د.عەلی قەرەداغی*
تایبەت بۆ ئاژانس دەینووسێت
خوای گەورە دەیەوێت ئەم ئوممەتە ئوممەتێكی بەهێز بێت، توانای بەدەستهێنانی هەموو خێرێكی هەبێت و لە ڕووی شارستانییەتەوە پێشكەوتوو بێت و كاریگەریی تەواوی هەبێت لەسەر هەموو گۆڕانكارییەكانی جیهان، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ لە گەلانی مسوڵماندا دەیبینین هەموویان سەرقاڵن بە خۆیان و لە بازنەیەكی بچووكدا خول دەخۆن و توانای بەرەوپێشچوونی گەشەكردنیان نییە، خۆیان بە پرسیاری سادەوە سەرقاڵ كردووە و دەڵێن: ״ئایا مرۆڤ ئازادە یان بە ناچاری ژیان بەڕێ دەكات؟״
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قورئان و خوێندنەوەیەكی وردی بۆ بكەین و بە تێگەیشتنێكی نوێوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەین خۆمان سەرقاڵ ناكەین بە پرسیاری سادە و بێ ئامانجەوە، وە ئەگەر بە عەقڵێكی نوێوە مامەڵە لەگەڵ قورئاندا بكەین دەبینین كە رێگای بۆ رۆشتن كردووینەوەو دەرگامان بۆ دەخاتە سەر پشت بۆ گەیشتن بە زۆر چارەسەر بۆ ئەو قەیرانانەی كە ئێستا لە ئارادایە، ئەگەر دەمانەوێت لەم قەیرانانەی ئێستا رزگارمان بێت ئەوا پێویستە زۆر بە وردی لە رێساكانی خوای گەورە لە گەردووندا تێبگەین چونكە كارەكانی خوای گەورە لەوێدا زۆر بە سەركەوتوویی دەڕۆن و تووشی هیچ گرفتێك نابن سەرەڕای ئەو ئاڵۆزیەش كە تێیدا هەیە.
لێرەدا دەمەوێت باس لە ئەو رێسایانەی ژیان بكەم لەگەڵ پەیوەندیان بەو قەدەرەی كە خوای گەورە دایناوە، هەموومان دەزانین باوەڕبوون بە قەزاوقەدەر یەكێكە لە بنەما سەرەكیەكانی ئەركانەكانی ئەم ئایینە پیرۆزە، كاتێك كە (جوبرەئیل) هات بۆلای پێغەمبەری خواو دەربارەی ئیمان پرسیاری لێ كرد، ئەویش وتی ״باوەڕبوونە بە خوای گەورە و فریشتەكان و كتێبەكان و پێغەمبەران و رۆژی دوایی و قەدەر بە خێر و شەڕییەوە كە لە لای خوای گەورەوەیە״.
یەكتاپەرستییەكی پاك:
ئیمان بوون بە قەدەر پێویستی بە یەكتاپەرستییەكی پاك هەیە بۆ خوای گەورەو گەڕاندنەوەی هەموو فەرمانبەرداریەكە لەگەڵ هەموو درووستكراوەكان بۆ خوای گەورە باوەڕت وا بێت كە هەر خوایە بەدیهێنەر و رۆزیدەر بەهۆی زانستە فراوان و بێ سنورەكەیەوە ئاگای لە هەموو شتێك هەیە و لەهیچ رووداوێكی ئەم گەردوونە بێ ئاگا نییە و نەخشەی وردی بۆ هەموو ژیان هەیە و هیچ شتێك لە چاوی ئەودا ون نابێت.
ئیمانی بەهێز:
ئیمانی بەهێز مرۆڤی مەزن درووست دەكات كە زۆر لە شاخەكان دامەزراوتر بێت و باوەڕداری بەهێز وەك چیایەكی مەزن وایە كە نە رەشەبا و نە هیچ بەڵایەك ناتوانێت كاری تێ بكات، هەرچەند ئەو رەشەبایە بەهێز بێت لە بەرامبەریدا ئەو ئیمانە زیاد دەكات و ئارام دەبێت و هیوای زۆرتری بۆ درووست دەبێت، لەبەرئەوەیە كە هێزێكی گەورە لە پشت خۆیەوە دەبینێت كە تێك شكان و تیاچوونی بۆ نییە.
هەموو كارێكی خێرە:
وەك فەرموودەكە دەفەرموێت ״من سەرم سوڕماوە لە كاری باوەڕدار كە هەموو شتێكی خێرە، ئەگەر تووشی خۆشیەك ببێت و سوپاسی لەسەر بكات ئەوە دەبێتە خێر بۆی، وە ئەگەر تووشی ناخۆشیەك ببێت و ئارامی لەسەر بگرێت ئەوەش دەبێتە مایەی خێر بۆی״ ئەمەش مانای ئەو ئیمانەیە كە مرۆڤی باوەڕدار هەڵیدەگرێت، واتە ئەو مرۆڤە خاوەنی ئامانجە و دەزانێت چی دەكات و بەرەو كوێ دەچێت ئەم مانایە مرۆڤ نابێت بەهۆی ئەم ئیمانەوە تەمبەڵی رووی تێ بكات و لە ژیانی دا بێ پلان بێت و وابزانێت هەرچی ئەوەی لای خوا نووسراوە تەنها ئەوەیە مرۆڤ هیچ شتێكی لەدەست نایەت.
