عومهر عهلی محهمهد
ئیسلامییەكانی هەرێمی كوردستان هەتا ئێستا بە دەم وەڵامی ئەو پرسیارەوە نەچوون كە ئایا بۆچی خرانە دەرەوەی پێكهاتەی حكومەتی نوێ؟ ئایا هۆكارەكە بە هۆی دابەزینی كێرڤی جەماوەری و نزمبوونەوەی ئاستی دەنگەكانیانە؟ یان بە هۆی بێ پلانیی خۆیانە بۆ شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ دەسەڵات؟ یان هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ فشاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە نابێت مامەڵە لهگهڵ ئیسلامی سیاسیدا بكرێت و دەبێت پەراوێز بخرێن؟
هەرسێ پارتە ئیسلامییەكەی كوردستان شێوازی دید و تێڕوانینیان بۆ كاری سیاسی لە یەكترەوە نزیكن، هەرسێكیان لە ئێستادا لە چوارچێوەی فرەیی سیاسیدا كار دەكەن و وەك بنەمایەكی دیموكراسیش بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا دەكەن بۆ گەیشتن یان بەشداریكردن لە دەسەڵاتدا، هەرسێ پارتە سیاسییەكە لە كاری سیاسییاندا زیاتر پشت بە كاری بانگخوازی دەبەستن و بۆ ئەم مەبەستەش سیاسەتیان كردووهتە پاشكۆی كاری بانگخوازی و هەر لەم ڕێگەیەشەوەیە دەیانەوێت جەماوەر بۆ پارتەكانیان زیاد بكەن و بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەش ئەوەیە لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا ژمارەیەك لە بانگخواز و مامۆستای ئایینی كراونە بەربژێر و توانیویانە دەنگی باشیشیان بۆ كۆ بكەنەوە، بەڵام دواجار بە گەیشتنیان بە پەرلەمان و پۆستە حكومییەكان نەیانتوانیوە وەك پیاوی دەوڵەت سەركەوتنێكی پیشەیی بە دەست بهێنن.
ئەم شێوازە لە كاری سیاسیدا زۆرتر هاوشێوەی پارتە ئیخوانییەكانە كە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتانی عەرەبیدا كار دەكەن، وەك میسر و ئەردەن و كوەیت و یەمەن و هەندێ لە وڵاتانی تر كە بە هۆی ئەم شێوازەوە تووشی چەقبەستوویی و قەیرانی جۆراوجۆر بوونەوە، ئەم پارتە ئیسلامییانە ئێستاش نەیانتوانیوە ڕزگاریان ببێت لە گوتاری چارەكی كۆتایی سەدەی ڕابردوو، كە ئەویش جەختكردنەوەیە لەسەر پاراستنی شووناسی ئیسلامیبوونی كۆمەڵگەی كوردی، لە كاتێكدا كە ئەمە ئەركی ڕێكخراوە بانگخوازییەكانە نەك پارتی سیاسی.
كاركردنی پارتە ئیسلامییەكانی كوردستان بەو فۆڕمە تەقلیدییە، بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانن وەك پارتێكی سیاسیی گەشەكردووی مۆدێرن كار بكەن و بتوانن نوێنەرایەتیی هەموو چین و توێژەكان بكەن، بەڵكوو ئێستا ئەوان نوێنەری كەمینەیەكی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامین نەك هەموو كۆمەڵگەی كوردی كە دابەشبوونی جۆراوجۆری هەیە لە ڕووی فیكری و ئایینی و نەتەوەییەوە.
ئەم پارتە ئیسلامییانە لە ناوخۆی پارتەكانیشیاندا ئاستی گۆڕان و گەشەیان زۆر لاوازە و نەیان توانیوە فۆڕم و شێوازی كاركردنیان بگۆڕن یان زەمینەیەك ساز بكەن بۆ گۆڕانی سەرۆك و بەرپرسەكانیان، لە هەرسێ پارتەكەدا بە درێژایی 28 ساڵی ڕابردوو تەنها نوخبەیەك ڕابەرایەتیی پارتەكانیان دەكەن و لەم ڕووەوە هیچ جیاوازییەكیان لهگهڵ پارتە عەلمانییەكاندا نییە، ئەمەش لە لایەك نیگەرانی و بێهیوایی لە لای گەنجان و ئەكادیمی و كەسانی ڕۆشنبیر درووست كردووە و بووهتە هۆی ئەوەی كە ئەم سێ پارتە خاڵی ببنەوە لە میدیاكاری بەهێز و نووسەر و ڕۆشنبیر و ئەكادیمییەكان، چونكە ئەو نوخبە باڵادەستە توانای لەخۆگرتنی ئەو توێژانەیان نییە و زۆرجاریش بە دووركەوتنەوەیان دڵخۆش دەبن.
