خالد سلێمان
گۆڕانکارییەکانی ژینگە، وەک دەرەنجامی قەتیسبوونی هەر دوو گازی کاربۆن و مێتانن، کە ناهێڵن زەوی هەناسە بدات، ئەویش لە ئاکامی داخوازیی زۆر لەسەر وزەی ژێرزەوی وەک نەوت و گاز و دەستەبەرکردنی خۆراک و پێداویستییەکانی ژیان بۆ زیاتر لە ٧ ملیار مرۆڤ، تەنها لە وشکەساڵی و بێئاویدا ڕەنگ نادەنەوە، بەڵکوو لە گۆڕانی وەرزەکانی باران و درووستبوونی لافاویشدا. بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکان، لە نێوانیاندا دەستەی حکومی-نێودەڵەتیی تایبەت بە گۆڕانکاریی ژینگە، زۆربوونی لافاو وەک دەرەنجامێکی گۆڕانکاریی ژینگە تەماشا دەکەن. هۆکارەکانیش ئەگەڕێنەوە بۆ بارانی بەخوڕ کە دەرەنجامی بەریەککەوتنی تەوژمە ساردەکان و هەوایەکی گەرمە لە بۆشایی ئاسماندا کە ڕێژەیەکی زۆر لە شێی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. لە کەشێکی ئاساییدا ئەو هەوا گەرمە مەداری زەوی بەجێ دەهێڵێت، بەڵام لەبەر ئەوەی چینێکی ئەستووری کاربۆن لە بۆشاییدا هەیە، ڕێگەی دەرچوونی نییە و بە هەر بەریەککەوتنێک لەگەڵ تەوژمی ساردیدا ئەبێتە بارانی بەخوڕ، ئەمە جگە لەوەی کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە کاتی بارینیشدا و هەڵکشان و داکشان لە وەرزەکاندا. بە پێی دواهەمین ڕاپۆرتی پەیمانگەی سەرچاوەکانی جیهان، لە ساڵی ٢٠٥٠دا ژمارەی ئەوانەی بەر مەترسیی لاوفاو ئەکەون نزیکەی ٢٠٪ دانیشتوانی جیهان ئەبێت و زیاتر لە پێنج ملیار کەس لەو ناوچانەدا ئەژین کە گرفتی بێئاوییان ئەبێت، لە کاتێکدا زانیارییەکانی ساڵی ٢٠١٧ ئاماژە بۆ ٩٦ ملیۆن زیانلێکەوتووانی لافاو ئەکەن.
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، بەشێک لە مەزەندەی ناوەندە زانستییەکانی جیهان دەربارەی لافاو، لە هەرێمی کوردستان و ناوچەیەکی زۆر لە عێراقدا و ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بینران. لافاوەکان زیانێکی زۆریان بە ماڵ و ژیانی هاووڵاتییان و سیستمی سروشتی گەیاند، بە تایبەتیش لە ناوچەکانی ئیلام. ئەم لافاوانە کەلێنێکی گەورەیان لە بەڕێوەبردنی ئاو، بەنداو، هەروەها سیاسەتی گشتیی ئاو لە عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا دەرخست؛ ئەویش ئەوەیە کە ئیدارەی ئاو تەنها بۆ وشکەساڵی دانرابوو، بارانی زۆر و لاوفا و بە هەند وەرنەگیرابوون. لە کاتێکدا لە هەموو ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکانی جیهاندا، ئیدارەدانی لافاو وەک یەکێکە لە میکانیزمەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی ژینگە حیسابی بۆ کراوە.
لە نوێترین ڕاپۆرتدا لەژێر ناونیشانی (تەواوکاریی سەوز و خۆڵەمێشی)دا، بانکی نێودەوڵەتی و پەیمانگەی سەرچاوەکانی جیهان، باسی لەدایکبوونی نەوەیەکی نوێ لە ژێرخان دەکەن و ناوی لێ دەنێن (ژێرخانی سەوز)، چونکە ژێرخانی کلاسیکی (خۆڵەمێشی) وەک بەنداو، کەناڵی ئاو، سیستم و وێستگەی ڕێکخستن و چارەسەر، لە توانایاندا نەماوە ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی ژینگە ببنەوە. نەوەی نوێی ژێرخانی سەوز کە لە سروشت خۆیەوە دەبێت و دەکرێ پێشی بووترێت (Nature-based solutions) خۆی لە دووبارەسەوزکردنەوە، ئاوەدانکردنەوەی شوێنە شێدارەکان، گلدانەوەی ئاو، وزەی نوێبووەوە، بەکارهێناوەی ئاوی بەکارهاتوو..هتد دەبینێتەوە؛ بە کورتییەکەی، پشتبەستن بە سروشت لەپێناو پاراستنی سیستمی سروشتیدا.
ئەم تیۆرە نوێیە، لە لایەکی تریشەوە وەک ئیدارەدانێکی نەرم لەگەڵ سروشتدا تەماشا دەکرێت و دەبێتە سەرچاوەیەکی بەرهەهێنانی وزە بە بێ ئەوەی سیاسەتی پڕوکاندنی سەرچاوە سروشتییەکان بە کار بهێنرێت. بۆ نموونە لە ئوردن ئاوی بەکارهاتووی زیاتر لە ٣ ملیۆن مرۆڤ بە کار دەهێنرێتەوە و دەکرێتە سەرچاوەی وزە و کشتوکاڵ و ئاوی بەنداو، لە هەمان کاتیشدا کەمکردنەوەی مەترسیی پیسبوونی ژینگە.
ئەگەر هەر دوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە قۆناغی داهاتوودا، سیاسەتی بەڕێوبەردنی ئاو نەگۆڕن و پشت بە هەمان سیستمی کۆن ببەستن، لە ساڵانی داهاتوودا ڕووبەڕووی گەورەترین کێشە دەبنەوە، ئەویش مەترسیی دووبارەبوونەوەی بەردەوامی لافاوە، لە زستاندا، هەروەها دووبارەبوونەوەی وشکانی و تینوێتی لە هاویندا. دەسکاریکردنی ژێرخان و ئیدارەدانی ئاو لەژێر ڕۆشنایی پێشنیار و ڕاسپاردەکانی ناوەندە جیهانییەکانی وەک بانکی نێودەوڵەتی، پەیمانگەی سەرچاوەکانی جیهان، دەستەی حکومی-نێودەوڵەتی بۆ گۆڕانکاریی ژینگە، مەرجی سەرکەوتنی هەر حکومەتێکە، تەنانەت کلیلی بوونە بە بەشێک لە جیهان. هەڵبەتە هەموو شار و پارێزگایەکیش لە ئاستی خۆجێیی خۆیدا، بە بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی سانتراڵ، دەتوانێت کار بە ژێرخانی سەوز بکات. ئەمەش مۆدێلێکی سەرکەوتنی حکومەتی لۆکاڵی هەر دوو شاری ستۆکهۆڵم و کۆپنهاگن لە سوید و دانمارک.