ئیمان و كردەوە:
لەنێوان ئیمان و كردەوەدا پەیوەندیەكی بەهێز هەیە، چونكە لەزۆر ئایەت و فەرموودەدا فەرمانمان پێ دەكرێت كە كار بكەین و پشت بە هۆكارەكان ببەستین و پلانمان هەبێت بۆ هەركارێك كە دەمانەوێت ئەنجامی بدەین، چونكە پێغەمبەر بۆخۆی كە بەهێزترین ئیمانی هەبووەو زۆرترین پەیوەندی لەگەڵ خوادا هەبووە بەو شێوەیە مامەڵەی كردووە، بۆ نموونە لەكاتی كۆچ كردنەكەیدا لە مەككەوە بۆ مەدینە هەموو هۆكارەكانی ئامادە كردبوو بەوردی پلانی دانابوو و بۆ هەڵبژاردنی رێگاكەش زانیاری وردی لەسەر هەبوو، ئەمە لەكاتێكدایە كە خوای گەورە پێی دەفەرموێت [وَاللَّهُ يَعْصِمُكَ مِنَ النَّاسِ] واتە: (خوا دەتپارێزێت لە شەڕ و خراپەی خەڵكی) بەڵام لەهەمانكاتدا لەكاتی خۆ ئامادەكردن بۆ جەنگەكان پلانی سەربازی هەبوو راوێژی بە هاوەڵان دەكرد و باشترین هۆكاری دەگرتەبەر بۆ گەیشتن بە سەركەوتن، ئەمەش مانای ئەوەیە لە رێگای ئیمانەوە توانیبووی عەقڵ بەشێوەیەكی ئیجابی بۆ گەشەپێدانی ژیان بەكار بهێنێت.
هەندێ خەڵك:
لێرەدا ئیشكالیەتی هەندێ خەڵك ئەوەیە دەپرسن: ئەگەر خوای گەورە بەدیهێنەری هەموو شتێكە و مەرجەعە بۆ هەموو شتێك و لە قەدەردا هەموو شتێك نوسراوە كەواتە ئایا كار و كردەوەكانی ئێمە لە بەرامبەر ئیرادەی خوادا چ سودێكی هەیە؟ ئەم بەراوردە وەك ئەوە وایە كە موشریكەكان بەپێغەمبەریان دەوت خوای گەورە لە قورئاندا ئەمەی تۆمار كردووە و دەفەرموێت [سَيَقُولُ الَّذِينَ أَشْرَكُوا لَوْ شَاءَ اللَّهُ مَا أَشْرَكْنَا وَلَا آبَاؤُنَا وَلَا حَرَّمْنَا مِن شَيْءٍ] واتە: (موشریك و هاوەڵگەران دەڵێن: ئەگەر خوا بیویستایە هاوەڵمان بۆ بڕیار نەدەدا!! باوو باپیرانیشمان موشریك نەدەبوون!! هیچ شتێكیشمان لە خۆمان حەرام نەدەكرد)، بەڵام وەڵامی خوای گەورە بۆیان ئەوەبوو كە فەرمووی [قُلْ فَلِلَّهِ الْحُجَّةُ الْبَالِغَةُ فَلَوْ شَاءَ لَهَدَاكُمْ أَجْمَعِينَ] واتە: (ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) پێیان بڵێ: كەوابوو هەر بۆ خوایە خۆی بەڵگە تێرو تەواوەكان، جا ئەگەر بیویستایە ئەوە هەمووتانی بەتەواوی هیدایەت دەداو بە ناچاریی هەمووان بڕوادار دەبوون (بەڵام ڕێزی لێگرتوون و سەرپشكی كردوون)). خوای گەورە بێ توانا نییە بەڵكو زۆر بەتوانایە، بەڵام دەیەوێت بەڵگە لەسەر ئێوە تۆمار بكات واتە دەیەوێت هەموو مرۆڤێك بە ئازادانە كار و كردەوەو هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت و پاشان لەسەر ئەوە دادگایی بكات.
