌گه‌ر پێمان وا بێت له ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیدا، ئێران و توركیا و عێراق سنووره‌كانیان داده‌خه‌ن و كورد ده‌مرێ له برسان، به‌پێچه‌وانه‌وه ناتۆ هه‌رگیز ئه‌و سووكایه‌تییه‌ی ئه‌ردۆگان له‌بیر ناكات كه سه‌ربازه‌كانی له‌سه‌ر پرده‌كه‌ی ئیسته‌نبوڵ ڕوتكرده‌وه، له‌وكاته‌شه‌وه ئابوری توركیا نابوت بوه، ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورووپاش تۆڵه‌ی ئه‌و سوكایه‌تیه‌ی لێ ده‌كه‌نه‌وه و به‌وه سزای توركیا ئه‌ده‌ن كه خێروبهرهكهتی بارزگانی كوردستان به ئوردنه‌وه ببه‌ستنه‌وه.
ئوردن هاوپه‌یمانێكی بێ پڕته‌وبۆڵه‌ی گرنگی ئه‌مه‌ریكایه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام گرانیی ژیان و قه‌یرانی ئابووریی ئه‌م هاوپه‌یمانه گوێڕایه‌ڵه‌ی شه‌ته‌ك كردووه. دابینكردنی خه‌تی بازرگانی له نێوان كوردستان و ئوردن ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستاندا نییه، به‌ڵكو جگه‌له‌وه‌ی سزای توركیا ده‌دات خێر‌و به‌ره‌كه‌ت به‌سه‌ر ئوردندا ده‌بارێنێ، گوزه‌رانی سوننه‌كانی عێراق و سوریاش ده‌بووژێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه غاز‌و نه‌وتی هه‌ردوو به‌شی كوردستانی باشور‌و كوردستانی ڕۆژئاواش له‌ڕێگه‌ی ئوردنه‌وه ده‌گاته بازاڕه‌كانی دنیا، به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستێ، به‌ڵكو كۆمپانیاكانی ئوردن و ئیمارات به‌شێك له‌و غازه هه‌نارده‌ی حه‌یفا ده‌كه‌ن. ململانێكانی ناوچه‌كه ده‌رفه‌تی باشیان ڕهخساندەوه كوردستان بانگی سه‌ربه‌خۆیی بدات ئه‌وه‌ش ده‌رمانی زۆربه‌ی ده‌رده‌كانه. بۆیه پێوسته سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوای كوردستاندا بكات، هاوكات ئه‌ركی هه‌مومانه تێ‌بكۆشین، كۆده‌نگی نیشتیمانی له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا درووست بكه‌ین، له پێش هه‌موانه‌وه ئه‌ركی كاك مه‌سعوده زه‌مینه‌ی زیاتر بۆ كۆده‌نگی بڕه‌خسێنێت، جه‌ماوه‌ری كوردستان و لایه‌نه‌كان له‌وه دڵنیا بكات كه پێكه‌وه بانگی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌ده‌ین (كۆماری كوردستان) بنیات ئه‌نێین. ئه‌گه‌ر كۆده‌نگی نه‌بێ، دهرفهتهكهمان له ده‌ست بچێ، هه‌موو زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بین، له به‌رده‌می مێژوودا گه‌لی كورد شه‌رمه‌زاری كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ین.