د. ئومێد ڕه‌فیق
باغۆز وه‌كو شارۆچكه‌یه‌كى سه‌ر سنوور له‌گه‌ڵ شارى قائیمى عێراق (له ئێستادا) یه‌كێكە له‌و شارانه‌ى كه وه‌كو دوا ناوچه‌ی هه‌ناسه‌دانى خه‌لافه‌ته‌كه‌ى داعش هه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌م ناوچه‌یه له ڕووى جوكرافییهوه بچووك و لێره‌دا به‌رگری له دواهه‌مین قه‌ڵاى خه‌لافه‌ته‌كه‌ى داعش ده‌كرێت، ئه‌م شارۆچكه‌یه به‌رده‌وام گرێییهكى ئه‌منى بووه له نێوان عێراق و سوریا، كۆنتڕۆڵكردنی ده‌بێته خاڵێكى وه‌رچه‌رخانى گه‌وره له شه‌ڕى داعشدا، له لایه‌ك وه‌كو سه‌ركه‌وتنى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات به‌سه‌ر ئه‌و ڕێكخراوه‌دا و، له لایه‌كى تر كۆتاییهاتن به خه‌وبینینى داعش له‌سه‌ر زه‌وى. چونكه ئیتر داعش سه‌روه‌ریى هیچ خاكێكى فه‌رمى بۆ خه‌لافه‌ته‌كه‌ى نامێنێت. باغۆز خاڵى په‌ڕینه‌وه‌ى چه‌كداره‌كانى داعش بوو بۆ ناو خاكى عێراق و جوڵه‌و گواستنه‌وه‌ى داعش.
ئه‌وه‌ى له باغۆز ڕوو ده‌دا ته‌نها شه‌ڕێكى ئاسایى نییه، له لایه‌ك داعش سه‌دان خێزانى سیڤیل به كار ده‌هێنێت وه‌كو قه‌ڵغانى مرۆیى، له لایه‌كى تر دوا ئومێدى و چاوهڕوانىی سه‌دان خێزانى یه‌زیدییه كه چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ن له باغۆز ئومێدى گه‌ڕانه‌وه‌ى خێزان و منداڵه‌كانیان بێت.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێڕامان بوو ئه‌و ژماره زۆره‌یه له چه‌كدارى بیانى له‌م شارۆچكه بچووكه، له چه‌كداری بیانى (ڕوسى و تاجیكى و فه‌ڕه‌نسى و چینى و چه‌ندین ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌ی دیكه)، دوای گرتنه‌وه‌ى ئه‌م شاره و ته‌سلیمبوونی داعش به لانى كه‌مه‌وه له هه‌موو ئاسته‌كاندا ئه‌م خاڵانه جێگه‌ى پرسیارن:
یه‌كه‌م: جگه له ڕوسیا هیچ وڵاتێكى دونیا ئاماده نییه چه‌كداره داعشه‌كان یاخود خێزان و منداڵه‌كانیان به‌رێته‌وه بۆ وڵاته‌كانیان، ڕوسیا له نێوان وڵاتاندا متمانه‌ى به هیچ یه‌ك له‌و لایه‌نانه نییه كه هه‌ڵده‌ستن به په‌نادان، یاخود زیندانىكردنى داعشه‌كان و مه‌ترسىی ئه‌وه‌ى هه‌یه له ئایینده‌دا دژ به ڕوسیا یاخود به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ڕوسیا به كار بهێنرێن.
دووه‌م: ئێستا ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى له خێوه‌تگاكاندا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و به پێى چاوپێكه‌وتنه‌كان و وه‌رگرتنى بیروڕایان خه‌ریكى پێگه‌یاندنى نه‌وه‌یه‌كى تازه‌ى داعشن، به پێى دوا ئامارى نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان گه‌یشتووه به نزیكه‌ى ٦٣ هەزار كه‌س، ئه‌م ئاماره ئامارێكى مه‌ترسیداره له‌سه‌ر ئاسایشى ناوچه‌كه به تایبه‌تى عێراق و سوریا.
سێیه‌م: گره‌نتى چییه كه ئه‌م كه‌سانه بۆشایى ئه‌منی نادۆزنه‌وه بۆ ده‌ربازبوون و ڕزگاربوون به هه‌ر ڕێگه‌یه‌كه (به‌كارهێنانیان، یاخود توانایان بۆ خۆڕزگاركردن) ، چونكه هه‌ر دوو ئه‌گه‌ره‌كه له به‌رده‌م ئه‌م گرووپه‌دا كراوه‌یه.
چواره‌م: ״خه‌لیفه״ى به‌ناو داعش تا ئێستا ماوه و، هه‌تاوه‌كو ״خه‌لیفه״ بمێنێت مه‌ترسییه‌كان زیاتره، بۆیه تا دۆزینه‌وه و ده‌ستگیركردنى به‌غدادى مه‌ترسیی پابه‌ندبوون و ئۆرگانیزەبوونهوهى داعش به ستراتیژى تر و تاكتیكى تازه به‌رده‌وامه.
ئێستا گه‌وره‌ترین ئاڵنگاریی به‌رده‌م درووستكه‌رى سیاسه‌تى ئاسایشى عێراق مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه تازه‌یه‌دا، بۆیه هه‌ر زوو شه‌قامى سیاسى و هێزه سیاسییه عێراقییه‌كان په‌رچه‌كرداریان هه‌بوو له به‌رامبه‌ر ئه‌م دۆخه تازه‌یه، هه‌ندێك هێزى سیاسىی عێراق پێیان وایه ئه‌مەریكا به‌رپرسى یه‌كه‌مه له درووستكردنى ئه‌م دۆخه، له تازه‌ترین په‌رچه‌كرداردا (قه‌یس خه‌زعه‌لى) سه‌رۆكى گرووپى (عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق) ده‌ڵێت: (ئه‌مەریكا خه‌ریكى پێگه‌یاندنى نه‌وه‌ى دووه‌مى داعشه)، هه‌روه‌ها یه‌كێك له سه‌ركرده باڵاكانى سه‌رایاى سه‌لام ده‌ڵێت: (ئه‌مەریكا و هێزه بیانییه‌كان ئاگادار و هانده‌رى داعشن كه له سامه‌ڕا و حه‌وزه‌ى حه‌مرین جموجۆڵ ده‌كه‌ن).
ئێستا عێراق له به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌دایه هه‌موو ڕێگه ئه‌منییه‌كان به كار ده‌هێنێت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش، چونكه به كردارى، زیندانییه‌كان و خێوهتگاكانیش هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسین له‌سه‌ر ئاسایشى عێراق به تایبه‌ت ئه‌و هێزانه‌ى بڕیار له چاره‌نووسیان ده‌ده‌ن ده‌توانن به ئاسانى به هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان به كاریان بهێنن.