ڕێككەوتن لەگەڵ بەڕێوەبەرەكاندا كراوە
ئاژانس- ڕەهێڵ تەها
لەگەڵ ناڕەزایەتییەكانی مامۆستایان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بایكۆتكردنی دەوام، ئەو دیاردەیە بەشێك لە مامۆستایانی سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆكیشی گرتووهتەوە و ئەوان بایكۆتەكە بە نهێنی ناو دەبەن، بە دووریشی دەزانن پڕۆگرامی خوێندن تەواو بكەن وەكو ساڵێكی ئاسایی.
سەباح شوكر مامۆستا لە خوێندنگایەكی شاری هەولێر بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئەوەی هەیە لە دەوامنەكردنی مامۆستایان لە سنووری هەولێر دەچێتە چوارچێوەی بایكۆتكردنهوه، بەڵام بە شێوەی ئاشكرا نییە، چونكە جگە لە ڕۆژانی شەممە مامۆستایان بە گوێرەی وانەكانیان دەوام دەكەن، هەروەها بەشی وانەوتنەوەشیان زۆر كەم كراوەتەوە״.
وتیشی: ״ئەوەی ئێستا لە ناوەندەكانی خوێندنی سنووری هەولێر هەیە، كاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر تەواوكردنی مەنهەجی خوێندن، بە جۆرێك ئەگەر بارودۆخەكە بەم جۆرە بێت زۆر زەحمەتە ئەمساڵ مەنهەج تەواو بكرێت״.
لە دوای درووستبوونی قەیرانی دارایی و جێبەجێكردنی سیستمی پاشەكەوتی مووچە و دواكەوتنی مووچە، ناڕەزایەتیی فەرمانبەران و دەوامنەكرن و خۆپێشاندنی لێ كەوتەوە، بەتایبەت ئەمە لەنێو مامۆستایاندا ڕەنگدانەوەی زیاتری هەبوو.
فاخیر مەحەمەد مامۆستا لە خوێندنگایەكی تری هەولێر تایبەت بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״سەبارەت بە دەوامی خوێندن لە سنووری پارێزگای هەولێر زۆر كەم كراوەتەوە، مامۆستا هەیەلە هەفتەیەك دوو ڕۆژ دەوام دەكات، زۆرترین دەوامكردن سێ ڕۆژە لە هەفتەیەكدا، ئەمەش جۆرە سیاسەتێكە بۆ ئەوی ڕێگری لە بایكۆتی مامۆستایان بە شێوەی ئاشكرا بكەن״.
وتیشی: ״ئەو جۆرە دەوامكردنی مامۆستایان لە سنووری هەولێر جۆرێكە لە دەوامنەكردن، ئەویش بە ڕێكکەوتن كراوە لە نێوان مامۆستایان و بەڕێوەبەرەكان و بە ئاگەداریی پەروەردە، بەڵام ئەوەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەرین و گەرمیان دەكرێت بە شێوەیەكی ئاشكرایە״.
بایكۆتكردنی مامۆستایان بۆ هۆڵەكانی خوێندن سنووری پارێزگای دهۆكیشی گرتووەتەوە و بەشێك لەو مامۆستایانە پێشنیاریان كردووە، سوود لە پشووەكانی مانگی سێی ئەمساڵ وەربگیرێت، بۆ تەواوكردنی پڕۆسەی خوێندن، لە قەزای سۆرانیش بایكۆتەكە بە ئاشكرایی ئەنجام درا.
سگڤان محەمەد مامۆستا لە ناحیەی دێرەلوكی سەر بە قەزای ئامێدی دهۆك بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، بەڵێ لە سنووری پارێزگای دهۆكیش هاوشێوەی پارێزگاكانی تری هەرێم مامۆستایان لەو ڕەوشە ئابوورییە ناڕازیین و بۆ چەندین جاریش بایكۆتی دەوامی خوێندنیان كردووە، بە تایبەتی لە هەردوو ناحیەی شیلادزێ و دێرلۆك״.
وتیشی: ״ئەو بایكۆتەی مامۆستایان كاریگەریی لەسەر پڕۆسەی خوێندن كردووە، بە جۆرێك زۆر زەحمەتە مەنهەجی خوێندنی ئەمساڵ بەتایبەتی قۆناغی دوازدەی ئامادەیی تەواو بكرێن، بۆیە پێشنیار كراوە بۆ تەواوكردنی مەنهەجی ئەو قۆناغە سوود لە پشووەكانی مانگی ئازار وەربگرین.״
یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، حكومەتی هەرێم بە كەمتەرخەم و بێباك لە ئاست چارەسەركردنی كێشەكانی مامۆستایان دەزانن، پێشیان وایە لای حكومەت گرنگ نییە، بە هۆی پەكکەوتنی خوێندنهوه زیان بە كۆمەڵگا بگات.
د. نادر نانەكەلی ئەندامی سكرتاریەتیی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״سەبارەت بە بایكۆتی مامۆستایان لە سنووری پارێزگای هەولێر تاكو ئێستا بە شێوەیەكی ئاشكرا نەمانزانیوە بایكۆت هەبێت، هەر هەشبێت ئەوا بە ئاشكرا نەبووە، بەڵام ئەوەی زیاتر بایكۆتی لێ كراوە لە سنووری پارێزگای سلێمانییە، بە جۆرێك جگە لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی پڕۆسەكە پەكی كەوتووە״.
وتیشی: ״ئێمە وەك یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان هەموو هەوڵێكی خۆمان داوە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی حكومەت و لایەنە سیاسییەكان چارەسەرێك بۆ ئەو بارودۆخەی مامۆستایان بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان، بۆ ئەوەی پڕۆسەی خوێندن پەكی نەكەوێت، چونكە ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات ئەمساڵی خوێندن لە مەترسیدایە، ئێمە لە مەكتەبی تەنفیزی یەكێتیی مامۆستایان، بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ بایكۆتی مامۆستایاندا نیین״.