بە پێچەوانەی بانکەکانی عێراقەوەن
ئاژانس – سەروەت عەلی
بە پێچەوانەی بانكەكانی عێراقەوە بانكەكانی حكومەتی هەرێم هیچ قەرزێك نادەن بە هاووڵاتییان و فەرمانبەران و متمانەی هاووڵاتییان و سەرمایەدارانیان لە دەست داوە، بە پێنەدانی قەرز و بردنی پارەی دانراوی هاووڵاتییان ئیشی بانكییان لە دەست داوە.
بانكەكانی حكومەتی هەرێم ناتوانن پاڵپشتیی دارایی هاووڵاتییان و فەرمانبەران لە كاری وەبەرهێناندا بكەن، لە كاتێكدا كاری بانكەكان پێدانی قەرزی كشتوكاڵی و بازرگانی و خانوبەرە و وەبەرهێنانە.
بە پێچەوانەوە هاووڵاتییەكی عێراقی دەتوانێت لە ڕێگەی بانكە حكومییەكانەوە قەرز وەربگرێت و لایەنی دارایی پڕۆژەكەی دابین بكات، بەڵام لە هەرێمی كوردستان جگە لەوەی بانكەكان خاڵین و هیچ هاوكارییەكیان نییە بۆ هاووڵاتییان، پارەی ئەو هاووڵاتییانەیش دەسكاری كراوە که لە بانكەكاندا دانراون.
شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە عێراقدا لە بانكی ״ڕافیدەین و ڕەشید״ پارە دەدرێت بە هاووڵاتییان و فەرمانبەران بە قەرز، ئەو دوو بانكەیش لە دوای ڕاپەڕینەوە لقیان لە كوردستان نەماوە، تا ئێستاش نەهێنراونەتەوە بۆ هەرێم״.
وتیشی: ״بانكەكانی هەرێم ئەو پارەی هاووڵاتییانەیشی لە لایان بووە بردوویانە، ئیشی بانك پێدانی پارەیە بە هاووڵاتییان تا وەبەرهێنان بكات بانكەكانی هەرێم تەنها پارەیان تێدایە بۆ مووچە و تەواو هیچی تر ناكەن، بانكەكانی هەرێم ئیشی بانكییان لە دەست داوە״.
بە وتەی شارەزایانی بانكی، كاری بانكی خۆی لە (وەرگرتنی پارە، بە گەڕخستنی پارە، پێدانی پارە و وەبەرهێنانی پارە) دەبینێتەوە، بەڵام بەهۆی كەمیی توانانی دارایی بانكەكان لە هەرێم و نەبوونی متمانەی هاووڵاتییان بۆ دانانی پارە لە بانكەكان نەیان توانیوە ئەو كارە بكەن.
عەبدولڕەحمان ساڵح، بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی سلێمانی بە ״ئاژانس״ی وت: ״توانای بانكەكانی بەغدا بەهێزترە لە بانكەكانی هەرێم نەك بانكەكان حكومەتی هەرێمیش توانای داراییەكەی وەكو حكومەتی بەغدا نییە، جیاوازیی توانای دارایی بانكەكانی هەرێم و بەغدا وای كردووە لە بەغدا بانكەكان قەرز بدەن بە هاووڵاتییان و فەرمانبەران بەڵام لە هەرێم ئەوە نییە״.
وتیشی: ״بانكەكانی بەغدا مەركەزی داراییان بە هێزە جوڵەی دارایی بانكەكان لە ماوەی ساڵێكدا دەری دەخات چەند داهاتی هەیە چەند پارە دێتە لای و چەند پارە خەرج دەكات، بەڵام سروشتی بانكەكانی كوردستان بەهۆی ڕووداوەكانی ڕابردووەوە وای كردووە كەمتر پارە لە بانك دادەنرێت، بانكیش لە لایەن سەرمایەداران و هاووڵاتییانەوە پارەی بۆ دێت توانای دارایی هاووڵاتییانیش سنووردارە״.
بەلەبەرچاوگرتنی توانای دارایی بانكەكانە وا دەكات حكومەت بڕیار بدات لە پێش قەیرانی دارایی قەرزی نیشتەجێبوون و هاوسەرگیری و كشتوكاڵی دەدرا، بەڵام ئێستا لەو ئاستەدا نییە حكومەت بڕیاری دەستپێكردنەوەی پێدانی قەرز بدات.
نەبوونی متمانەی هاووڵاتییان بە بانكەكان لە هەرێم بابەتێكی درێژە گرفت هەبووە سیولە نەبووە توانا نەبووە مامەڵەی بانكی لە ئاستێكی پێشكەوتوودا نییە، لە ئێستا حكومەت ڕێككەوتنی لەگەڵ چەند لایەنێكی ڕاوێژكاریی هەیە كە پەرە بە كاروباری بانكەكان و ڕیفۆرمیان تێدا بكرێت هەركات ئەوە كرا ئەوكاتە ئەوانیش دەتوانن بە ئەركی خۆیان هەستن.
بەپێی ئامارێك كە دەست ״ئاژانس״ كەوتووە لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی 200 بانكی حكومی و ئەهلیی ناوخۆیی بوونی هەیە، كە 15 بانكیان بیانین، 40 بۆ 50 هەزار سەردانكەر بۆ یەك بانك هەیە، ئەمەیش پێچەوانەی ستانداردە جیهانییەكانە كە هەر 10 هەزار سەردانكەر بۆ یەك بانكە.
شێركۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״حكومەت كەمتەرخەمە بەرامبەر بە هاووڵاتییان تاوەكو مافی كۆمپانیا نەوتییەكان مابێت مافی هاووڵاتییان دابین ناكات، جگە لەوەش بانكە حكومییەكانی هەرێم نەك پارەی بە هاووڵاتییان نەداوە لە كاتی قەیرانی داراییدا پارەی بەڵێندەران و هاووڵاتییان لە لایەن حكومەتەوە دەرهێنراوە״.
وتیشی: ״بەهۆی دەرهێنانی پارەی بەڵێندەران و هاووڵاتییانەوە كاری وەبەرهێنان ئاستەنگی بۆ درووست بووە زیاتر لە سێ هەزار بەڵێندەر پارەیان براوە و بەشێكیان مایەپووچ بوون بەو هۆیەوە، بۆیە چارەسەر بۆ ئەو گرفتە گەڕانەوەی متمانەیە لە نێوان بانكەكان و هاووڵاتییان، سەروهریی یاسا جێبەجێ بكرێت لە سیستمی بانكیدا خزمەتگوزاریی بانكی زیاتر بكرێت، لەبەر ئەوەی سیستمی بانكی كۆڵەكەی سیستمی ئابوورییە״.