ئاژانس – ڕاوێژ کامەران
کچە ڕاگەیاندکار و مۆدێل ئەڤین ئەنوەر (١٩ ساڵ) ماوەی چەند ساڵێکە بەردەوام لەسەر شاشەکان دەبیندرێت، ئەو لەم دیمانەیەیدا لەگەڵ ئاژانس باس لە بوارەکەی خۆی و کارکردنی دەکات وەک خانمێکی میدیاکار.
ئاژانس: چۆن بوو سەرەتا هاتنە بواری ڕاگەیاندن، ئایا ئەکادیمیانە خوێندووتە؟
ئەڤین ئەنوەر: کاری ڕاگەیاندن خولیایەکی سەرەکی و گرنگ بوو لە ژیانی مندا، هەر بۆیە بە پێشتر بەشداری چەند خولێکی تایبەتم کرد و دواتریش هەنگاو بە هەنگاو لە کەناڵە ناوخۆییەکانەوە دەستم کرد بەکارکردن تا ئێستاش بەردەوامم لەسەری، بەڕایی من کارکردن وەک بێژەر بۆ کچان گرنگە و دەرکەوتنیان لەم بوارەدا جێگای شانازی و پێشکەوتنە، من هەر لە منداڵیەوە کەسێکی هار و هاج و زیرەک بووم و پێشم وایە ئەو تایبەتمەندیانە بۆ کارەکەم گرنگە.
ئاژانس: بەدەر لە کاری ڕاگەیاندن بە چی دیکەوە سەرقاڵیت و حەز و خولیایی دیکەت چییە؟
ئەڤین ئەنوەر: من وەک کار جگە لە کاری ڕاگەیاندن کاری دیکەم نیە و پرۆگرامی فاشیۆن و مۆدێل پێشکەشدەکەم، بەڵام زۆر حەز بە وێنەکێشان دەکەم و ناوە ناوە وێنە دەکێشم، زۆرجار کتێب دەخوێنمەوە و بەنیازیشم سرودێک تۆمار بکەم، بەڵام بە گشتی من زۆربەی کاتەکان خەمبارم و تەنها لەسەر شاشە پێدەکەنم، ئەگەر نا هیچکات دڵخۆش نیم و ژیانی خۆم وەک چیرۆکێکی تاڵ دەبینم، خەونێکی شێتانەشم هەیە و دەمەوێت لەسەر هەور وێنە بگرم.
ئاژانس: هۆکار چیە خەمباریت؟ چیرۆکی خۆشەویستی لەژیانتدا هەیە؟
ئەڤین ئەنوەر: بە دڵنیاییەوە ١٩ ساڵ تەمەن بەبی خۆشەویستی نەبووە، بەڵام پەیوەندیەکی خەمناکم هەبووە کە نامەوێت هیچی لەبارەوە بڵێم، لە داهاتووش هەرکەسێک هاتە ژیانمەوە تاکە مەرجم بۆی ئەوە دەبێت کە ڕێگر نەبیت لە کاری ڕاگەیاندنەکەم.
ئاژانس: وەک کچە بێژەرێک چۆن پاریزگاری لە جوانی ڕوخسار و جەستەت دەکەیت؟
ئەڤین ئەنوەر: بۆ جەستەم تا ڕادەیەکی زۆر گونجاوە چونکە کێشم ٥٨ کیلۆیە و باڵام ١٦٨ سم، هەر بۆیە کەمتر وەرزش دەکەم بەڵام ئەگەر هەستبکەم کێشم زیادی کردووە، رێجیمی تەندرووست دەکەم و ئاگاداری سستمی خواردنم دەبم، چونکە پێموایە خواردن گرنگترین ڕێگایە، بۆ ڕوخساریشم زیاتر توێکڵی خەیار بەکاردەهێنم بۆ پێستم و زۆر سوودم لێبینیوە.
ئاژانس: لە کارەکەتدا زیاتر شانازی بە چیەوە دەکەیت؟
ئەڤین ئەنوەر: بۆ خۆی کارکردنم لە ڕاگەیاندن جێگایی شانازییە بۆم، زۆر شانازیش بە مایکەکەی دەستمەوە دەکەم، کاتێکیش دەبینم پرۆگرام و بەرنامەکانم دەچنە ناو خەڵک و کاریگەریان دەبێت زۆر دڵخۆشدەبم پێی و جێگایی شانازییە بۆم.
ئاژانس: وەک کچە بێژەرێک تا چەند ئازادی کچانت لە هەڵبژاردنی جلوبەرگ لا گرنگە؟
ئەڤین ئەنوەر: ئێمەی کچان و ژنان بەردەوام مافخوراو بووین و بۆمان نەبووە بە دڵی خۆمان جلوبەرگێکی وا بپۆشین کە خواستمان لەسەری بووە و بەردەوام ناچار بووین ڕەچاوی قسەی خەڵک و بڕیاری پێشوەختی کۆمەڵگە بکەین، لەکاتێکدا بەڕای من زۆر گرنگە کە کچ و کوڕ ئازادیی تەواوەتیان هەبێت و بە خواستی خۆیان چیان بوێت بیپۆشن.