لە لایەكی ترەوە ئەم فۆڕمە لە ئیسلامی سیاسی ڕۆژ بە ڕۆژ لە ناوخۆ و دەرەوەدا دەكەوێتە پەراوێز و چیتر وەك هێزێكی سیاسیی كاریگەر مامەڵەی لەگەڵدا ناكرێت، بە تایبەتی ئەمهریكا و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، چونكە لە دوای بەهاری عەرەبییەوە ئەو مامەڵەیەی كە لهگهڵ ئیسلامی سیاسیدا دەكرێت پەراوێزخستنە. لەبەر ئەوە ئەم پارتە ئیسلامییانەی كوردستان ئەگەر خوێندنەوەیەكی واقیعبینانەیان هەبوایە بۆ گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبوایە شێوازی كار و گوتاری سیاسییان بگۆڕیایە هەتا هاوتەریب بە گۆڕانكارییەكان ئەوانیش بیانتوانیایە گەشە بكەن و پەیوەندییەكی نوێ لهگهڵ هێزە كاریگەرەكاندا درووست بكەن، نەك ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێ، پێم وایە ئەگەر بەم شێوەیە كاریان بكردایە لە ناوخۆی كوردستان و لهگهڵ هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانیشدا دەیانتوانی باشتر مامەڵەیان بكردایە و لێكتێگەیشتنی زیاتریان هەبوایە لەگەڵیاندا.
دابڕانی ئەم پارتە ئیسلامییانە لە یەكتر و تەنها خولانەوەیان لە دەوری بەرژەوەندییە تایبەتییەكان وای لێ كردوون كە نەتوانن ببنە خاوەنی پڕۆژەیەكی سیاسیی گەورە و كاریگەر كە پارتە حکومڕانەكان ناچار بكەن مامەڵەیەكی ئیجابییان لەگەڵدا بكەن، بۆ نموونە لە خولی پێشووی حكومەتدا كۆمەڵی ئیسلامی ئەوەندەی لە بزووتنەوەی گۆڕان نزیك بوو و هیواكانی لەسەر هەڵچنی بوو ئەوەندە بڕوای بە هێزە ئیسلامییەكانی تر نەبوو، ئەوەندەش كە یەكگرتوو لە پارتی نزیك بووبووەوە ئەوەندە لە كۆمەڵ و بزووتنەوە نزیك نەدەبوویەوە، كەواتە ئەم پارتە ئیسلامییانە توانای ئەوەیان نییە كە پێشنیاری پڕۆژەی گەورە بكەن و جیاوازییەكانیان تێ بپەڕێنن و بتوانن لە چوارچێوەیەكی سیاسیی نوێدا درێژە بە كار و چالاكییەكانیان بدەن.
لە ئێستادا ئیسلامییەكانی كوردستان یەكەم هەنگاو كە پێویستە بینێن ئەوەیە كە بازنەی ئیسلامی سیاسی جێ بهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ بازنەی نیشتیمانی و كوردستانیبوون و كوردبوون، واتە پێویستە لە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسییەوە بگەڕێنەوە بۆ بازنەی مسوڵمانی كوردستانیی دیموكراسیخواز، ئەمەش بەوە دەبێت كە چوارچێوەی ئەم پارتە سیاسییانەی ئێستایان تێپەڕێنن بۆ پڕۆژەیەكی سیاسیی نیشتیمانی، ئەم قۆناغە ئەوەشی تێپەڕاندووە، كە بەرەی ئیسلامی درووست بكەن یان بچنە ناو پارتێكی ئیسلامیی ترەوە، بەڵكوو پێویستە هەرسێ پارتە ئیسلامییەكە لە جیاتی خزمەت بە ئەجێندای ئیسلامی سیاسی و بەرژەوەندیی سەركردە و بەرپرسەكانیان بیر لە پڕۆژەیەكی گەورەی نیشتیمانی بكەنەوە، ئەمەش ببێتە چوارچێوەیەك بۆ خزمەتی گەل و نیشتیمان و بەدەمەوەچوونی چارەسەری قەیرانەكانی كۆمەڵگەی كوردستان بە هەموو چین و توێژەكانیەوە، ئەمەش پێویستی بە عەقڵی نوێ و كەسایەتیی نوێ و فۆڕمێكی تازە هەیە، بەڵام ئایا ئەم پارتە ئیسلامییانە ئامادەن ئەم هەنگاوە بنێن، زۆر جێگەی گومانە.