عومهر عهلی محهمهد
پارتە سیاسییەكانی توركیا ئەردۆگان بە پیاوە زیرەكەكە ناو دەبەن لە گەمەی هەڵبژاردندا، لەبەرئەوە دیاریكردنی ئەم كاتە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، كارێكی بەرنامە بۆ داڕێژراو و پلانێكی سیاسیی زیرەكانە بوو، چونكە ئەگەر توركیا بەو دەسەڵاتەوە بچوایەتە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 و هەڵبژاردنی ئەنجام بدایە، هەرگیز ئەردۆگان ئەو سەركەوتنانەی ئێستای بەدەست نەدەهێنا.
سەركەوتنی پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنەكاندا هیچ كاتێك بە زۆرینەی ڕەها نەبووە، بەڵكو بە سەرنجدان لە هەموو هەڵبژاردنەكان بەتایبەتیش لە دوای ساڵی (2014) كە تیایدا ئەردۆگان سەركەوت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا، بە جیاوازیەكی كەم بووە لەگەڵا ئۆپۆزسیۆندا. بەپێی بۆچونی بەشێك لە چاودێرانی هەڵبژاردنەكانی توركیا ئەوەی چارەنووسی پارتە سیاسیەكان لە هەڵبژاردنەكانی توركیا یەكلایی دەكاتەوە نزیكەی میلۆنێك دەنگدەرە نەك ئەو (60) ملیۆن كەسەی كە دەنگی داوە، ئەمەش وایكردووە، لە یەكەم ڕۆژی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی AKP بیر لەوە بكاتەوە چۆن بردنەوەی هەڵبژاردنی داهاتوو مسۆگەر بكات، لەبەرئەوەش كە خۆیان لە دەسەڵاتدان كاتەكەشی دیاری دەكەن و لەسەر بنەمای سایكۆلۆژیای هاوڵاتی توركیا بەگشتی و زۆرینەی تورك بەتایبەتی گۆڕانكاری بەسەر گوتاری سیاسیاندا دەهێنن.
هەڵبژاردنی ئەم كاتە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بەشێك بوو لەو بەرنامانە، چونكە لە ئێستادا توركیا گیرۆدەی كێشەی قورس نەبووەتەوە، نە لەڕووی ئابوری و نە لەڕووی سیاسیەوە نەچۆتە ناو قەیرانێكەوە كە نەتوانێت لێی دەرباز بێت، بەڵكو ئەوەی كە هەیە دەسەڵات خۆی دروستی كردووە كە بەشێكی بۆ كاركردن بوە لەسەر سایكۆلۆژیای دەنگدەری توركیا كە دەنگدانەوەیە بە دادوگەشەپێدان و بەتەنها هێزی ڕزگاركردنی توركیای بزانێت لە پێناو پاراستنی یەكپارچەیی خاكی توركیا و مانەوەی توركیا وەك زلهێزێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێگرتن لە هەرەسی لیرە و ئابوری توركیا، لەهەمان كاتدا ڕێبەرایەتی كردنی گەلانی مسوڵمان بۆ ئەو ئەجێندا سیاسەی كە هەیەتی وەك بەشێك لە پرۆژەكانیان بۆ سەرلەنوێ زیندوكردنەوەی خەونی سوڵتانی لە چوارچێوەی پرۆژەی سیاسی عوسمانیە نوێیەكاندا.
پارتی دادوگەشەپێدان لەماوەی دەسەڵاتی چەند ساڵی ڕابردوویدا بە بەرنامە كاری كردووە بۆ ئەوەی سەرلەبەری سیستمە كۆنە كەمالیەكە بگۆڕێت و یەك لەدوایەك شوێنكارەكانیان بە بەدیلی نوێتر پڕ بكاتەوە، كە مۆركی تایبەتی ئەردۆگانیزم و پرۆژە سیاسیەكەی پێوە بێت.
ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەر دەستور لە مانگی نیسانی (2017)و سەركەوتنی تیایدا گەورەترین هەنگاو بوو پاشان پێشخستنی هەڵبژاردن و سوربوون لەسەر ئەنجامدانی و سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكەشدا بە تەواوی توانای ئەنجامەكانی بەدەست بهێنێت و ئیتر بكەوێتە سەر جێبەجێكردنی ئەو خەونانەی كە هەیبوو بۆ بنیاتنانەوەی توركیا، بەتایبەتی لەڕوی سیاسی و دەستوریەوە، چونكە گۆڕینی سیستمەكە بۆ سەرۆكایەتی مانای گواستنەوەی زۆرینەی دەسەڵاتە گرنگەكانە بۆ خودی سەرۆك كۆمار و هەرخۆیشی سەرۆكی پارتی براوەی هەڵبژاردنەكانەو هەموو بڕیارە گرنگ و چارەنوسسازەكانی بەدەستە لە دروستكردنی حكومەت و دانانی وەزیرەكان و دادگاكان و دامەزراوە گرنگەكانی وەك ئاسایش و میدیاكانی حكومەت و پۆلیس و دامەزراوەی سەربازی.
لەلایەكی تریشەوە بە بەرنامە كاریكرد لەسەر ئەوەی كە جارێكی تر هاوشێوەی كەمال ئەتاتورك خۆی بكاتە سەركردەیەكی كاریزمی لەلایەك بۆ ڕەگەزی تورك ،لەلایەكی تریشەوە بۆ گەلانی تری توركیا، بەستنی هاوپەیمانێتی ستراتیجی لەگەڵا مەهەپە لەپێناو ئەوەدابوو كە ئەردۆگان لە سەركردەیەكی پارتێكەوە كە بە باكگراوندی ئیسلامی ناسراوە بۆ سەركردەیەكی نوێ كە لەدوای ئەتاتورك ئاڵای توركیا هەڵدەگرێ و ڕابەرایەتی گەلی توركیا دەكات بۆ ئایندەو سەروەریەكانیان لە مێژوودا بۆ زیندوو دەكاتەوەو ڕوبەڕووی دوژمنەكانی توركیا دەوەستێتەوە.
بۆ گەلانی تری مسوڵمانیش لەناوخۆو دەرەوەی توركیادا هەڵگرتنی گوتارێكی ئاینی و بەردەوام پشتیوانی لە كێشەی قودس و فەڵەستینیەكان و كێشەی كەمینە مسوڵمانەكان لە میانمار و توركمانستانی ڕۆژهەڵات و مسوڵمانەكانی تبت لە چین و داكۆكی كردن لە كێشە ئیسلامیەكان لە نەتەوە یەكگرتوەكان و ڕێكخراوی هاریكاری ئیسلامی وایكردووە كە سۆزی هاوڵاتی مسوڵمانی شەقام بەلای خۆیدا كێش بكات، لەوكاتەوە كە ئەردۆگان هاوپەیمانی ستراتیجی لەگەڵا نەتەوە پەرستەكانی توركدا بەستووە، ئاستی توندوتیژیەكانی بەرامبەر بە كورد و كێشەكەی لە هەرسێ پارچەی كوردستان زیادی كردووە، بەمەش دەیەوێت شەڕی كورد بكاتە بەشێك لە شەڕی تیرۆر و بەردەوام هێرشەكانی بۆسەر پارتی كرێكاران و یەپەگە و ئۆپەراسیۆنەكانی لە كوردستانی باشور و هەڕەشەكانی لە قەندیل و شەنگار و مەخمود و جێگاكانی تر بە شەڕی دژ بە تیرۆر ناوبردووە، بەمەش خواست و ئامانجی توركە فاشیەكانی هێناوەتەدی و بۆشی دەركەوتووە ئەم گوتارە كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی ئەو دەنگانە نەبووە كە لە باكوری كوردستان پێی دراوە، لەم كاتەشدا توانیویەتی بە هاوپیەمانی لەگەڵا مەهەپەدا هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی بباتەوە، پێناچێت پاشەكشە لەو ئاراستەیە بكات و جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی لەگەڵا كورددا، لەبەرئەوە پێشبینی دەكرێت كە حكومەتی ئایندە بەشێك لە پۆستە گرنگەكانی بدرێت بە مەهەپە و ئەوكاتەش هەڵوێستەكان بەرامبەر بە كورد توندتر دەبن، بەتایبەتیش لەو ڕوانگەیەوە كە ئەمریكا بێ دەنگە لە ئاست ئۆپەراسیۆنە سەربازیەكان و زۆرجاریش پشتیوانی دەوڵەتی توركیا دەكات بۆ سنورداركردنی چالاكی پەیەدە لە سوریا و پارتی كرێكاران لە قەندیل و ناوچەكانی تر.لە بەر ئەوە پێشبینی دەكرێت قۆناغی ئایندە بۆ كورد دژوارتر بێت و وا بە ئاسانیش دەوڵەت نەگەرێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.