بە پەیوەندییەکانماندا لەگەڵ پارتیدا دەچینەوە
سازدانی: هێمن مامەند
غازی كەركوكی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کەموکوڕی لە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ پارتی هەیە و پێی وایە پارتی هەندێ شتی کۆنتڕۆڵ کردووە و دەڵێت، ״بە پەیوەندییەکانماندا لەگەڵ پارتیدا دەچینەوە.״
غازی کەرکوکی، لە چاوپێکەوتنێکی ״ئاژانس״دا ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا ناو و دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆک و ئۆرگانەکانی یەکێتیی یەکلایی نەکراونەتەوە و دەشڵێت، ״باڵاترین دەسەڵاتی یەکێتیی لای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەبێت.״
ئاژانس: با لە وردەكاریی كۆبوونەوەكانی ئێستاتانەوە دەست پێ بکەین، چەند ماددەی پەیڕەوی ناوخۆتان پەسەند كردووە؟
غازی كەركوكی: تا ئێستا پەنجا ماددەمان لە هەموارەكە پەسەند كردووە، هەوڵەكانیش بەردەوامن، بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی كورتدا ئەو ماددانەی ماون هەموار بكرێنەوە و لە ئەنجوومەن پەسەند بكرێن.
ئاژانس: لەو ماددانەی پەسەند كراون، چ شتێكی نوێی تیادایە لەناو یەكێتییدا، ئەو پرسی هاوسەرۆكایەتییە چۆن دەبێت كە باس دەكرێت؟
غازی كەركوكی: شتی نوێی زۆر تێدایە كە لە بەرژەوەندیی ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتیی و خەڵكی كوردستان دەبێت بە گشتی، هەروەها مەسەلەی هاوسەرۆكی لەناو یەكێتییدا، كە پرسێكی نوێیە یەكلایی بووەتەوە و لەمەودوا سیستمی سەرۆكایەتی لە یەكێتییدا هاوسەرۆكایەتی دەبێت.
ئاژانس: چەند هاوسەرۆك دەبێت؟
غازی كەركوكی: تا ئێستا ئەمە یەكلایی نەكراوەتەوە، كە چەند هاوسەرۆك دەبن.
ئاژانس: میكانیزمی دیاریكردنیان چۆن دەبێت؟
غازی كەركوكی: میكانیزمەكە ئەوەیە هەموو ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی مافی خۆكاندیدكردنی هەیە و لە ڕێگەی دەنگدانیشەوە یەكلایی دەبێتەوە.
ئاژانس: یەكلاییكردنەوەكە پەنجا زائید یەك دەبێت؟
غازی كەركوكی: دوو ڕا هەیە، هەندێك دەڵێن پەنجا زائید یەك بێت هەندێكیش دەڵێن دوو لەسەر سێ بێت، تا ئێستا ئەمە یەكلایی نەكراوەتەوە.
ئاژانس: ئایا لەسەر دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی، سەرۆك و ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكلایی بوونەتەوە؟
غازی كەركوكی: دەسەڵاتەكان یەكلایی نەبوونەتەوە، بەڵام دەبێت هەموو بڕیارەكان بگەڕێتەوە ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی.
ئاژانس: واتە بەرزترین دەسەڵاتی یەكێتیی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێـتیی دەبێت؟
غازی كەركوكی: بەڵێ، باڵاترین دەسەڵات لای ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی دەبێت و هەموو بڕیارێك لەوێ یەكلایی دەكرێتەوە.
ئاژانس: پێشبینی دەكەن چەندی تر كاتتان بووێت بۆ پەسەندكردنی تەواوی پەیڕەوەكە؟
غازی كەركوكی: كاتێكی دیاریكراو نییە، بەڵام بە گشتی ئەم هەفتەیە كارەكان لە پێشوو باشتر دەڕۆن بەڕێوە.
ئاژانس: هیچ كێشە و ناكۆكییەك نابێتە بەربەست لە بەردەم پەیڕەودا؟
غازی كەركوكی: كێشەكە لە پەیڕەودا نییە، چونكە پەیڕەوەكە بۆ هەموانە، بەڵام كێشەكە لەسەر دەسەڵاتەكانە و بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی كامە لا دەسەڵاتەكانی زیاتر بێـت و دەسەڵات لای كێ بێت، بەڵام وەك باسم كرد هیچ شتێك ناكرێت بێ ئەنجوومەنی سەركردایەتی.
ئاژانس: ئەی ژمارەی جێگرەكانی هاوسەرۆك یەكلایی بووەتەوە؟
غازی كەركوكی: ئەمەش تا ئێستا یەكلایی نەبووەتەوە.
ئاژانس: سەبارەت بە سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق، چۆن لێی دەڕوانن، پشتگیر و هاوكاری دەبن بۆ پێكهێنانی كابینەكەی؟
غازی كەركوكی: شاندێكی سەركردایەتیی یەكێتیی و چەند پەرلەمانتارێكی یەكێتیی لە بەغدان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی حكومەتی تازە، لەسەر حكومەتە تازەكە و ئیستیحقاقاتی كورد، ئەگەر مافەكانی كورد دابین بكات، ئێمە پشتگیری لە حكومەتی تازەی عێراق دەكەین.
ئاژانس: وەفدی یەكێتیی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو كۆ بووەتەوە، چییان باس كردووە؟
غازی كەركوكی: تا ئێستا ئەوان نەگەڕاونەتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە باسی مافەكانی كورد و خەڵكی كوردستان دەكەن.
ئاژانس: سەركردایەتیی تازەی یەكێتیی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی چۆنە؟
غازی كەركوكی: من پێم وایە كەموكوڕی لە پەیوەندییەكان هەیە، چونكە پارتی توانیویەتی كۆنتڕۆڵی هەندێك شت بكات، بەڵام ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی بەو پەیوەندییەدا دەچێـتەوە، بۆ ئەوەی مافەكانی كورد ئینجا ئیستیحقاقاتی یەكێـتیی وەربگرینەوە. پارتی لەبەر ئەوەی خۆی بە دەسەڵاتی یەكەم دەزانێت زۆر جار هێرش دەكاتە سەر یەكێتیی، بەڵام ئەم مەسەلەیەش تاهەتایی بۆی ناچێتە سەر.