عومهر عهلی محهمهد
لە پاش بەهاری عەرەبی و ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەی كە لە ناوچەكەدا ڕووی دا، بە تایبەتییش دوای ڕووخانی ڕژێمی موبارەك و سەركەوتنی ئیخوان لە میسر لە ساڵی 2012دا و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی پارتی نەهزە لە تونس و بەشداریی داد و گەشەپێدانی لیبی لە دەسەڵاتی دوای قەزافی، هەوڵەكانیان لە سوریا بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و تەنانەت پلانداڕشتن بۆ كۆتایی حوكمی بنەماڵەكانی پاشایەتی لە كەنداو، هەموو ئەمانە گۆڕانكاری و كاردانەوەی تری بە دوای خۆیدا هێنا و بووە هۆی ئەوەی كە ئاشتی كۆمەڵایەتی بكەوێتە بەردەم مەترسی و بارودۆخی سیاسییش دەیان ساڵ بگەڕێتەوە دواوە و ئەو گەشە دیموكراسییەش كە ڕووی دابوو بوەستێت و پاشەكشە بكات.
لە دوای ئەمەوە سەدان لێكۆڵینەوە كراوە لەسەر ئاییندەی ئەو بزاڤە ئیسلامییانە، كە هەندێكیان بە كۆتایی ئیسلامی سیاسی ناوی دەبەن و هەندێكیشیان بۆچوونیان وایە كە ئەمە دەبێتە هۆی بەخۆداچوونەوەی بزاڤە ئیسلامییەكان لە ڕووی گوتاری سیاسی و ئایینییەوە و كەڵك لە ئەو ڕووداوانە وەردەگرن و وەك هێزێكی واقیعبینی باشتر دێنەوە مەیدان، ئەوەی كە لە میسردا بەسەر ئیخواندا هات، ڕاستەوخۆ كاریگەریی بۆ سەر زۆربەی پارتە ئیسلامییەكانی تر هەبوو لە ناوچەكەدا، چونكە زۆرینەی ئەو پارتانە درێژكراوەی ڕێكخستنی ئیخوان بوون و لە چوارچێوەی ڕێكخستنی جیهانیی ئەو ڕێكخراوەدا كاریان كردووە، یەكێك لە بەرئەنجامەكانی ئەو ڕووداوانە ئەوە بوو كە ئیتر ئیخوان وەك ڕێكخراوێكی جیهانی نامێنێتەوە و بەرەو جیابوونەوە و دابەشبوون دەڕوات.
لە چەند مانگی ڕابردوودا دامەزراوەی (فریدش ئایبرت) لە عەممانی پایتەختی ئوردون كۆنگرەیەكی فراوانیان ساز دا دەربارەی ئاییندەی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەكەدا، (فرانسۆ بورجار) وەك كەسایەتییەكی فەڕەنسی بەشداریی لە كۆنگرەكەدا كرد، لە دەرئەنجامی كۆنگرەكەدا زۆرتر باس لەوە كرا كە ئیسلامی سیاسی یەك جۆر نییە، بەڵكو لە هەر وڵاتێكدا تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەوەش پەیوەستە بە جۆری سەركردایەتی و پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتدا. كۆنگرەكە زۆرتر باس لەسەر جیاكردنەوەی ئیسلامی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایی كردووە لە ناوچە عەرەبییەكاندا، ئیسلامییەكانی ڕۆژئاوای عەرەبی لە مەغریب و تونس زۆرتر وەك پارتێكی پراگماتی دەردەكەون و توانای گۆڕان و نوێبوونەوەیان زۆرترە، هەر بە هۆی ئەم عەقڵییەتەشیانەوە بوو كە خۆیان پاراست لە كاردانەوەی دوای بەهاری عەرەبی و بە شێوازێكی نوێ دید و بۆچوونی خۆیان داڕشتەوە و گەڕانەوە ناو دەسەڵاتی سیاسی، بەڵام بە