بە دادی خۆی لێپرسینەوەمان لەگەڵ دەكات:
ئەگەر وا دابنێین كە خوای گەورە مرۆڤ ناچار دەكات بەزۆر هەموو شتێكی پێ بكات ئەوكاتە ئەو مرۆڤە خاوەنی هیچ ئازادیەك نییە و هیچ بەرپرسیاریەتێكی لە ئەستۆدا نابێت، كەواتە كاتێك كە خوای گەورە دادگایمان دەكات بە دادپەروەری خۆی ئەو كارەمان لەگەڵ دەكات نەك بە زانیاریەكانی، واتە تەنها لەسەر ئەو شتانە لێپرسینەوەمان لەگەڵ دەكات كە بە بەڵگەوە ئەنجاممان داوە، وە خوای گەورەش لە رۆژی دوایی دا لەسەر ئەو شتانە پرسیارمان لێ دەكات كە ئەنجاممان داوە بۆ ئەم مەبەستەش قورئان ئەوەمان بۆ روون دەكاتەوە كاتێك كە مرۆڤێك دەهێنن و پێی دەڵێن تۆ ئەو كردەوەیەت كردووە بەڵام ئەو سەرپێچی دەكات ئەوكاتە بە ئەندامەكانی دەڵێن، كە كردەوەكەیان ئەنجامداوە شایەتی لەسەر ناڕاستی ئەم وەڵامە بدەن، چونكە هەموو مرۆڤێك هەر كردەوەیەك كە لە دنیادا ئەنجامی دەدات بۆی تۆمار دەكرێت و لەو رۆژەدا نیشانی دەدرێت [وَكُلَّ إِنسَانٍ أَلْزَمْنَاهُ طَائِرَهُ فِي عُنُقِهِ وَنُخْرِجُ لَهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ كِتَابًا يَلْقَاهُ مَنشُورًا * اقْرَأْ كِتَابَكَ كَفَى بِنَفْسِكَ الْيَوْمَ عَلَيْكَ حَسِيبًا]واتە: (نامەی كردەوەی هەر كەسێكیشمان هەڵواسیووە بە گەردنیداو لە ڕۆژی دوایدا كارنامەی كردەوەكانی بۆ دەردەهێنین و بە كراوەیی دەخەینە بەردەستی (ئاشكرایە كە ئەو دەزگایانەی كارو كردەوەی ئێمەی لەسەر تۆمار دەكرێت زۆر پێشكەوتوو ترە لەوەی كە ئادەمیزاد تا ئێستا پەی پێ بردووە * ئەوسا پێی دەوترێت: دەی نامەی كردەوەكانت بخوێنەرەوە و تەماشای بكە، ئەمڕۆ هەر خۆت بڕیار بدەو حساب بۆ خۆت بكە (شایستەی چ جۆرە پاداشتێكیت). كەواتە لێرەدا كێشەكە ئەوە نییە ئایا شتەكان بەسەر مرۆڤدا دەسەپێندرێن و پێشتر بڕیاریان بۆ دراوە، یان ئایا مرۆڤ ئازادە لەو كردەوانەی كە دەیكات یان ناچار كراوە بە كردنیان.
باوەڕ بەخوای گەورە:
ئەو كەسەی وا دەزانێت كە دەبێت ئێمە پاڵی لێ بدەینەوەو هەموو شتەكان بگەڕێنینەوە بۆلای خوا وە بیر لە هیچ هۆكارێك نەكەینەوە بۆ ئەنجامی كارەكانمان ئەمە پێچەوانەی بڕوابوونێكی ژیرانەیە بە خوای گەورە، چونكە خوای گەورە سەرەڕای ئەوەی كە بەدیهێنەری گەردوون و ژیانە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆی كارەكانی خۆی لەسەر كۆمەڵێك رێسای زانستی داناوەو بۆ هەموو كارێكیش بە هۆكارێك روون دەكرێتەوە وەك خوای گەورە دەفەرموێت [كَتَبَ عَلَى نَفْسِهِ الرَّحْمَةَ] واتە: (ڕەحم و میهرەبانی لەسەر خۆی فەرز كردووە). واتە خوای گەورە بۆ خۆی كۆمەڵێك رێسای داناوە كە جێبەجێیان دەكات و ئەمەش دەكاتە رێنماییەك بۆ هەموو مرۆڤایەتی كە ئەوانیش بەو شێوەیە كارەكانیان بەڕێ بكەن و ژیان بەسەر بەرن.
وە لەناو رێساكانی خوای گەورەشدا ئەوەمان بۆ روون دەكاتەوە كە مرۆڤ لە بازنەی ژیانی خۆیدا ئازادە، وە باوەڕ بە خواش دەچێتە بازنەی عەقیدەوە لەنێوان ئەم دوو بازنەیەشدا هیچ دژایەتیەك نییە، بەڵام لەهەمانكاتیشدا خوای گەورە زانیاری بە سەرەتاو كۆتایی هەموو زیندەوەرێك هەیە ئەوەشمان پێ دەڵێت كە ئەگەر مرۆڤ بە باوەڕدار و بێ باوەڕەوە دەستیان بە هۆكارەكانەوە گرت و پلانیان بۆ ژیانی خۆیان هەبوو خوای گەورە سەركەوتوویان دەكات بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان.
*ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان.