د.سهردار عهزیز
پێێ دەڵێن ڕەیس. فلیمی لە بارەوە دەردەکەن. وەها دەزانن گەر ئەو نەبێت پارتەکەیان دەدۆڕێت. ئەگەر بدۆڕێن ئەوا هەموو ئەوانی تر دەبنە دووژمنیان. ئەردۆگان کەتەیە و هەمیشە بە زمانێکی تووڕەی پڕ لە هاوار و خرۆشان دەدوێت. دەیەوێت بە شوێنکەوتوانی بڵێت ئەوەی لە گەڵماندا نییە؛ دوژمنە، خراپە. ئەو بە کوردییەکەی، ئاسایی قسە ناکات، هەمیشە دەخوڕێت. ئەمر دەکات، بە زمانێکی پڕ لە سیمبوولی ئایینی و کۆمەڵایەتی پەیام دەنێرێت. لای ئەو دۆست و دوژمن نییە، تەنها بەکاربردن هەیە. لە بنەڕەتدا جۆرجییە، خێزانەکەی لە شاری باتومیەوە هاتوون. بەڵام خۆی مناڵی قاسم پاشای ئیستەنبوڵە.
ئەردۆگان شانازی بە قاسم-پاشاییەتی خۆیەوە دەکات کە ناسراوە بە شانازیی بە خۆوەکردن و تووڕەیی و قسەی ڕەق، ئەم مۆدێلە بۆ هەوادارانیشی گونجاوە، چونکە نەیارەکانی وەها وێنا دەکات کە لە هاوتای ئەودا نین. ئەردۆگان هەر لە سەرەتاوە بە زمانی ئێمە و ئەوان قسەی دەکرد؛ زمانی پەرتکردن و سنوورڕێژی. لە دۆخێکی وەهادا نەیارانی ئەردۆگان زۆر سوودیان پێ گەیاند چونکە لە لایەک کەسایەتی ئەویان گەورە دەکرد، لە لایەکی تر هێندەی تر لای هەوادارانی بە کاریزمایان دەکرد. ئەمە بۆ ئاگایی تورک زۆر لەبار بوو لە تورکیا، گەرچی سەدەیەکە بانگەشەی ڕۆژئاوایی بوون دەکات، بەڵام هێشتا ئەوە شەخسە کە لە ناوەندی پڕۆسەی سیاسیدایە. هەموومان دەزانین کە چۆن بە ئاسانی پارتی سیاسیی قەدەغە دەکرێت، بەڵام کەسەکان بە ئاسانی لە ژێر ناوی تردا جارێکی تر درووستی دەکەنەوە. ئەمە لە مێژووی تورکیادا چیرۆکێکی باوە.
بەڵام ئەردۆگان دەیەوێت هەموو سنوورەکان ببەزێنێت. دەیەوێت لە هەمووان زیاتر سەرۆک بێت، لە هەمووان زیاتر دەسەڵاتی هەبێت، لە هەمووان زیاتر دەوڵەت، سەرتاپای دەوڵهت بە خۆیەوە گرێ بدات.
ئەمە بە ئاسانی دەکرێت لە بەر کۆمەڵێک خەسڵەتی کۆمەڵگای تورکی:
یەکەم: تورکیا تەنها لە ڕووی جوگرافییەوە لە پەراوێزی ئەورووپادا نییە، بەڵکو لە ئاستی مۆدرێنە و گەشەی کۆمەڵایەتیشەوە. ناونانی تورکیا بە وڵاتێکی بریندار دەمێکە هەنتنگتۆن باسی کردووە. ئەم بریندارییە دەکرێت بە چەندین شێواز دەربکەوێت. یەکێک لە شێوازەکانی پەرتبوونی نێوان عەلمانی و ئایینیيە. بەرەی عەلمانی ئایینی چەندین دەرکەوتەی هەیە؛ شاری لادێیی، دەسەڵاتدار/ دوور لە دەسەڵات، گەندەڵ/پاک. دیارە ئەمە کەرت بوونە، هەتا پێش هاتنی ئاک پارتی بۆ دەسەڵات. بەڵام وەک خیتاب و میکانیزم هێشتا درێژەی هەیە.
دوو: ترسێک لە هەناوی کۆمەڵگای تورکیدا هەیە، کە ناسنامەی نەتەوەیی لاوازە، پڕ لە پێکهاتەی جیاواز، لە ناوەندی ژمارەیەک بێ شومار لە دوژمندایە. ئەم ترسە پاڵنەری ئەو توندڕەوییە ناسیۆنالیستی و نوکوڵیکاریی و هەوڵی سڕینەوەی ئەوی ترە. ئەم دۆخە بووە بە نەریت و عادەت و قبوڵکراوە (ئینتێرنەڵایزکراوە). پێکهاتەکانی ناو تورکیا لە شەڕی سڕینەوەدان لەگەڵ یەکتردا؛ عەلمانی وەها دەبینێت کە ئیسلامیی دەیەوێت بیسڕێتەوە و ئیسلامیی وەها دەبینێت کە عەلمانی دەیەوێت بیسڕێتەوە.
سێ: ئەردۆگان بەرهەمی شکستی ئەوانی ترە لە ڕابردوو و هەروەها لە ئێستاشدا. ڕوونە کە ئەگەر مێژووی نوێی تورکیا بکەین بە دوو بەشەوە، عەلمانی و ئیسلامیی، ئەوا مێژووە عەلمانییەکەی کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە وەک حکوومەتیی سەرباز، گەندەڵی، پەراوێزخستن، کە بوونەتە هۆی هاتنە ئارای ئیسلامییەکان. هەر چەندە بەشێکی گەشەی ئیسلامی سیاسیی بەرهەمی شەڕی ساردە.
چوار: هێنانەوەی باوەڕ بۆ سیاسەت. کاتێک کەسێک باوەڕی بە سیاسەت هەیە، مانای وەهایە ناتوانێت لایەنی ڕەشی ئەو سیاسەتە ببینێت. یان ئەگەر بیشیبێنێت نکوڵی لێ دەکات، چونکە ئەو خزمەتی باوەڕەکەی دەکات. لێرەوە بێدەنگی و شوێن کەوتن درووست دەبێت. لە کاتێکدا سیاسەت بریتییە لە بەیانکردنی جیاوازیی لە پانتایی گشتییدا لە پێناو گەیشتن بە هاوبەشی لە پێناوی گشتدا، بەڵام لە بوونی باوەڕ ئەمە نامێنێت.
بەڵام لە هەمان کاتدا چەندێک عەلمانییەکان مۆدرێنن، ئەوەندەش ئیسلامییەکان. بگرە ئیسلامییەکان باشتر دەتوانن مۆدرێنە بەکاربەرن، چونکە عەلمانییەکان چیرۆکیان نییە، یادەوەرییان نییە، ناسنامەیان نییە. بەڵام ئیسلامییەکان مێژوویەکی درێژیان هەیە لەمبارەوە.
تورکیا تەنها لە ڕووی جوگرافییەوە لە نێوان ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە، بەڵکو لە ڕووی ئاگایی و گەشە و کەسایەتیشەوە، هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بریندارە بە مۆدرێنە، تورک زیاتر.