پێچەوانەی ئەمانەوە، ئیسلامییەكانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتییش ئیخوان ململانێیەكی توند هەیە لە نێوانیاندا بە هۆی دیدی پراگماتی و تەقلیدی و زۆر كەمیش ئامادەی كرانەوە و گۆڕینی گوتاری سیاسی و ئایینیی خۆیانن و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە گەنجەكان لەناو ئەم جۆرە ڕەوتانەدا بێزارن و بەردەوام دەیانەوێت لەژێر هەژموونی ئەم جۆرە بۆچوونەدا بێنە دەرەوە، هەروەك پێشتر لەناو ئیخوانی میسردا درووست بوو، لەم كاردانەوەیەدا، پارتی (ئهلوهسیت) درووست بوو كە ئێستاش لە میسردا درێژە بە ژیانی سیاسی دەدات، لە لایەكی تریشەوە لە كۆنگرەیەكدا بزووتنەوەی حەماسیش سەربەخۆبوونی خۆی ڕاگەیاند و ئەوەی خستە ڕوو كە ئەم بزووتنەوەیە بەشێك نییە لە ڕێكخستنی ئیخوان و ئەوان وەك پارتێكی نیشتیمانیی فەڵەستینی كار دەكەن، هەروەها كۆمەڵی ئیسلامی لوبنانیش بڕیارێكی هاوشێوەیان دا و وەك پارتێكی لوبنانی خۆیان لە قەڵەم دا، شایەنی باسە ساڵی پار بزووتنەوەی نەهزەش بە هەمان شێوە لە كۆنگرەیەكدا ڕایگەیاند كە چیتر لەمە بەدوا پارتی نەهزە پارتێكی ئیخوانی نییە و بەشێك نییە لە ئیسلامی سیاسی و لە بڕیارێكی ئازایانەدا سیاسەت و بانگەوازی لە یەكتر جیا كردەوه و خۆی وەك پارتێكی سیاسیی موسڵمانە دیموكراتەكان ناساند.
بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە بۆچی هەتا ئێستا لە كوردستاندا سەرەڕای بوونی سێ پارتی ئیسلامی كە لە دوای ڕاپەڕینەوە بە بەردەوامی بەشداریی هەڵبژاردنەكان دەكەن هیچ كۆنگرە و كۆنفڕانس یان دیبەیت و توێژینەوەیەكی ئاشكرایان ئەنجام نەداوە كە باس لە كاریگەرییەكانی ڕووداوەكانی بەهاری عەرەبی بكات لەسەر دید و تێڕوانینی ئەم پارتە ئیسلامییانە یان لە دوای ئەو ڕووداوانە ئەوان دەیانەوێ شێوازی كاركردن و گوتاری سیاسییان بە چ ئاڕاستەیەك بێت و چۆن لەگەڵ بارودۆخە سیاسییە نوێیەكەدا خۆیان بگونجێنن، بە تایبەتییش لە ئێستادا ئیدارەی نوێی ئەمهریكا بە دیدێكی نوێوە مامەڵە لەگەڵ ئیسلامی سیاسی دەكات، هەروەها هەتا ئێستا بە شێوەی فەرمی و لە كەناڵێكی ئاشكراوە دیدێكی یەكگرتوویان نییە لەسەر شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هاوكاریی لەگەڵ هێزە نیشتیمانییەكان و یەكخستنی گوتاریان وەك هێزە هاوپەیمانەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە، لە لایەكی ترەوە دەبوایە ئەم هێزانە بۆ قۆناغی ئاییندە پلانی هاتنەدەرەوەیان هەبوایە لە بازنەی ئیسلامی سیاسی و وەك هێزێكی نیشتیمانی نائایدیۆلۆژی خۆیان پێناسە بكردایەتەوە و بە دیدێكی نوێوە سیاسەت و بانگەوازیان بكردایە و لە بوارە سیاسییەكەشدا پلانیان هەبوایە بۆ پێگەیاندنی كادیری سیاسی هەتا بە شێوەیەكی پیشەیی سەركەوتوو كارە سیاسییەكانیان ئەنجام بدایە.